Find anything you need on Yalla

٢٠١٦ ساڵی تێکشکانی داعش دەبێت

0

٢٠١٦ ساڵی تێکشکانی داعش دەبێت

رۆژی چوارشەمەی رابردوو یەکەم رۆژی کۆڕبەندی ئابووریی جیهان بوو لە داڤۆس بە بەشداری سیاسەتمەداران و بەڕێوبەری کۆمپانیا گەورەکانی جیهان. وەفدێکی عێراقیش بە بەشداری حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و چەند پەرلەمانتارێک بەشداری کۆڕبەندەکەیان کرد.

دوێنێ هەینی ٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠١٦، حەیدەر عەبادی لە کۆڕبەندەکەدا بەشداری لە پانێڵێکدا کرد لەگەڵ تەمام سەلامی سەرۆک وەزیرانی لوبنان بۆ قسە کردن لەسەر ئاسایشی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا، و رایگەیاند کە “عێراق لە سەرکەوتنێکی گەورەدایە دژی داعش.”

عەبادی سەرکەوتنەکانی سوپای عێراقی بەرز نرخاند و وتی، “سوپای عێراق سەرکەوتنی بەسەر داعش بەدەستهێناوە و ئێستا گروپەکە لە تێکشکاندایە. جگە لەو ناوچانەی لە لایەن داعشەوە کۆنتڕۆڵ کرابوون، هێزە ئەمنییەکانی عێراق توانیویانە چەند ناوچەیەکی دیکەش کۆنتڕۆڵ بکەنەوە کە پێشتر لەژێر دەستی هێزە ئەمنییەکاندا نەبووە.”

سەرۆک وەزیران ئەوەشی راگەیاند، کە “لەم ساڵدا کۆتایی داعش دەبینین لە رووی سەربازییەوە. “هەرچەندە نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی باوەڕی نەدەکرد هێزە عێراقییەکان رومادی کۆنتڕۆڵ بکەنەوە، بەڵام خۆشبەختانە کۆنتڕۆڵ کرایەوە، و وتیشی “بۆیە لە سەرکەوتنێکی گەورەداین دژی داعش.”

عەبادی ئاماژەی بەوە کرد “کە شەڕی داعش لەسەر خاکی عێراقە، بەڵام ناسنامەی هەرە زۆری چەکدارەکان عێراقی نین.” بەردەوام بوو لە قسەکانی و وتی، “عێراق شەڕی دژی تیرۆر دەکات، بەڵام هیچ هاوکارییەکی پێویستی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پێنەگەیشتووە. عێراق پێویستی بە هاوکاری سەربازی و دارایی هەیە بۆ بەرەنگار بوونەوەی تیرۆر، بە تایبەتی لە دوای دابەزینی نرخی نەوت کە زیانێکی زۆری بە ئابووری عێراق گەیاندووە.”

لە بارەی شاری موسڵیشەوە رایگەیاند کە ئامادەکارییان کردووە بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی موسڵ و بۆ ئەم مەبەستەش پشت بە هێزە ناوخۆییەکانی عێراق دەبەستن.

لە بەردەوامی قسەکانیدا، عەبادی ئاماژەی بەوەکرد کە چەند وڵاتێکی ناوچەکە شەڕی مەزهەبی دەکەن و میدیاش یارمەتیدەرێکی گەورەیە بۆ تۆخکردنەوەی ئەم شەڕە مەزهەبییە لە عێراقدا. بۆیە جەختی کردەوە کە ئەمە سود بە داعش دەگەیەنێت و وایان لێدەکات زیاتر پەیامەکەیان بڵاوبکەنەوە و ژمارەیەکی زیاتر، بە تایبەتی گەنجان بکەنە ئامانج.

هەروەها لە بارەی ئابووری وڵاتەکەشەوە رایگەیاند کە عێراق بە قەیرانێکی سەختدا تێدەپەڕێت بەهۆی بەردەوامی دابەزینی نرخی نەوت و ئاوارەبوون و شەڕی داعش، بۆیە عێراق پێویستی بە هاوکاری نێودەوڵەتی هەیە. و وتیشی “بەرمیلێک نەوت بە ٢٢ دۆلار دەفرۆشین و دوای بەرهەم هێنان و هەناردە کردن، تەنها ١٣ دۆلار بۆ حکومەت دەمێنێتەوە.”

 

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!