Find anything you need on Yalla

چاڵەکەی داعش خۆی تێی دەکەوێت

0

شاڵاو محەمەد – یەڵڵا / کەرکوک

لە سنووری‌ کەرکوک، دەزگا ئەمنیەکان باس لەوە دەکەن کە سەردەمی قەڵەمڕەوی‌ داعش بە سەرچووە و دەبێت بچنەوە قاوغەکەی‌ خۆیان کە مەرگە ، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا لە خەم نەرەخساون ‌و لە ئامادە باشیدان.

بە قسەی‌ بەرپرسانی‌ پێشمەرگە و دەزگای هەواڵگری و پۆلیس بێت، لە سنووری‌ پارێزگای‌ کەرکوک داعش هێزی‌ هێرشبردنی‌ لەدەستداوە، لە ئێستادا هەوڵ دەدەن خۆیان بخزێننە ریزی ئەو هاوڵاتیانەی ناوچەکانیان بەجێ دەهێڵن، دواتر ببنەوە بە شانەی نوستووی داعش، بەڵام هێزە ئەمنییەکان درکیان بەو تاکتیکە نوێیە کردووە و چەندین کەسیان لێ دەستگیرکردوون.

ع. ش. تەمەن ٢٢ ساڵ، دانیشتووی قەزای حەویجەیە کە دەکەوێتە ٥٥کم لە باشووری کەرکوک، کاری جوتیاری بووە و دوای سەرهەڵدانی داعش پەیوەندی بە گروپەکەوە کردووە ، دوای ئەوەی لەگەڵ دوو خێزانی هەڵهاتووی داعش دەیەوێت بێتە کەرکوک لەلایەن دەزگا ئەمنیەکان لە قەزای داقوق دەستگیر دەکرێت.

ع. ش. لەنێو یەکێک لە دەزگا هەواڵگرییەکانی کەرکوک بۆ یەڵڵا دوا و وتی: “لە لایەن ئەمیرێکی داعشەوە راهێنانمان پێکرا تاکو بێینە کەرکوک و کاری توندوتیژی ئەنجام بدەین، لەگەڵ خێزانێک رێکەوتم تاکو قەزای داقوق لەگەڵیان بێم، بەڵام کاتێک گەیشتینە داقوق و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کردم، دەستگیرکرام.”

وتیشی: “پەشیمانم کە لەگەڵ داعش کارم کردووە و داوا لە هاوڕێکانم دەکەم خۆیان رادەستی دەزگا ئەمنیەکان بکەن چونکە ژیان لە جەهەنەمەکەى داعش قورسە.”

لە بەدواداچوونێکى یەڵڵادا دەرکەوتووە، دەزگا ئەمینەکان لە رێگەى دانانى خاڵى پشکنین و گۆڕینەوەى زایناریە هەواڵگرییەکان لەنێوان دەزگا ئەمنیەکانى هەرێم و ناوەند کە لە کەرکوک جێگیرن، توانیویانە زۆرترین شانەى نووستوى داعش دەستگیر بکەن.

عەمید هەڵکەوت عەبدوڵا بەڕێوەبەری ئاسایشی کەرکوک بە یەڵڵای راگەیاند: “چەکدارەکانی داعش هەوڵیانداوە بە بڕوانامەی ساختە خۆیان بخزێنە ناو ئەو هاوڵاتیانەی لە ژێر دەسەڵاتی داعش هەڵدێن، بەڵام دەزگا هەواڵگری و ئەمنیەکان درکیان بەو تاکتیکەی داعش کردووە و چەندین گروپیان لێ دەستگیکراوە.”

بەڕێوەبەری ئاسایشی کەرکوک روونیشکردەوە کە “داعش بەهۆی ئەوەی توانای هێرشبردنی نەماوە، بۆیە پەنا دەبەنە دروستکردنی شانەی نوستووی داعش لە شار و شارۆچکەکاندا، بەڵام پێش ئەوەی چاڵ بۆ هاونیشتمانیان هەڵبکەن داعش خۆی تێیکەوتووە.”

بە پێی زانیارییەکانی یەڵڵا کە لە سەرچاوەیەکی باڵای هەواڵگری کەرکوک دەستی کەوتوە، لە ماوەی دوو مانگی ئەمساڵدا، ٢٣ کەس دەستگیرکراون کە لە هەوڵی ئەوەدا بوون کە بە ناوی ئاوارەوە بێنە سنوری کەرکوک و سەڵاحەدین، ئەمە سەڕەڕای ئەوەی ساڵی رابردوو دەزگا ئەمنیەکانی کەرکوک دەستگیکردنى ٨٧ گروپی چەکدارانی داعشیان راگەیاند.

لەلایەکی دیکەشەوە، جەبار مەعموری، یەکێک لە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی لە چیای حەمرین ئاشکرای دەکات لەکاتی دەستگیکردنی شانەی نوستووی داعش دانیان بەوەدا ناوە کە بەهۆی بۆردومانى فرۆکە جەنگیەکان و هێرشی بەردەوامی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی، داعش تووشی شڵەژان بووە و دەیەوێت تاکتیکی شەڕی بگۆرێت.

لە لێدوانێکیدا بۆ یەڵڵا، مەعموری ئاماژەی بەوەشدا کە “زۆرینەی ئەو چەکدارانەی بە هاوکاری دەزگا هەواڵگرییەکانی کەرکوک و سەڵاحەدین دەستگیکرکراون لە رێگەی هاوڵاتیانی هەڵهاتووی ژێر دەسەڵاتی داعش دزەیان کردوە، بەڵام چاوکراوەیی دەزگا ئەمنیەکان و هاوکاری خەڵک پاڵنەری سەرەکی بووە بۆ دەستگیرکردنی شانە نوستوەکانی داعش.”

 

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!