تۆ شەرەفی منی !

0

کنێر عه‌بدوڵڵا

چه‌مکی شه‌ره‌ف تێروانین و لێکدانه‌وه‌‌ی جۆربه‌جۆری بۆ ده‌کرێت، گرفتی گشتیی کۆمه‌ڵگه‌ رۆژهه‌ڵاتییه‌کان ئه‌وه‌یه‌ شه‌ره‌فی بنه‌ماڵه‌، پیاو، خێڵ و خێزانه‌کان گرێدراوی شه‌ره‌فه‌ی ژنان ده‌که‌ن و بگره‌  ئه‌وه‌شیان له‌ به‌شێکی  چه‌ند سانتیمه‌ترێکی جه‌سته‌ی ژناندا قه‌تیس کردووه‌ که‌ له‌که‌دارکردن و ده‌ستێوه‌ردان و بڕیاردانیش لێی مافی ژنه‌که‌ نییه‌. ده‌رئه‌نجام کاره‌ساتی جۆربه‌جۆری وه‌ک؛ توندوتیژی  تا ئه‌وپه‌ڕی  کوشتن و شێواندن و سوکایه‌تیکردن به‌ جه‌سته‌ی ژنانی لێ ده‌که‌وێته‌وه‌ وهه‌ندێ جاریش پیاوانیش.

” تۆ شه‌رفی منیت !” ده‌ربڕینی کچێکه‌ که‌ به‌هۆی بۆڵه‌ بۆڵ و زۆرلێکردنی که‌سوکارییه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت به‌ده‌ست هه‌ڕه‌شه‌لێکردنی باوک و براو ته‌نانه‌ت دایکیشییه‌وه‌ که‌ ره‌زامه‌ند نین به‌ داوای کچه‌که‌یان که‌ ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سه‌ی خۆشی ده‌وێت هاوسه‌رگیری بکات؛ ئه‌گه‌رچی هه‌موو هه‌وڵێکیشی داوه‌ له‌گه‌ڵ که‌سوکاره‌که‌ی تا قایلیان بکات، تا ئه‌و راده‌یه‌ی پێی وتوون گه‌ر ره‌زامه‌ند نه‌بن ناچارم  بێ ره‌زامه‌ندی ئێوه‌ بڕۆین و له‌ شوێنێکی دوور بژین. به‌وه‌ش که‌سوکاری هه‌ڕه‌شه‌ی کوشتنیان لێ کردووه‌ به‌وه‌ی ته‌نانه‌ت بیرکردنه‌وه‌ی له‌ په‌یوه‌ندییه‌کی خۆشه‌ویستی و دوور له‌ ره‌زامه‌ندی ئه‌وان شایسته‌ی کوشتنه‌‌.

له‌ راستیدا چه‌مکی شه‌ره‌فی هیچ که‌سێک  ناکرێت لای مرۆڤێکی تر بێت  یان له‌ جه‌سته‌ی ژناندا کورت بکرێته‌وه‌، که‌ به‌هۆی عه‌قڵیه‌تی پیاوسالاری و دواکه‌وتوویی و لاوازی هۆشمه‌ندی تاکه‌کان و تێڕوانینی چه‌قبه‌ستووی ئاینه‌وه‌ ئه‌م دیدو تێروانینه‌ به‌رده‌وامییه‌تی هه‌یه‌؛ چونکه‌  ئه‌وه‌ی راستییه‌ هه‌ر مرۆڤه‌ و خاوه‌نی شه‌ره‌فی خۆیه‌تی و  بگره‌ له‌ کۆمه‌ڵه‌ به‌ها و پێوه‌رێکی مرۆییدا کورت ده‌کرێته‌وه‌ که‌ بریتییه‌ له راستگۆیی، دڵسۆزی و نیشتمانپه‌روه‌رێتی و ناپاکی نه‌کردن و هتد. به‌ده‌ر له‌وه‌ی له‌و بۆچونه‌وه‌ پرسیارێک دێته‌ کایه‌وه‌ گه‌ر شه‌ره‌فی ژن بریتی بێت له‌ شه‌ره‌فی بنه‌ماڵه‌ و پیاو.، ئه‌ی دواجار شه‌ره‌فی ئه‌وان لای کێ هه‌ڵگیراوه‌؟

بابه‌تی تر بابه‌تی هاوشێوه‌

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!