Find anything you need on Yalla

سەدر ئاستەنگ دەخاتە بەر هاوسەنگیی پرۆسەی سیاسیی

0

بە ئامادەبوونی سەرۆکی رەوتی سەدر؛ موقتەدا سەدر و سەدان هەزار لە شوێنکەوتووانی، لە گۆڕەپانی تەحریری ناوەندی بەغدا خۆپیشاندانێک بەڕێوەچوو، ئەو خۆپیشاندانەش نیگەرانی کوتلە سیاسییەکان و سەرۆکی حکومەت حەیدەر عەبادی بەدوای خۆیدا هێنا پاش ئەو هەڕەشانەی کە سەرۆکی ئەو کوتلەیە ئاڕاستەی حکومەتی کرد سەبارەت بە چونە نێو ناوچەی سەوز و دیاریکردنی ماوەی تەنها ٤٥ رۆژ بۆ جێبەجێکردنی ئەو پێشنیارانەی کە ئاڕاستەی کردوە و لە نێویشیاندا دامەزراندنی حکومەتێکی تەکنۆکرات و وەدەرنان و لێپێچینەوەی گەندەڵکارانە لە دام و دەزگاکانی حکومەت.

عەبادی وتی: “ئەمڕۆ گۆڕەپانی ئازادی لێوان لێوە لە دروشم و پێم وانییە هیچ کوتلەیەکی سیاسی خۆی بە بەرپرس بزانێت لە گەندەڵییەکاندا و هەمووان خۆیان لێ بێبەری کردووە.”

زیا ئەلئەسەدی سەرۆکی دەستەی سیاسیی رەوتی سەدر سەبارەت بە چوونە ناو ناوچەی سەوز کە بارەگای حکومی و وەزارەتەکان و باڵوێزی وڵاتانی تێدایە، بە یەڵڵای راگەیاند: “گوتەکەی سەدر سەبارەت بە گواستنەوەی خۆپیشاندانەکان بۆ ناوچەی سەوز بۆ ئەوەیە کە خۆپیشاندەران کاریگەریی زیاتر دروست بکەن لەسەر سەرۆکایەتی حکومەت و پەرلەمان و بڕیاردەرانی سیاسیی لە وڵاتدا تا زیاتر هەست بە دۆخی هاوڵاتییان بکەن و هەوڵی جددیتر بدەن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و دۆزینەوەی رێگەچارەی دروست، و گردبوونەوەی داهاتوو پشت دەبەستێت بە بڕیاریی سەدر، جا ئەگەر بەرژەوەندی گشتی بە پێویستی زانی ئەوا لە بەغدا خۆپیشاندانەکە بەڕێوە دەچێت ئەگەر نا ئەوا هەر کەسێک لە پارێزگای خۆی خۆپیشاندانەکە ئەنجام دەدات.”

هەروەها وتیشی: “دەستپێشخەرییەکە پاڵپشتی عەبادی دەکات و سوودی لێ دەبینێت لە بەجێگەیاندنی چاکسازییەکانیدا لە ئێستادا.” ئاماژەشی بەوەکرد کە “وەزیرەکانی رەوتی سەدر نامەی دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکەشی حکومەت کردووە و ئامادەیی خۆیان دەربڕیووە بۆ کشانەوەیان لە حکومەت لە هەرکاتێکدا کە عەبادی داوای بکات، و داوا لە بڕیار بەدەستەکانیش دەکەن کە بڕیارێکی بە پەلە بدەن بۆ گۆڕانکاریی لە کابینەی حکومەتدا.”

ئاماژەی بەوەش کرد کە “رەوتی سەدر دامەزراندنی حکومەتێکی تەکنۆکرات بە پێویست دەزانێت تەنانەت ئەگەر نوێنەرایەتی ئەمانیش نەکات.”

لە لای خۆشییەوە ئەندامی هاوپەیمانی دەوڵەتی قانون، سەعد ئەلمەتلەبیی، بە یەڵڵای راگەیاند کە “سەدر کاتێکی زەمەنیی دیاریی نەکردووە بۆ چوونە ناو ناوچەی سەوزەوە و ئاڕاستەکردنی لەم شێوەیەش کارێکی دروست نییە بە تایبەتی کە ئەوانیش بەشێکن لە پرۆسەی سیاسیی”، وتیشی: “پێم وانییە سەدر پاڵپشتیی وێرانکردنی عێراق بکات و خۆپیشاندانەکانی رەوتی سەدر هەوڵێکە بۆ پشتیوانیی ئەو پرۆژە چاکسازییەی لەم دواییانەدا عەبادی رایگەیاندووە و بەتایبەتیش لە ئێستادا کە سەدر بێبەری بووە لە هەموو وەزارەتەکانی و عەبادی سەرپشک کردووە لە جوڵە و کردارەکانیدا.”

لە هەمان کاتدا، واسق هاشمیی سەرۆکی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی ستراتیجی عێراقی بۆ یەڵڵا دوا و وتی: “لەمڕۆدا هەمووان لەگەڵ شەپۆلی چاکسازییدا دەڕۆن بەڵام نابێت ئەو کەسانەی کە تەمسیلی حکومەت دەکەن قسەی لەو شێوەیە بکەن”، وتیشی: “ئەو کوتلە سیاسییانەی باسی چاکسازیی دەکەن ئەوانەن کە وەزارەتیان هەیە لە حکومەتەکەی عەبادییدا.”

هاشمیی سەرسوڕمانی خۆی دەربڕی لەو گوتەیەی سەدر سەبارەت بە هەنگاونان بۆ ناوچەی سەوز و وتی: “چەند بەرپرس لە ئەندامانی رەوتی سەدر لە ناوچەی سەوزدا نیشتەجێن؟”، هەروەها وتیشی: “هاوڵاتیان چاکسازیی لە ئۆپۆزسیۆن وەردەگرن نەک لەو کەسانەی کە کە خۆیان لە نێو حکومەتدان.”

جەختیشی کردەوە کە “پێم وانییە کە خۆپیشاندانەکان تەنها لە بەغدا بەرتەسک بکرێتەوە و پێشبینی فراوانبوونی بۆ ناوچەکانی دیکەش دەکەم و ئەوەی گرنگیشە ئەوەیە کە رەوتی سەدر داوا لە وەزیرەکانی بکات بە تەواوی دەست لە کار بکێشنەوە.”

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!