Find anything you need on Yalla

هێزێکی سوپاى عێراقی گەیشتە مەخموور، “ئازادکردنى موسڵ نزیکە”

0

شاڵاو محەمەد – یەڵڵا/  مەخمور
وەزارەتی پێشمەرگە هاتنی سوپای عێراق بۆ ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان قبوڵدەکات، تا وەک هاوەڵێکی نوێی پێشمەرگە شەڕی داعش بکات بە مەبەستی ڕزگارکردنی موسڵ .
هاتنی ئەو هێزەی سوپای عێراق بۆ قەزای مەخموری سەر بە پارێزگای هەولێر لەسەر بڕیاری وەزیری بەرگری عێراق هات، ئەوەش دوای سەردانێکی بۆ هەولێر و  کۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمى کوردستان.
لەکاتى گەیشتنى هێزەکەى سوپاى عێراقى بۆ قەزاى مەخمور، هێزى پێشمەرگە بە ئاهەنگ پێشوازى لەو هێزەى سوپاى عێراقى کرد، وەک تیمى یەڵڵا کە لەوێ ئامادەبوو بەردەوام گوێبیستى دروشمى “ئێمە دژایەتى داعش کۆماندەکاتەوە” دەبوو.
لیوا نەجم جبورى فەرماندەى هێزەکانى سوپاى عێراق لە مەخموور تایبەت بە یەڵڵاى ڕاگەیاند “پرۆسەی گرتنەوەی موسڵ بە هاوکاری سوپا و پێشمەرگە و فرۆکەی هاوپەیمانان ئامادەکاری بۆ دەکرێت، چونکە ئازادکردنى موسڵ نزیکە و چیتر نابێت دوابکەوێت”.
لیوا نەجم جبورى ووتیشى “هیچ هەنگاوێک بەبێ هەهامەنگى لەگەڵ هێزى پێشمەرگە نانێین، چونکە ئامانجى هەردوولا بنڕکردنى داعشە نەک دروستکردنى مانۆڕێکى سیاسى بۆ ناوچەکە”.

  • Facebook
  • Twitter
  • GooglePlus
  • Pinterest

بەپێى زانیارییەکان یەڵڵا، رۆژی ٣١ى کانونى دووەمى ئەمساڵ شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەوە، لەم کۆبوونەوەیەدا ئازادکردنی شاری مووسڵ لە دەستی داعش باس کراوە.
بەپێى ووتەى ئەندامێکى وەفدەکە کە نەیویست ناوى بڵاو بکرێتەوە بە یەڵڵاى ووت “کورد لاریی نییە لە هاتنى ئەو هێزە، بەڵام پێیمان باش نییە بەیەکجاری لە مەخمور بمێنێتەوە لەبەرئەوە سەرۆکى حکومەتى هەرێم لە سەردانێکدا بۆ بەغداد مەرجی گەڕانەوەی  لەو هێزە وەرگرتووە دوای ئازادکردنی موسڵ، عەبادیش لەو کۆبونەوەیە وەک فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق مەرجەکەی قوبوڵ کردووە”.
لەلایەکى ترەوە، نەجات عەلی بەرپرسی میحوەری مەخموری هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە یەڵڵای ڕاگەیاند “هیچ هێزێک بێ‌ رەزامەندی‌ حکومەتی‌ هەرێم نەهاتۆتە هەرێمی‌ کوردستانەوە، ئەو هێزەش بۆ بەشداریکرن لە گرتنەوەی موسڵ هاتۆتە ناوچەکە”.
ووتیشى ” سەربازگەیەک دروست کراوە لە مەخمور بۆ ئەو هێزانەی‌ ناویان ناون سوپای‌ فیرقەى ١٥ کە پێکهاتوون لە کەسانێک کە سونە مەزهەبن ‌و راهێنانیانی‌ سەربازییان پێکراوە “.
ماوەی مانگێکە سوپای عێراق سەربازگەیەکی لە گوندی گەرەسۆز و عەلیاوا، بە دووری ٧کم لە خۆرئاوای مەخمورەوە بۆ ئەو هێزە دروستکردووە، هێزەکە لەدوای هێرشەکانی داعش بۆ سەر شاری موسڵ ‌و شارەکانی تری عێراق لەلایەن ڕاوێژکارانی ئەمریکی و بەریتانیەوە مەشق و ڕاهێنانیان پێکراوە. رۆژی ٦ى شوبات خالید عوبەیدی وەزیری بەرگریی عێراق لەکاتى کردنەوەى سەربازگەکە لە میحوەری مەخمور ڕایگەیاند “بڕیارە ٤٥٠٠ سەربازی عێراق بهێنرێنە سەربازگەکە تاکو موسڵ لەژێر دەسەڵاتى داعش دەربهێنرێت و شارەکە بەتەواوى ئازاد بکرێت”.

  • Facebook
  • Twitter
  • GooglePlus
  • Pinterest

هاوکات بریکارى وەزیرى پێشمەرگەى هەرێمى کوردستان ئاشکراى دەکات لە ئازادکردنى موسڵ هێزەکانى هەریەک لەهێزى پێشمەرگە،  فیرقەکانی ١٥ و ١٦ی سوپای عێراق، پۆلیسی فیدراڵی، پۆلیسی پارێزگای مووسڵ و پۆلیسی سنوور بەشدار دەبن”.
ئەنوەر حاجى عوسمان بریکارى وەزیرى پێشمەرگە بە یەڵڵای ڕاگەیاند ” ئامادەکارییەکان بۆ گرتنەوەى موسڵ نزیکە، دواى گرتنەوەى موسڵیش ئەو هێزەى سوپاى عێراقى دەگەڕێنەوە ناوچەکانى خۆیان”.
رۆژی ١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٤ چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر شاری موسڵ  و سوپای عێراق شکا، بەو هۆیەوە شارەکە کەوتە دەستی داعش، بەڵام لە ئێستادا تەواوى هێزە عێراقیەکان ئامادەکارى بۆ ئازادکردنەوەى موسڵ دەکەن
Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!