Find anything you need on Yalla

کۆمەڵە گەنجێکی کورد لەرێگەی گرووپێکی فەیسبووکەوە هاوکاری پێشکەش بە هەموو کوردستان دەکەن

0

سەختی ژیان، زۆری کێشە و گیروگرفتەکان، کەمدەرامەتی، تەواوکردنی زانکۆ و دانیشتن لە کونجی ماڵەوە، بێکاری، قەیرانی دارایی و کۆمەڵێک کێشە و گرفتی دیکە بوونەتە هۆکارێک بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە کوردستان توشی گرفتی دەروونی ببنەوە. خەڵکانێکی زۆر لەم هەرێمە بەهۆی ئەوەی کە ناتوانن سەرەتاییترین پێداویستییەکانی خۆیان یاخود بنەماڵەکانیان دابین بکەن، هەندێکیش لەوان بەتایبەتی چینی گەنجی ئەم وڵاتە کە بەدەست بێکارییەوە دەناڵێنن توشی نەخۆشی دەروونی هاتوون و لەگەڵ تەشەنەسەندنی ئەم نەخۆشییە توشی خەمۆکی بوونە، هەندێک جاریش گەیشتوەتە ئەوەیکە پەنا ببەنە بەر خۆکوشتن

بەر بڵاوبوونی نەخۆشی دەرونی گرفتێکی گەورەیە، بەڵام گرفتی لەوە گەورەتر ئەوەیە کە توشبوون بەم نەخۆشییە وەک عەیبە لەناو کۆمەڵگای ئێمە تەماشا دەکرێت، هەندێک جار بنەماڵەکان لەبەر تانە و تەشەری دەر و دراوسێ ئەمە دەشارنەوە تا ئەو کاتەی بە تەواوی نەخۆشییەکە تەشەنە دەستێنێت و دەرەنجامی خراپی لێدەکەوێتەوە، لە کاتێکدا ئەمەش نەخۆشییەکە وەک هەموو ئەو نەخۆشیانەی دیکە کە توشی مرۆڤ دەبن و هیچ شەرمێکی تێدا نییە

لەپێناو چارەسەرکردنی ئەم گرفتە کۆمەڵە گەنجێک هەستاون بە دروستکردنی گرووپێک لە فەیسبووک بەناوی(Erbil Mental health awareness & suicide support). ئامانج لە دروستکردنی ئەم گرووپە هاوکاری کردنی هەموو کوردێکە لە هەر جێگایەک بێت لە رووی دەروونییەوە بە مەبەستی کەمکردنەوەی توشبوون بە نەخۆشی خەمۆکی و دیاردەی خۆ کوشتن

ئەدمینی ئەم گرووپە بۆخۆی یەکێک لە قوربانیانی نەخۆشی دەروونیە و بۆ ماوەی چەند ساڵێک بەدەست ئەم نەخۆشییەوە گرفتاربووە، دوای چەندین ساڵ قوربانیدان توانیویەتی بەسەریدا زاڵبێت. ئەو لە چاوپێکەوتنیدا بۆ یەڵڵا گوتی “هۆکاری سەرەکی دامەزراندی ئەم گرووپە نەبوونی شوێنێکە کە گەنجان یان تاکی ئەو وڵاتە بتوانن ئازادانە قسەی دڵی خۆیانی تێدا بکەن بەبێ ئەوەی حوکمیان لەسەر بدرێت یاخود سوکایەتیان پێ بکرێت. ئەم گروپەم دامەزراند چونکە خۆم یەکێک بووم لەو کەسانەی کێشەی دەروونیم هەبووە، هیچ پێشم شەرم نییە و لە لای زۆر خەڵکیش باسی دەکەم، بەڵام زۆر کەس ئەو توانایەی نییە. ئەمە گوناهی ئەو کەسانەی تێدا نییە کە نەخۆشن، بەڵکو تاوانی کۆمەڵگایە کە قبوڵی ئەو نەخۆشیە ناکات و باسکردنی ئەم جۆرە نەخۆشییە بە عەیبە دەزانێت .”

پشتگوێ خستنی ئەم جۆرە نەخۆشییە دەرەنجامی زۆر خراپی لێدەکەوێتەوە، بە جۆرێک کە قوربانییەکە ئەگەری هەیە پەنا بباتە بەر خۆکوشتن. لە درێژەی قسەکانیدا بۆ یەڵڵا ئەدمینی گرووپی (Erbil Mental health awareness & suicide support) گوتی” لە کۆمەڵگای کوردیدا دیاردەی خۆکوشتن وەک (تابوو) سەیر دەکرێت و هەوڵ نادرێت یارمەتی قوربانیانی ئەم بیرکردنەوە بدرێت، بە پێچەوانەوە پێیان دەوترێت ترسنۆک یاخود بێ دین ئەوەش گەورەترین هەڵەیە چونکە هیچ کەسێک حەز بەوە ناکات وابێت و ئەوەی وای لێدەکات کە بەم شێوەیە بیر بکاتەوە کێشەی باڵانسی ماددە کیمیایەکانە لە مێشکیدا کەواتە نەخۆشی دەروونی هیچ جیاوازییەکی  نییە لەگەڵ جەستەیی .”

ماوەی چەند رۆژێکە دەبێت کە ئەم گرووپە دروستکراوە و تا ئێستا تەنها ١٧ ئەندامی هەیە، ئەدمینی گرووپەکەش بەهۆی ئەوەی لە رابردوودا بەو حاڵتە تێپەڕیوە ئەزموونێکی باشی لەم بوارەدا هەیە و دەتوانێت بە هاوکاری کەسانی پسپۆر و شارەزا هاوکاری ئەو کەسانە بکات کە بەدەست ئەم نەخۆشیەوە دەناڵێنن .

مەرج نییە کە پەیوەندیت بەم گرووپەوە کرد ناوی خۆت بڵاو بکەیتەوە یاخود خۆت بناسێنیت، بەڵکو دەتوانیت بێ ئەوەی هیچ کەسێک بزانێت کێیت و لە کوێیت لەرێگەی ئەکاونتێکی فەیسبووکەوە کێشە و گرفتەکانی خۆت چارەسەر بکەیت چوونکە تەنها ئامانج لە دروستکردنی ئەم پەیجە هاوکاریکردنی ئەو کەسانەیە بەبێ جیاوازی ئاین و رەگەز و مەبەست لەمە خزمەتکردنە خۆبەخشانە بە هەر تاکێکی کورد لە هەر جێگایەک بێت لەم جیهانە .

جگە لەو کەسانەی کە نەخۆشی دەروونیان هەیە، هەموو ئەو کەسانەش کە دەزانن توانا و شارەزایی باشیان هەیە لە هاوکاری کردنی ئەو کەسانەی بەدەست ئەم جۆرە نەخۆشییەوە دەناڵێنن ئەوە دەتوانن لەرێگەی پەیوەندی کردن بەم گرووپەوە دڵسۆزانە هاوکاری ئەم نەخۆشانە بکەن و ئەم کارە وەک کارێکی خۆبەخشانە ئەنجام بدەن. بۆ پەیوەندی کردن بەم گرووپەوە سەردانی ئەم لینکەی خوارەوە بکە .

 https://www.facebook.com/groups/783071528544665/

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!