Find anything you need on Yalla

جیابونەوه‌ وەک چارەسەر!

0

کنێر عه‌بدوڵڵا

هه‌روه‌ک چۆن په‌یوه‌ندی هاوسه‌رگیری پرۆسه‌یه‌که‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ڕه‌زامه‌ندی و یه‌کترقبوڵکردن و یه‌کترناسین و خۆشه‌ویستی بونیاد ده‌نرێ، پرۆسه‌ی جیابونه‌وه‌ش گه‌ر هه‌ر هۆکارێکی له‌پشته‌وه‌ بێت په‌یوه‌ندییه‌که‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر هه‌مان بنه‌ماکانی هاوسه‌رگیری به‌ڕێوه‌ بچێت.

جیابونه‌وه‌ ئه‌گه‌رچی ڕِێ پێدراوه‌ له‌ ڕووی ئاینی و شه‌رعی و یاساییه‌وه‌، له‌ هه‌مووی گرنگتر ده‌روازه‌یه‌کی مرۆییه‌ بۆ کۆتایی هێنان به‌ په‌یوه‌ندی نێوان هاوسه‌ره‌کان کاتێک ده‌گاته‌ بنبه‌ست و هیچ هاوبه‌شییه‌کی ڕۆحی و جه‌سته‌یی پێکه‌وه‌ گرێیان نادات.

پرسیاره‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ ئاخۆ تا چه‌ند ئه‌م پرۆسه‌یه‌ له‌ ڕووی کردارییه‌وه‌ ئاساییه‌ و به‌شێوه‌یه‌کی سروشتی مرۆیی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت له‌ واقعدا.

ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌کرێت له‌ کۆمه‌ڵه‌ ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کاندا به‌گشتی پرۆسه‌ی جیابونه‌وه‌ یان ته‌ڵاق یه‌کێکه‌ له‌ پرۆسه‌ ئاڵۆز و گرفتاوییه‌کانی که‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تای گه‌یشتن و بڕیاردان لێی تا دواساته‌وه‌ختی کۆتاییهاتنی ژیانی مرۆڤه‌کان ده‌بێته‌ بارگرانییه‌کی زۆر بۆ مرۆڤه‌کان. ئه‌گه‌ر پیاو بێت و زیاد له‌یه‌کجار به‌و پرۆسه‌یه‌دا ڕۆشتبێت به‌جۆرێک ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ده‌بێت و ئه‌گه‌ر ژنیش بێت و ته‌نها بۆ جارێکیش بێت. ده‌رئه‌نجامه‌کان ژیانێکی خراپتر و مه‌ترسیدارتر چاوه‌ڕوانی ده‌کات له‌ داهاتوویدا.

ڕاسته‌ ئاسه‌روارو کاریگه‌ریی و زه‌ره‌رمه‌نده‌کان دوولایه‌نه‌ ده‌گرێته‌وه‌، به‌تایبه‌ت گه‌ر منداڵ له‌ئارادا بوو که‌ زۆرترین زیان و زه‌ره‌ری لێ ده‌که‌وێت، به‌ڵام بێگومان هۆکاره‌کانیش زۆرن له‌به‌رده‌م تێروانینی زۆرینه‌ی خه‌ڵکی له‌به‌رامبه‌ر خودی ئه‌و ژنانه‌ی جیابونه‌ته‌وه‌  یان پێیان ده‌وترێت ته‌ڵاقدراو له‌وانه‌ که‌لتوری کۆمه‌ڵ و عه‌‌قڵیه‌تی جیاکاری و جیاوازی خودی په‌روه‌رده‌ی تاکه‌کان له‌به‌رامبه‌ر ره‌گه‌زه‌کاندا، هه‌روه‌ک چۆن ئامۆژگاریکردنی پیاوانێک که‌ زیاد له‌یه‌کجار به‌و پرۆسه‌یه‌دا ڕۆشتبن به‌شێوه‌یه‌ک ئه‌نجامده‌درێت که‌ قبوڵکردنی ژیانی بێت به‌هه‌ر جۆرێک بێت له‌به‌ر عه‌یبه‌ و قسه‌ڵۆک و پاراستنی یپَگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی؛ به‌ڵام هیچ کام له‌و قسه‌و هۆکارانه‌ خزمه‌ت به‌ خودی خاوه‌ن دوولایه‌نه‌که‌ ناکات و هیچ کات له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وانیشدا نابێت. ئه‌مه‌ش به‌و واتایه‌ ده‌که‌وێته‌وه‌ که‌ خودی تاکه‌کان هێنده‌ی بۆ ئه‌وی تر ژیان به‌سه‌رده‌به‌ن، هێنده‌ بۆ خۆیان ناژین، نموونه‌ی ئه‌م بابه‌تانه‌یه‌ وا ده‌کات به‌گشتی له‌ کۆمه‌ڵگه‌  ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کاندا هاوڵاتیان له‌ دووفاقی و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاویدا ژیان بگوزه‌رێنن، هێنده‌ی ئه‌وه‌ی وه‌ک ئه‌وه‌ی خۆیان ده‌یانه‌وێت بژین وه‌ک مرۆڤ.

متمانه‌بوون و باوه‌ڕبوونی خودی ژنان به‌خۆیان و سه‌ربه‌خۆیی ئابوری و فه‌راهه‌مکردنی ژینگه‌یه‌کی ده‌روونی له‌بار بۆیان له‌لایه‌ک و له‌لایه‌کی دیکه‌ کارکردن له‌سه‌ر خوڵقاندنی ژینگه‌ و سسته‌مێکی په‌روه‌رده‌یی مرۆیی که‌ ته‌نها و ته‌نها ئیراده‌ و خواست و به‌رژه‌وه‌ندی خودی مرۆڤه‌کان تیایدا سه‌روه‌ر بێت و هه‌روه‌ها فه‌رامۆشکردن و گوێنه‌دان به‌ قسه‌وباسی خه‌ڵکی به‌مه‌به‌ستی سڕینه‌وه‌ی عه‌قڵیه‌تی هه‌موو ئه‌وهۆکارانه‌ی ناچاری لایه‌ک له‌دوو هاوسه‌ره‌که‌ یان هه‌ردووکیان ده‌کات بۆ مانه‌وه‌یان له‌ژیانێکدا که‌ هیچ مانا و به‌هایه‌کی  تێدا نه‌مابێت، ده‌روازه‌یه‌که‌ بۆ قبوڵکردنی کۆتایی هاتن به‌و په‌یوه‌ندییه‌ به‌شێوه‌یه‌کی سروشتی و مرۆیی تا له‌ ده‌رئه‌نجامدا که‌مترین زیان و ئازار و گرێی ده‌روونی و مرۆڤی تری نه‌خۆش بهێننه‌ دونیا و ژیانێکه‌وه‌ که‌ ببێته‌ هۆی درێژه‌دان به‌که‌لتور و ژینگه‌یه‌ک که‌ خراپتری لێ بکه‌وێته‌وه؛‌ نه‌ک باشتر.

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!