Find anything you need on Yalla

لە بەغداد هیزەکانی حەشدی شەعبی بڵاوە پێدەکرێن بۆ پاراستنی گیانی سیاسییەکان

0

سەلام زێدان- یەڵڵا/ بەغداد

چەند گروپێکی تایبەت سەر بە حەشدی شەعبی لە نێو بەغدادی پایتەختی عێراق بە مەبەستی پاراستنی سیاسییەکان و بارەگا حکومی و دبلۆماسییەکانی ناوچەی سەوز  بڵاوەپێدەکرێت.

ئەمەش دوای ئەوە دێت لە ماوەکانی رابردوودا لەپێش چاوی هیزە ئەمنیەکان و بێ ئەوەی رێگرییان لێبکرێت  سەدان کەس لە خۆپیشندەران هەڵیانکوتایە سەر ناوچەی سەوز و پەرلەمان و لە گۆڕەپانی بۆنەکان جێگیبوون و پاشان بە مەرجی بەدیهینانی داواکارییەکانیان و دامەزراندنی حکومەتێکی تەکنۆکرات بڕیاری چۆڵکردنی ئەو شوێنەیاندا.

سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراقییەوە بۆ یەڵڵا  دوا و گوتی “ژمارەیەکی زۆر لە  گروپەکانی سەر بە حەشدی شەعبی لە بەغدادا بڵاوەیان پێکراوە جگە لەگروپی ئەهلی حەق  کە لە لایەن قەیس خزر عەلییەوە رابەرایەتی دەکرێت و ئەمەش پاش ئەو رێککەوتنە دێت کە لە نێوان هادی عامری و ئەبوو مەهدی موهەندیس و محمد ئەلغەبان وەزیری ناوخۆ و فالح فەیاز راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی بۆ رێگری کردن لە خۆپیشاندەران و دووبارە هەڵکوتانە سەر ناوچەی سەوز کرا.

ئاماژەی بەوەشکرد کە “سەرکردە سیاسییەکان گەیشتوون بەو بڕوایەی ئەو هێزانەی کە پاراستنی ناوچەی سەوزیان پێسپێردراوە توانای پاراستنی ئەو ناوچەیەیان نییە چونکە ئەو هێزانە لە ئێستادا هاوسۆزییەکی گەورەیان هەیە بۆ سەرۆکی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر”.

لە لای خۆشییەوە حامد موتلەگ، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و پاراستن بۆ یەڵڵا گوتی “ئێمە بە تەواوی ئەم کارە رەت دەکەینەوە کە لایەنێکی سیاسی باڵی چەکداری خۆی بەکاربهێنێت بۆ سەپاندنی ویستەکانی بەسەر لایەنە سیاسییەکانیتردا”، گوتیشی “حکومەت لەکوێیە، بۆچێ یاسا پەیڕەو ناکەن”.

گوتیشێ “ئەگەر بەریەککەوتن رووبدات لەنێوان ئەم گروپە چەکدارانە و خۆپیشاندەراندا ئەوا ئەنجامەکانی زۆر بە خراپی بەسەر وڵاتدا دەشکێتەوە” گوتیشی “ئیئتیلافی نیشتیمانی دەستپێشخەرییەکی باشی کرد بۆ چارەسەری  ئەم قەیرانەی ئێستا و دامەزراندنی حکومەتێکی راستەقینە وکۆتایهێنان بە گەندەڵی بەڵام لە لایەن ئەو لایەنە سیاسییانەی کە دەسەڵاتییان هەیە زۆر بە توندی وەڵامیان درایەوە”.

بەڵام حەشدی شەعبی پاساوی هەیە بۆ بڵاوکردنەوەی هێزەکانی لە بەغداد ئەویش پاراستنی زیارەتکارانی ئیمام کازمە نەک بۆ مەبەستێکی سیاسیی. کەریم نوری وتەبێژی فەرمی حەشدی شەعبی  بۆ یەڵڵا گوتی “لە رۆژانی زیارەتەکانی ئیمام کازمدا ژمارەیەک لە ئەندامانی حەشدی شەعبی لە بەغداد بە مەبەستی پاراستنی گیانی زیارەتکاران بڵاوەیان پێکرا”، گوتیشی “پاش کۆتایهاتنی زیارەتەکان سەرجەم ئەو هێزانە دەکشێنینەوە چونکە شوێنی چەکدارانی حەشدی شەعبی بەرەکانی جەنگە نەک ناو بەغداد”.

گوتیشی “بەغدادی پایتەخت وەک شارێکی مەدەنی دەمێنێتەوە و بوونی هەر هێزێکی سەربازی لە  هیزەکانی حەشدی نیشتیمانی رەتدەکەینەوە”.

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!