Find anything you need on Yalla

بەردەوامی ناکۆکییەکان لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق

0

AFP

تا ئێستاش پەرلەمانی عێراق بەسەر دوو بەرەی جیاوازدا دابەش بووە کە هەندێکیان پشتیوانی لابردنی سەرۆکی پەرلەمان دەکەن و هەندێکیتریان بە  “نادەستوری” ناوی دەبەن، ئەمەش بە هەڕەشەیەک دادەنرێت بۆ پەرەسەندنی قەیرانەکان لە عێراقدا لە کاتێکدا حەیدەر عەبادی  سەرۆک وەزیرانی عێراق لە هەوڵی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی و دامەزراندنی حکومەتێکی تەکنۆکراتدایە.

ئەم قەیرانەش لە پاش دوایین دانیشتنی پەرلەمانی ڕۆژی سێشەمەدا دێت کە داواکرا دەنگ لەسەر کارنامەیەک بدرێت کە لە ١٤ پاڵێوراو پێکهاتبوو و لە لایەن عەبادییەوە پێشکەش کرابوو ئەمەش دوای ئەوەی لەگەڵ سەرۆکی کوتلەکاندا ڕیککەوتنی لەسەرکرابوو.

ڕۆژی شەمە، نوێنەرانی عێراق هەوڵیاندا دانیشتنێکی پەرلەمانی سازبکەن بە مەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بەڵام لە پاش کشانەوەی کوتلەی بەدر نەیانتوانی نیسابی قانونی تەواو بکەن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکە نوێیەکەیان.

قاسم ئەعرەجی، سەرۆکی ئەو کوتلەیەش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند کە کوتلەکەیان بەشداری لەو دانیشتنەدا ناکات چونکە دەبێتە هۆی دابەشبوونی پەرلەمان  و ئەمەش وادەکات ببێتە هۆی  دامەزراندنی دوو حکومەتی جیاواز.

ئەعرەجی گوتیشی “پیموایە چاکسازی بە یەکگرتووی دەستپێدەکات نەک لێکترازان و دابەشبوونی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەمە وێرانکردنی وڵاتە”.

کازم شەمری، ئەندامی فراکسیۆنی نیشتیمانی لە لێدوانێکدا بۆ فرانس پرێس سەبارەت بە کشانەوەی کوتلەی بەدر گوتی “داوا لە برایانمان لە کوتلەت بەدر دەکەین کە ئامادەی دانیشتنەکە ببن کە بە شێوەیەکی یاسایی بەڕیوەدەچێت و هاوکاربن لەگەڵ برایانیاندا بۆ نوسینەوەی عێراقێکی نوێ لە مێژوودا”.

جبوری دووپاتی کردەوە کە دانیشتنی رۆژی پێنجشەمەی پەرلەمان یاسایی نەبوو چونکە نیسابی یاسایی کە (١٦٥ نوێنەرە) تەواو نەبووە. هەروەها جبووری داوای لە سەرجەم کوتلە سیاسییەکان کرد کە بەردەوامبن لە گفتوگۆ بۆ بەرەوپێشچونی پرۆسەی سیاسی و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو و ڕزگارکردنی وڵات لەو قەیرانە سیاسییە.

ڕۆژی هەینی نەتەوە یەکگرتووەکان داوایان لە بەرپرسانی عێراق کرد کە کۆتایی بەم قەیرانە سیاسییە بهێنن کە کۆسپ دەخاتە بەردەم دامەزراندنی حکومەتێکی تەکنۆکرات و دووپاتیشی کردەوە کە بەردەوامی ئەم قەیرانە هەڕەشەیە بۆ لاوازبوونی بەغداد لە جەنگی دژی داعشدا.

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!