هه‌ست به‌ مرۆڤبوونی خۆم ناکه‌م !

0

کنێر عه‌بدوڵڵا

مردنی دایک و باوک له‌ خێزاندا وێڕای ئه‌وه‌ی واقعێکی سه‌خت و دڵته‌نگ  بۆ تا‌که‌کان ده‌خاته‌وه‌. زۆر جار شلۆقی و گرفت دێنێته‌ ئاراوه‌، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر سامان و موڵکیان  به‌ جێهێشت و به‌شێوه‌یه‌کی یه‌کسان دابه‌شیان نه‌کرد.

” هه‌ست به‌ مرۆڤبوونی خۆم ناکه‌م !” ده‌ربڕینی کچێکه‌ به‌رامبه‌ر به‌ تاقه‌ براکه‌ی که‌ له‌ موڵک و ساماندا دوو ئه‌وه‌نده‌ی به‌شی خوشکه‌که‌ی به‌رده‌که‌وێت. کارکردنی براکه‌ی به‌و بیروباوه‌ڕه‌ ته‌قلیدییه‌ی ناو کۆمه‌ڵگه‌ خوشکه‌که‌ی سه‌رسام کردوو‌ه‌ و تووشی راچڵه‌کینی کردووه‌؛ چونکه‌ براکه‌ی هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ جیاوازی نێوان نێرو مێ و پێشێلکردنی مافه‌کانی مرۆڤ بووه‌ له‌کاتێکدا خوشکه‌که‌ی ده‌ناڵێنێ  به‌وه‌ی  دابه‌شکردنی میرات به‌و شێوه‌یه‌ی ژن نیوه‌ی پیاوی به‌رکه‌وێت ناهه‌قییه‌کی ئاشکراو روونه‌ و توندوتیژی ده‌روونییه‌ به‌رامبه‌ر ژنان.

ئه‌نجامی ئه‌وه‌ش ئاڵۆزی که‌وتۆته‌ نێوانیان و کچه‌که‌ تووشی نائومێدی، بێ متمانه‌یی و سوکایه‌تیپێکردن بووه‌و هه‌ست ده‌کات مرۆڤی ته‌واو نییه‌. ئه‌م ناهه‌قییه‌ی براکه‌شی له‌ کاتێکدایه‌ کچه‌که‌ ساڵانێکی زۆر به‌ دیار براکه‌یه‌وه‌ دانیشتووه‌و به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ ده‌رفه‌تی شوکردنی له‌ده‌ستداوه‌. بێگومان هۆکاری ئه‌و گرفته‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئاین و ئه‌و یاسایانه‌ی پشتئه‌ستور به‌و بنه‌مایانه‌ داڕێژراون، باڵاده‌ستی پیاوسالاری، ژینگه‌ی په‌روه‌رده‌کردن و که‌لتوری کۆمه‌ڵگه‌؛ به‌ڵام هیچ کام له‌وانه‌ به‌ربه‌ست نین بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤی رۆشنبیر دژی ئه‌و جیاوازییه‌ نه‌وه‌ستێت و نه‌بێته‌ پێشه‌نگی گۆڕانکاری له‌ کۆمه‌ڵگه‌دا، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌نگاوه‌ ژیانی ماددی و مه‌عنه‌ویشی لێ بکه‌وێته‌وه‌؛ چونکه‌ ئه‌نجامنه‌دانی ئه‌و کاره‌ مانای دوو فاقییه‌ له‌ که‌سایه‌تی مرۆڤی رۆشنبیردا و به‌رده‌وامبوونی ئه‌و به‌ها کۆنه‌پارێزانه‌یه‌ که‌ رێگرن له‌ دادپه‌روه‌ری له‌ناو کۆمه‌ڵگه‌دا.

بابه‌تی تر بابه‌تی هاوشێوه‌

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!