Find anything you need on Yalla

لە میحوەری باشورەوە هێرش دەکەن: ئۆپەراسیۆنەکانی فەلوجە بەردەوامە و نەوەستاوە

0

مستەفا سەعدون – یەڵڵا / بەغداد

کەریم نوری، وتەبێژی هیزەکانی حەشدی شەعبی  هەواڵی وەستانی هێرشەکانی سەر فەلوجەی رەتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە هێرشەکان هێشتا بەردەوامن و بەرەوە ناوەندی شارەکە پێشڕەوییان کردووە بە مەبەستی ئازادکردنی لە دەست رێکخراوی داعش کە ماوەی دوو ساڵە دەستی بەسەردا گرتووە.

لە لێدوانێکیدا بۆ یەڵڵا نوری گوتی “لێرە و لەوێ هەواڵی نادروست سەبارەت بە وەستانی ئۆپەراسیۆنەکانی سەر فەلوجە بڵاو دەکرێتەوە بەڵام ئەو هەواڵانە دورن لە راستییەوە، هێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق هێشتا لە هێرشەکانیان بۆ سەر فەلوجە بەردەوامن و لە رۆژی سێیەمدا بەرەو ناوەندی شارەکە هێرشیان کردووە و ئەنجامی باشیان هەبووە”.
لە لایەکیترەوە سەرچاوەیەکی سەربازی ئاماژەی بەوەکرد کە هێزەکانی سوپای عێراق بە پاڵپشتی هێزە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانان لە میحوەری باشورەوە هێرشیان کردوەتە سەر فەلوجە، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتەدا دێت کە دەکرێتە سەر فەلوجە بە مەبەستی ئازادکردنی لەدەست رێکخروی داعش.

ئیسماعیل ئەلمحەلاوی، سەرپەرشتیاری ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار بە فرانس پرێسی راگەیاند کە “هیزەکانی فیرقەی هەشتی سوپا سەرلەبەیانی دوێنێ دەستیان کرد بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی فراوان لە ناحیەی عامرییەوە بەرەو رووباری فورات”.

گوتیشی “ئۆپەراسیۆنەکە بە پاڵپشتی فڕۆکەکانی هاوپەیمانان و فڕۆکەکانی سوپای عێراق و شەڕکەرە عەشایرەکانی ئەنبار بەڕێوەچوو”.

هەروەها هێزەکانی سوپای عێراق و هێزە پشتیوانەکان توانیویانە ئەو بورجانە بکەنە ئامانج کە لە ناوەندی شاری فەلوجەدا قەناسبەدەستەکانی داعشتی تێدا جێگیر کرابوو. بەڵام بە گوێرەی پسپۆڕان بەهۆی بوونی بۆمبێی زۆرەوە هیزەکان نەیانتوانییوە بەرەو ناوەند شارەکە هەنگاو بنێن.

لە و ئۆپەراسیۆنەشدا توانراوە نزیکەی چل چەکداری ئەو رێکخراوە لە ناوچەی هیاکل کە بە نیازبوون هێرش بکەنە سەرهێزە ئەمنییەکانی عێراق دەستگیر بکەن.

 

لە میانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە ئێوارەی رۆژی سێشەمەدا، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیررانی عێراق گوتی “داعش لە فەلوجە شکستی هێناوە و هێزە پاڵەوانەکەمان بەم نزیکانە سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت لەو شارەدا”.

گوتیشی “حکومەت زۆر بە توندی جەخت لە پاراستنی گیانی هاوڵاتی سڤیلی ئەو شارە دەکاتەوە و سەرجەم رێ و شوێنە پێویستەکان گیراوەتە بەر بۆ ئەو مەبەستە”.

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!