Find anything you need on Yalla

داعش ئەو چەکە کیمیاوییە بەکاردەهێنێت کە لە جەنگی جیهانی یەکەمدا بەکارهێنراوە

0

محمد ڕەحیم- یەڵا/ بەغدا

ناحییەی تازە سەر بە پارێزگای کەرکووک رووبەڕووی هێڕشی چەکی کیمیاوی بووەتەوە و ئەمەش بە  پێشهاتێکی مەترسیدار دادەنرێت  لە جەنگی داعشدا بەڵام هێزەکانی هاوپەیمانان توانییان بەسەر بارودۆخەکەدا زاڵ بن لە ریێ ئۆپەراسۆنێکی پیشکەوتوو بۆ دەستگیرکردنی ئەبو داود بەرپرسی چەکە کیمیاوییەکانی رێکخراوی تیرۆرستی داعش کە زانیاری وردی دابوو لەسەر شوێن و کۆگای ئەو چەک و ماددانە کە دواتر بۆردومان کران و پاشان رادەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا.

نائیب ئەرشەد ساڵحی سەرۆکی لیژنەی مافەکانی مرۆڤ بە یەڵڵای راگەیاند “ڕیکخراوی داعش ٤٠ موشەکی بەکارهێناوە کە هەڵگری گازی خەردەل و کلۆر بوون و بوونەتە هۆی برینداربوونی ٨٠٠ کەس، ئەو لێکۆڵینەوانەی لە ناوچەکەدا ئەنجامدراوە سەلماندویەتی کە ئەو گازەی کە لە شارەکەدا بەکارهاتووە  لە جۆری خەردەل (h.b) بووە و بووەتە هۆی کوشتنی منداڵێک  و پیسبوونی ژینگەی ناوچەکە، هەر بۆیە پێویستە بە زوترین کات ناوچەی بەشیر لەژێر دەستی داعش ڕزگاربکرێت”.

نیازی میعمار ئۆغلۆ، بڕیاردەریی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەکرد کە نیازی معمار ئۆغلو، بڕیاردەری ئەنجوومەنی نوێنەران، باسی لەو تاوانە گەورانە کرد کە تورکمان  رووبەروویان بووەتەوە لەسەر دەستی داعش لەگەڵ ئەوەشدا لە لایەنی سیاسییەوە پەراوێزخراون.  گوتیشی “داگیرکردنی ناوچەی بەشیر لە لایەن چەکدارانی داعشەوە وایکرد کە ناحیەی تازە دوچاریی بۆردومانی بەردەوام ببێتەوە و زیان بە دانیشتوانەکەی بگات، لە هەمان کاتدا بێهەڵوێستی وڵاتان و ناوچەکە بەرامبەر ئەو بۆردومانانە کە دەکرێتە سەر ناحێکە جێگای ڕەخنەن”.

نائیب حەسەن ڕونیشی کردەوە کە “بەکارهێنانی گازی خەردەل لەلایەن داعشەوە مەترسیدارەوە و دەبێ زۆر بە وریاییەوە کار لەسەر دۆسییەکە بکەین، پیویستە حکومەت وئەنجومەنی نوێنەران تیمێکی باوەڕپێکراو بنێرن بۆ بەبەڵگەکردنی تاوانەکەو زیانپیکەوتووان بە هاوکاری لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە بۆ ناساندنی دۆسێکە”.

 

 

هاوکات عەباس بەیاتی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران بە یەڵلا-ی گوت: “دەستگیرکردنی بەرپرسی دروستکردنی چەکە کیمیاوییەکانی رێکخراوی داعش خۆی ئۆپەراسیۆنێکی پێشکەوتووە لە لایەن هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی و ئێمە داوا دەکەین رادەستی بەرپرسانی حکوومەتی ناوەندی بکرێت لە بەغدا بۆ لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا و زانینی ئەوەی لە تازە روودەدات و چۆنێتی روودانی ئەم تاوانە و ئومێدەوارین لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەم پرسە بە جددی وەربگرن لەبەر ئەوەی ئەم کەسە بە دڵنیاییەوە زانیاری وردی لە لایە و سوودی دەبێت بۆ وەرگرتنی رێوشوێن لە داهاتوودا و رەنگە هەندێک شت هەبێت بزانین کە پلانی دواتر و داهاتووی داعش چییە لەو رووەوە.”

گوتیشی “ئەو چەکەی بەدەست داعشەوەیە چەکی کیمیایی زۆر قورس نییە  و زیانەکانیشی سنوردارە، بەڵام چونکە ناوچەی تازە  شوێنێکی بچوکە کراوەتە ئامانج”.

جەنەراڵ ستیڤ وارن وتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانان بە یەڵڵای ڕاگەیاند “ئەو هێرشانەی کە کرایە سەر تازە بە چەکی کیمیاوی بە هێرشێکی زۆر کارەساتبار  دادەنرێن و داعش دووپاتی کردەوە کە هەر جۆرە چەکێک بەکاردەهێنێت کە زیان بە خەڵکی عێراق بگەیەنێت وکارەساتیان بۆ بخوڵقێنێت، ئەمانەش هەمووی دژی یاساکانی جەنگ و ڕێککەوتننامەی جنێفە”.

گوتیشی ” داعش دوژمنێکی دڕندە و مەترسیدارە کە دەبێت لەناوببرێت، ئێمەش زۆر بەداخین بۆ ئەو کەسانەی کە ئازاریان پێکەوتوە بەهۆی ئەو هێرشەوە کە کرایە سەریان و ئەمەش وامان لێدەکات هەمیشە بیربکەینەوە کە ئێمە بۆچی لێرەین”.

جەختیشی کردەوە “ئێمە دەزانین کە داعش هەوڵدەدات چەکی کیمیاوی کوشندە بەدەستبهێنێت بەڵام پێمان وانییە کە توانیبێتیان ئەو چەکە بەدەست بهێنن. ئەو چەکە کیمیاوییەی ئێستاش بەکاریدەهێنن تەنها ماددەی کلۆرینە کە ماددیەکی کمیاوی دەستکردە و دەتواندرێت لە هەموو شوێنێک دەستبکەوێت، هەروەها زانیویشمانە کە خەردەلییان بەکارهێناوە کە دەبێتە هۆی سوتاندنی پێست  کە زۆر بەئازارە بەڵام مەترسی مردنی زۆر کەمە، لە جەنگی جیهانی یەکەمیشدا ئەم جۆرە چەکە زۆر مەترسیدابوو کە بەکاردەهێندرا بەڵام تەنها %٥ی برینداربووان گیانیان لەدەستدا لەو کاتەدا”.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە “توانیویانە ئەمیرێکی داعش کە بەرپرسی چەکی کیمیاوییە بە ناوی “ئەبوو داود” دەزگیربکەین و توانیمان چەن هەوڵێکی هەواڵگری گرنگمان بەدەستبگات سەبارەت بە داعش و چەکە کیمیاییەکانیا و لەو ڕێیەوە توانیمان داعش و چەکەکانیان بە ئامانج بگرین”، جەختیشی کردەوە کە ئەبوو داود ئێستا لە دەستی عێراقییەکاندایە و گوتی “ئێمە هەفتەی ڕابردوو ئەومان ڕادەستی حکومەتی کوردستانکرد”.

سەبارەت بە ترسی کورد لە دووبارە بوونەوەی کارەساتێکی دیکەی هاوشێوەی هەڵەبجە وارن گوتی “ئێمە لەگەڵ کوردەکاندا هاوڕاین کە دەبێت چەکی کیمیاوی بوەستێندرێت چونکە ئەو چەکە زۆر مەترسیدارە و کوردەکان پێشتر ئەو کارەساتەیان بینیوە، هەربۆیە هەستاین بە ڕفاندنی ئەبوداود هەتا بتوانین لێکۆڵینەوەی لەگەڵدابکەین و سەبارەت بە بەرنامە کیمیایی و چەکەکانیان بزانین. ئەنجامی ئەو زانیارییە هەواڵگیرییانەی بەدەستمانگەیشت لە ئەبوو داودەوە توانیمان چەندین پیگە و کۆگای بەرهەمهێنای ئەو چەکە بۆردومان بکەین و تواناکانی داعش سنورداربکەین لەسەر دروسکردنی چەکی کیمیاوی”.

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!