Find anything you need on Yalla

کوشتنی بەرپرسی دارایی داعش (حاجی ئیمان) زەبرێکی کوشندەیە لە رێکخراوەکە

0

محمد رەحیم – یەڵلا / کەرکووک

ستیف وارن، وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، رۆژی سێشەممە رایگەیاند کە هێزەکانی هاوپەیمانان هەفتەی رابردوو حاجی ئیمان بەرپرسی سەرجەم ئۆپەراسیۆنە داراییەکانی داعشیان کوشتووە و هەفتەکەی پێش ئەوەش ئەبو عومەر چیچانییان کوشت و ئەبو داود بەرپرسی چەکە کیمیاوییەکانی داعشیان دەستگیر کرد. ئەم گورزانە ترسی زۆری خستووەتە نێو داعشەوە و سەری لە ریزەکانی ئەو رێکخراوە شێواندووە و کەریگەری لەسەر هەیکەلی فەرمان و گوێرایەڵی ئۆپەراسیۆنەکانیان هەبووە.

وارن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بەغدا گوتی: “کوشتنی حاجی ئیمان بۆی دەرخستین کە داعش چۆن کارە بازرگانییەکان ئەنجام دەدات و ئەمەش گورزێکی دیکەیە بۆ  لێدانی لە بەدەستهێنانی پارە لە لایەن ئەو رێکخراوەوە، هاوکات هێرشی کوشندەمان کردووەتە سەر نەوت و بارهەڵگری نەوت و خەزێنەی نەقدی تایبەت بە داعش. ئەم هێڕشانەش کێشەی گەورەی دروستکردووە لە داهاتی راستەقینەی داعش و هەربۆیە داعش موچەی شەڕکەرەکانی و ژمارەی خاڵەکانی پشکنینی کەم کردووەتەوە، ئەوەش بووەتە هۆی زیادکردنی باج لەسەر ئەو خەڵکەی کە لەو ناوچانەی ژێر کۆنترۆڵی ئەواندا دەژین.”

هەروەها گوتیشی: “داعش لە عێراق دەدۆڕێنێت،  ئەوان بانگەشە بۆ دەڵەوڵەتیی خەلافەت دەکەن  بەڵام ئەوە تەنها خەونێکە و نایەتە دی چونکە ئەگەر بییانەوێت بە دەوڵەت بمێننەوە ئەوا پێویستە ناوچە کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام ئەوان ٤٠% ئەو ناوچانەی لەژێر دەستیاندا بوو لە دەستداوە. هەروەها هەریەکە لە تکریت، بێجی، شەنگال و رومادییان لەدەستداوە و ئەم هەفتەیە هێزەکانی سوپای عێراق هەستان بە رزگارکردنی کەبیسە و دەستپێکردنی رزگارکردنی گوندەکانی دەوروپشتی مەخموور و لە ئاییندەیەکی نزیکدا سەرجەم هیت و گەیارە رزگاردەکرێن.”

وتەبێژەکەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە یەڵلا-ی گوت: “کوشتنی حاجی ئیمان بەرپرسی دارایی داعش بۆ خۆی دەستکەوتە بەڵام ئەو هەروەها تیرۆریستێکی بە ئەزموون و ئەندامی رێکخراوی قاعیدە بوو و بۆ زەرقاوی کاری کردووە و بۆ چەندین ساڵ نوێنەری رێکخراوی قاعیدەی تیرۆریستی بوو لە پاکستان و ئەندامێکی زۆر گرنگی بازنەی ناوخۆیی ئەنجوومەنی شورا بوو. لەبەر ئەوە پێمان وایە کوشتنەکەی گرنگە و کاریگەری لەسەر کرۆکی داعش دەکات. زۆر خۆشحالم بە راگەیاندنی کوشتنی هەریەک لە ئەبو عومەر چیچانی و حاجی ئیمان و دەستگیرکردنی ئەبو داود و پێم وایە داعش ئیدی لە دوای ئەم هێڕشانەوە خەویان لێناکەوێت چونکە دەزانن رۆژێک نۆرەی ئەوانیش دادێت.”

وارن گوتیشی: “دەمەوێت پێتان رابگەیەنم کە ئێمە ئارام ناگرین و راناوەستین؛ ئێمە زەرقاویمان دۆزییەوە و کوشتنمان، ئێمە بن لادنمان دۆزییەوە و ئەویشمان کوشت، ئێمە چیچانی و حاجی ئیمان و ئەوانی دیکەشمان دۆزییەوە، هەربۆیە بەرپرسەکانی دیکەی داعش لە ماوەیەکی نزیکدا ناتوانن چاویان بخەنە سەر یەک و ئێمە یەک لە دوای یەک دەیاندۆزینەوە و لەناویان دەبەین.”

سەبارەت بە کاتی رزگارکردنی موسڵ و هیت و فەلوجە لە یەک کاتدا، وارن گوتی: “ئێستا کاتی رزگارکردنیانە و ئێمە دەمانەوێت ئەم رزگارکردنە بە زووترین کات بەدەست بهێنین بەڵام من لە دوای ٣٠ ساڵ پۆشینی ئەم جلوبەرگە سەربازییە فێری ئەوەبووم کە دیاریکردنی کاتێک لەمبارەیەوە هەڵەیە، هەربۆیە ئێمە کاری جددی دەکەین و ئارام ناگرین هەتاوەکو لە ماوەیەکی نزیکدا دەستکەوت بەدەست دەهێنین، دواجار دیارکریکردنی کاتیش پەیوەندی هەیە بە حکوومەتی عێراقەوە و ئێمە لەگەڵ ئەم حکوومەتە یەکریزین و پشتگیرییان دەکەین بۆ رزگارکردنی هەر بستێکی خاکی ئەم وڵاتە.”

شایانی باسە کە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا چەندەها مانگە لە رێی فرۆکە ئاسمانییەکانەوە هێڕش دەکاتە سەر پێگەکانی رێکخراوی داعش لە عێراق و سوریا، بەبێ ئەوەی ئاماژەیان بە قەبارەی زیانەکانی ئەو رێکخراوە لە دەرەنجامی ئەم هێڕشانەوە کردبێت.

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!