ئەو فیلمەی پێویستە هەموو ژنێک سەیری بکات

0

  پۆڵا ڕەئوف

لەژێر خۆری تۆسکانا، یەکێکە لەو فیلمانەی کە پێویستە هەموو ژنێک سەیری بکات، فیلمەکە لە کتێبیک وەرگیراوە ویاداشتی خانمە نووسەری ئەمەریکی فرانسیس مایزە وپاڵەوانی فیلمەکە کە خۆشی ناوی فرانسیسە خانمێکی نووسەر و ڕەخنەگرە  و( دایان لاین) ڕۆڵەکەی بینووە.

سەرەتا زۆر ڕوون نییە بۆ من و تۆی بینەر کە بۆچی فرانسیس لە مێردەکەی جیادەبێتەوە،  بەڵام تێدەگەین کە مێردەکەی خیانەت لە فرانسیس دەکات و بڕیاڕدەدات کە لەگەڵ ژنێکی بچووکتر ژیان بەسەر ببات و خانوەکەشی لێدەسەنێتەوە و بەمەش لە پرێک فرانسیس بێماڵ دەمێنێتەوە، ووەکو ئەوەی ڕۆژێک لەڕۆژان خاوەنی هیچ نەبووبێت و ناچاردەبێت بگوازێتەوە شوقەیەکی خراپ و هەموو ئەمانە وای لێدەکەن توشی جۆرێک لە خەمۆکی بێت.

هاوڕێکانی فرانسیس هەوڵدەدەن کە یارمەتی بدەن، بۆیەش بلیتێکی بۆ تۆسکانا بۆ دەبڕن تاوەکو بتوانێت ئەم ڕووداوە ناخۆشە لە یادبکات و لەحاڵەتی خەمۆکییەکەی دەربچێت وبتوانێت جارێکی تر دەست بکاتەوە بە نووسین.

فرانسیس بڕیاڕی گەشتەکە دەدات وخۆی لە تۆسکانا دەبینێتەوە ولە یەکێ لە بازاڕە قەرەباڵخەکانی ئەوێ ریکلامی خانوێکی کۆن دەبینێت کە بۆ فرۆشتنە و خۆشی نازانێت کە بۆچی لەبەردەم رێکلامەکە دەوەستێت، بەڵام هەست دەکات کە شتێکی پەنهان بۆ ئەم خانوە ڕایدەکێشێت وکاتێک لەرێگا وبە رێکەوت خانوەکە دەبینێت بڕیاڕی کڕینی دەدات کە ڤێلایەکی تەمەن ٣٠٠ ساڵ دەبێت و پێویستی بە کار و نۆژەن کردنەوەیە تاوەکو بەکەڵکی ژیان بێت،  بەڵام ئەمە واتە دەبێت ژنێکی وەکو ئەو  دیسان لە خاڵی سفرەوە دەست پێ بکات.

من پێم وایە پاڵەوانی فیلمەکە زیرەکانە مامەڵەی لەگەل ئەم گرفتەی کردووە، چونکە کاتێک هەموو شتێک لەدەست دەدەین باشترین چارەسەر ئەوەیە دان بە حاڵەتەکەمان بنێین و لەڕەگەوە مامەڵەی لەگەڵ بکەین بۆیە دەست پێکردنەوە لە سفر باشترین چارەسەر دەبێت بۆ حاڵەتی لەم چەشنە،  ئەمەش فرانسیس ناچاردەکات کە کە خۆی لەگەڵ کرێکارەکان کاربکات تاوەکو ڤێلاکە ببێتە شوێنێک کە شایستەی ژیان کردن بێت.

یەکێ لەو ڕستانەی کە من زۆرم بەدڵ بوو ئەو کاتەبوو کە فرانسیس سەری لێشێوابوو و نەیدەزانی چۆن ژیان لەناو خانوێکی نیمچە کەلاوە بەسەر ببات و چۆن و لەکام ژوور دەست پێبکات، ئەوکاتە تیگەیشت کە دەست پێکردنەوە لەسفر چەندە قورسە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بڕیاڕی دا کە هێواش هێواش ئەمەبکات، فرانسیس خۆی خۆی ئامۆژگاری دەکات و دەڵێت “تەنها یەک ژوور هەڵبژێرە و بیکە ژووری تایبەتی خۆت، بە هێمنی خۆت بەم ماڵە بناسێنە  و ئەوکات شتەکان هێواش هێواش خۆیانی پێ دەناسێنن”.

پێم وایە ئەم جۆرە مامەڵەیە لەگەڵ هەموو شتێکیش هەر ڕاستە، واتە دەکرێت بە یەک هەنگاوی درووستی بچووک کە لەجێگەی خۆی بێت رێگایەکی دوروو درێژ دەست پێبکەیت.

هەرچەندە کە فرانسیس سەرکەوتوو دەبێت لە نۆژەنکردنەوەی ئەم خانووە ٣٠٠ ساڵییە، بەڵام دواتر بە بێئومێدییەوە سەرکۆنەی خۆی دەکات کە ئەو خەریکی ئاوەدانکردنەوەی ماڵیکی گەورەیە لە کاتێک نەکەسی هەیە لەگەڵی لەو ماڵە بژێت و نە پیاوێکیشی هەیە تاوەکو خواردنی بۆ ئامادەبکات، ئەو کات هاوڕێ پارێزەرەکەی کە خەڵکی تۆسکانایە چیرۆکی ئەو هێلە شەمەندەفەرەی بۆ دەگیڕێتەوە کە کاتی خۆی لەنێوان ڤیەننا و ڤینیسیا درووستکرا بەر لەوەی هەواڵی ئەوە هەبێ کە ڕۆژێ لەڕۆژان شەمەندەفەربگاتە ئەم ناوچەیە،   فرانسیس تێدەگات کە ئێمەی مرۆڤ دەبێت بە ئومیدەوە بژین و لێگەڕێین شتەکان خۆیان لەکاتی گونجاو ڕووبدەن.

ڕاستی ئەم فیلمە پڕە لە بڕگە و ڕستەی جوان، بەتایبەتی کە فیلمەکە لەڕۆمانێکەوە یاخود ڕاستتر بڵێم لە یاداشتێکەوە وەرگیراوە هەر بۆیەش پرە لە ڕستەی ئەدەبی کە بەشێوەیەکی نەرم بینەر بەرەو لای خۆی ڕادەکێشێت،  ئەوەی کە فیلمەکەشی جوانتر کردووە هەموو ئەو گرفتە ئاساییانەیە کە ژنێک پێی تێپەڕدەبێت بەڵام سەرباری ماندووبوون و هەستکردن بەتەنیایی دەتوانێت بەسەریان زاڵبێت.

هیوادارم هەموو ئەوانەی کە دەکەونە بەردەم دووڕیان و هەست دەکەن کە ناتوانن جارێکی تر دەست پێبکەنەوە سەیرکردنی ئەم فیلمە لەکیس خۆیان نەدەن.

بابه‌تی تر بابه‌تی هاوشێوه‌

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!