Find anything you need on Yalla

فشارەکان بۆ گرتنەوەى قەزاى حەویجە روو لە هەڵکشانە

0

شاڵاو محەمەد – یەڵڵا/ کەرکوک 
نزیکەی دوو مانگە سەرکردە و سەرۆک هۆزەکان سەردانیکردنیان بۆ پارێزگای کەرکوک بەمەبەستی ئازادکردنی حەویجە چڕ کردووەتەوە و داوا لە پارێزگار دەکەن وەک سەرۆکى لیژنەى ئەمنى کەرکوک دەستپێشخەری بکات بۆ دانانى پلانى رزگارکردنی قەزای‌ حەویجە لە چنگى چەکدارەکانى داعش.
د.ئەحمەد مساری سەرۆکی هاوپەیمانی هێزە عێڕاقییەکان لە ١٢ی کانونی دووەمى ئەمساڵدا سەردانی پارێزگاری کەرکوکی کرد و پێشنیارى کرد بەهەماهەنگى هێزى پێشمەرگە و چەکدارى هۆزەکان و بە هاوکارى حکومەتى عێراقى پلانى گرتنەوەى حەویجە دەست پێبکەن، پاش ئەوە‌ش شێخ ئەنوەر عاسی سەرۆکی هۆزەکانی عوبەید لە عێراق، بەروارى ١٩ی کانونی دووەم لەگەڵ نەجمەدین کەریم پارێزگاری کۆبووەوە، و ئامادەیى نیشاندا بۆ دروستکردنى هێزێکى خۆبەخش بۆ ئازادکردنى قەزاى حەویجە.
شێخ ئەنوەر عاسی سەرۆکی هۆزەکانی عوبەید لە عێراق بۆ یەڵڵا دوا و ووتی، “داعش کەوتووەتە جەستەى خەڵکی‌ حەویجە و تاوانى جۆراو جۆریان بەرامبەر ئەنجام دەدات و دەستدرێژى دەکاتە سەر ماڵ و سەروەتى هاونیشتیمانیان، لەبەرئەوە خەڵکى حەویجە توڕەیە و لەکاتى هێرشکردنە سەر ئەو قەزایە دانیشتوانەکەى هاوکاردەبن بۆ رووبەڕوبونەوەى چەکدارانى داعش.”
دوابەدواى هاتنەکەى سەرۆکى هۆزەکانى عوبەید لە عێراق، لە نێوان بەروارى (٩-١٠) شوباتى ئەمساڵدا بە جیا هەر یەک لە سەلیم جبورى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق و ساڵح موتڵەگ سەرۆکى لیستى (العربیە) لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، پشتگری خۆیان و هەوڵەکاینان بۆ ئازادکردنى حەویجە نیشانى ئیدارەى کەرکوکیاندا.
لەو بارەیەوە، ساڵح موتڵەگ سەرۆکى لیستى (العربیە) لە پەرلەمانى عێراق لە لێدوانێکدا بۆ یەڵڵا ووتى، “پشتگیری خۆمان بۆ ئیدارەى کەرکوک و هێزە ئەمنیەکانى پارێزگاکە دەربڕى لە ئەگەرى هەر هەنگاوێک بۆ ئازادکردنى حەویجە، چونکە دواکەوتنى ئازادکردنى حەویجە دەبێتە هۆى بەرزبونەوەى تاوانەکانی داعش بەرامبەر خەڵکى ئەو قەزایە.”
لەسەر هەمان پرس، نەجمەدین کەریم، پارێزگارى کەرکوک پێنج شەممەى رابردوو، ١٨ی شوبات بەمەبەستى پلانى ئازادکردنەوەى قەزاى حەویجە و فشارى بەردەوامى سەرکردە و هۆزەکانى عێراق سەردانى بەغداى کرد، لەگەڵ هەریەک لە حەیدەر عەبادى سەرۆک وەزیرانى عێراق و فڕانک پیتەر باڵیۆزی بەریتانیا و ستیوارت جۆنز باڵوێزی ئەمریکا و ئەکهارد برۆزە باڵوێزی ئەڵمانیا لە عێراق کۆبووەوە.
د.نەجمەدین کەریم بە یەڵڵای راگەیاند، “لە سەردانەکەماندا پێشنیارى ئەوەمان کرد کە هەماهەنگی بکرێت لەنێوان هێزی پێشمەرگە و چەکدارانی هۆزەکان بەتایبەت‌ ئەو دوو فەوجەی پۆلیس کە بۆ ئازادکردنەوەی ئەو ناوچانە لەژێر دەسەڵاتی داعش ئامادەکراوە بە تایبەت قەزای حەویجە.”
پارێزگارى کەرکوک لە لێدوانەکەیدا بۆ یەڵڵا ئاشکراى کرد لە کۆبونەوەکەى لەگەڵ باڵوێزانى بەریتانیا و ئەمریکا و ئەڵمانیا داواى لێکردوون کە بۆردومانی فرۆکە جەنگیەکانی هاوپەیمانان بۆ ناوچەکانی باشور و رۆژئاوای کەرکوک بەردەوامی هەبێت، تاکو هاوکاربێت بۆ پێشڕەوى هێزە ئەمنیەکان و ئازادکردنى قەزای حەویجە.
قەزای‌ حەویجە بەدوری‌ ٥٥کم دەکەوێتە رۆژئاوای‌ کەرکوک، لەماوەی‌ ساڵ ‌و نیوی‌ رابردوودا بەردەوام لەلایەن داعشەوە لەسنوری‌ ئەو قەزایەوە هێرش کراوەتە سەر هێزە ئەمنیەکان، بەڵام لەلایەن هێزەکانی‌ پێشمەرگەوە بەرپەرچیان دراوەتەوە.

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!