Find anything you need on Yalla

بەرزبوونەوەی ڕێژەی تەڵاق هەڕەشە لە شارەکانی هەرێم دەکات

0

محەممد عومەر موسه‌یی- هەولێر
بەم دواییە ڕێژەی تەڵاق لە کوردستان لە زیادبوون دایە، لەوانەیە  بەشێکی زۆری بۆ باری ئابووری و قەیران بگەڕێنرێتەوە بەڵام بێگومان هۆکاری تریش لە پشت بەرزبوونەی ئەم حاڵەتەوە هەیە.
بە مەبەستی زانینی هۆکارەکانی تەڵاقدان و بەرزبوونەوەی ڕێژەکەی لە کوردستان یەڵڵا”حاجی عزەددین “ی  دواند کە راوێژكاری یاسایییە له‌ به‌رێوەبه‌رایه‌تی گشتی به‌رنگاربونه‌وه‌ی توند وتیژی دژی ئافره‌ت و، هاوكات خه‌ریكی ته‌واو كردنی توژینه‌وه‌یه‌كه‌ له‌ سه‌ر ته‌ڵاقدان، ئەو گوتی ”  دوو بۆچون هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ ته‌ڵاقدان، هه‌ندێك پێیان وایه‌ كه‌ ته‌ڵاق حاڵه‌تێكی ئاساییه‌
و كاتێك هاوسه‌ره‌كان ناتوانن ژیانی هاوسه‌ری تا كۆتایی له‌گه‌ڵ یه‌كتر بنەسەر و ناگونجێن له‌گه‌ڵ یه‌كتر. بۆچونێکی تریش تەڵاق بە حاڵەتیكی ئاسایی دانانێت و بەڵکو بەهەڕەشەی دادەنێت بۆ سەر کۆمەلگا ئه‌گه‌ر له‌ ئاستی سرووشتی تێپەڕێت”.
بەگوێرەی وتەکانی عزەددین ئیستا ته‌ڵاقدان له‌ كورستان له‌ حاڵەتەوە‌ بۆتە دیاردە. بە گوێرەی ئاماری‌ ساڵانەی‌ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری لە ساڵی ٢٠١٠ تاوەکو ٢٠١٦ بەشێوەیەکی بەرچاو ڕێژەی تەڵاقدان بەرزبۆتەوە. بۆ نمونە لە ساڵی ٢٠١٠ نزیکەی ٣٩ هەزار و ٤١٢ حاڵەتی هاوسەرگیری و ٣ هەزار حاڵەتی تەڵاق هەبووە. بەڵام لە ساڵی ٢٠١٦ لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک ٣١ هەزار و ١٨٣ حاڵەتی هاوسەرگیری و ٦ هەزار و ٧١٢حاڵەتی تەڵاق هەبووە. ئەمە جگە لەوەی ٪٣٢ ی حاڵەتەکان ئەو کەسانەن کە لەخوار تەمەنی یاسایی هاوسەرگیریان کردووە.
بەمەش کەمی تەمەن و تێنه‌گیشتن له‌ شێوازی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا و درک نەکردن بە ئه‌رك ومافه‌كان هۆکاری سەرەکی جیابوونەوە ژن و مێردە. بەڵام قه‌یرانی دارایی  هۆکارێکی تری زیادبوونی ڕێژەکەیە.
راوێژكارە یاساییەکە پێی وابوو کە هۆشیارکردنەوەی باوان و گەنجان لە رێگەی دەزگاکانی ڕایەگەیاندنەوە باشترین رێگان بۆ کەمکردنەوەی ئەم حاڵاتانە. چونکە گەنج پێویستە لەڕووی دارایی و جەستەیی و فکری وتەنانەت دەروونیشەوە توانای هەبێت ئینجا بڕیاڕی هاوسەرگیری بکات، بۆ ئەوەی بتوانێت بەرپرسیارییەتی بگرێتە ئەستۆ و مافی بەرامەبەرەکەشی فەراهەم بکات و تەنها ڕووکەشانە لە بابەتەکە نەڕوانن.
راوێژكارە یاساییەکەی به‌رێوەبه‌رایه‌تی گشتی به‌رنگاربونه‌وه‌ی توند وتیژی  گوتیشی کە ” ئێمە  لە به‌رێوەبەرایەتی گشتی به‌رنگاربوونه‌وه‌ی توند وتیژی دژی ئافره‌تان پرۆژه‌یه‌كمان هه‌یه،‌ کە بریتییە لە کردنەوەی سه‌نته‌رێکی راوێژكاری، بۆ پێشکەشکردنی خزمه‌تگوزاری یاسایی و ده‌روونی وكۆمه‌ڵای و ته‌ندروستی  و ئاینی بۆ ئەوەی ئەرک ومافەکانیان بزانن. کردنەوەی خولێکیش بۆ ئەوانەی دەیانەوێت هاوسەرگیری بکەن یەکێکی ترە لەو چارەسەرانەی پێشنیاری دەکەین”.
ئارام سه‌ردار، توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ یەڵڵا دەبارەت بە حاڵەتی تەڵاقدان دوا. ئەو باسی لەوە کرد  كه‌ چۆن وا  لە خەڵک بکرێت به‌چاوێكی جیاواز سه‌یری ئافرت ته‌ڵاقدراو نه‌كرێت، ئەو پشنیاری ئەوەشی کرد کە خەڵک لەرێگەی ڕاگەیاندن و درووستكردنی كورته‌ فیلمەوە هوشیار بکرێنەوە.
(ا.م) ئافرەتێکی تەمەن ٣١ ساڵە. ئەو فه‌رمانبه‌ری میرییە و دایکی منداڵێکە و لە مێردەکەی جیابۆتەوە. ئەم خانمە بۆیەڵڵا باسی لە چیرۆکی خۆی کرد و گوتی ” سەرەتا کە ئەو هاتە خوازبێنیم باوکم ڕازی نەبوو. تا چه‌ند جارێک لەگەڵی دانیشت و دوای چەند مانگێک ئینجا ڕازی بوو. ئەو سەرەتا بە هەموو مەرجەکانی ئێمە ڕازی بوو. ئێمە لەسەرەتا هیچ کێشەیەکمان نەبوو. بەڵام دوای کەمتر لەساڵێک كیشه‌كانمان ده‌ستی پێکرد و  ورۆژ به‌ ڕۆژ زیاتر بوو تا گه‌یشتینه‌ قوناغی کۆتایی  و بریاری جیابونه‌وەماندا له‌ دادگا”.
ئەو خانمە باس لەوە دەکات پاشگەزبوونەوەی مێردەکەی لەو بەڵێنانەی پێشتر دابووی یەکێکە لە هۆکارەکانی جیابوونەوەیان. بەڵام خراپی باری دارایی کێشەکانی ئاڵۆزترکردبوو.
ئەو باس لەوەش دەکات کە جیابوونەوە بۆ ژن زۆر ناخۆشە، لەگەڵ ئەوەشدا منداڵ زیاترین زیانی بەردەکەوێت. (ا.م) بۆ یەڵڵا دەڵیت ” هیوادارم ژن ومێرد تا دەتوانن قەت بیر له‌ جیابوونه‌وه‌ نه‌كه‌نه‌وه‌”.

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!