Find anything you need on Yalla

چیرۆکی پیاڵە چاکەی ٨ مارس

0

گوڵ هەنار سەعدی

  ئێستا هەشتی مارسە و خانمان جلی کوردی دەپۆشن و دڵیان خۆشە بەم ڕۆژە، ئەمە تا بڵێی کارێکی چاکە بەڵام ئاخۆ ئەم خانمە دڵخۆشانە ئەوەشیان لەیادە کە ژنانی نیویۆرک کاتێ لە ساڵی  ١٨٥٦ ڕژانە سەر شەقام بەدەستێک لەتە نانێکی رووتیان گرتبوو و بەدەستەکەی تریشیان گوڵ، ئەو کات خانمان کاتێکی زۆرتر لە پیاوان کاریان دەکرد و کرێکەشیان زۆر زۆر کەمتر بوو لەوان، لە مافی دەنگدان و بەشداریکردن لە زۆربەی کایەکانی ژیان بێبەشبوون، ئەوان دەیانویست وەکو مرۆڤێکی ئاسایی بن و دەیانگووت ” ئێمە لە پیاوان کەمتر نین، ئێمە وەکو یەکترین”.

ئەم بەیانییە کە لەخەو هەستام و خەریکی ئامادەکردنی چای بووم، دەنگی چۆلەکە دەهات، ئیتر بەهارێکی خۆشە و گوناهە لە ژوورە چای بخۆیتەوە بەڵام چونکە من باخچەم نییە نەمزانی چۆن ئەم گرفتە چارەسەربکەم. بێ ئەوەی بیربکەمەوە تەنها چاکەتێکم لەبەرکرد و کوپی چای و کتێبێکم برد و چوومە ئەو باخچە بچووکەی پشت ماڵی خۆمان کە بەردەوام چۆل و هۆڵە و تا نیوەڕۆیەکی درەنگ جگە لەدەنگی چۆلەکە هیچی لێنابیسترێ و نابینرێ.

ئەمەش زۆر شتێکی گونجابوو بۆ من بەڵام تا گەیشمە باخچەکە چەند کەسێ بەعەنتیکەیی لێیان ڕوانیم کەچی من هەنگاوەکانم ئاسایی بوون و هیچ خۆم تێک نەدا. گەیتشمە ئەوێ و لەسەر یەکێ لەکورسییەکان دانێشتم، هەموو شتێ باش بوو تا ئەوکاتەی هەستم بەجوڵەکرد و ئیتر خەریک بوو پیادە  بۆ کورت کردنەوە رێگە بەناو باخچەکەدا دەرۆیشتن، یەکێ لەوانەش خانمێکی گەنجی عەبا بەسەربوو کە نەیدەتوانی بەنیگای تووڕە سەیرم نەکات، هەرچەند لەخۆم وردبوومەوە هیچی هەڵەم تێدانەبوو. جلێکی ئاسایی و دانێشتنێکی زۆر ئاسایی تەنها کوپێک چای و کتێبێکی بچووک، ئەوکات هێنامە پێش چاوی خۆم ئەگەر ئەمە دیمەنی کوڕێک بوایە ئایا سەرنجی کەسی رادەکێشا؟ بێگومان نا…

 بەر لەسەدەیەک خانمان بەدەستێک گوڵیان بەرزکردۆتەوە و بەدەستێکیش لەتێک نان تا لەمن و تۆ بگەیەنن کە بەڵێ ئێمە میهرەبان و ناسکین بەڵام ئێمەش وەکو پیاوان بژێوی ژیان پەیدادەکەین، ئێمەش دەتوانین بەرپرسیاریەتی هەڵگرین، ئەوان ویستوویانە لە پیاوان و خانمانی ئەو سەردەمە بگەیەنن کە ئێمە وەکو یەکترین. ئەوەش کە بۆ پیاو هەڵەیە بۆ ژنیش هەڵەیە و پێچەوانەکەشی هەر راستە، چونکە هەڵە و راست دەبێت پەیوەندی بە مۆراڵی تاکەکانەوە هەبێت نەوەک جیاکاری و عادەت گرتن.

من دەزانم ئەو خانمەی کە بەتووڕەیی سەیری کردم بەچاوی خۆی سەیرم ناکات، بەڵکو بەچاوی براکەی یان مێردەکەی ئەم دیمەنە دەخوێنێتەوە، پێم وایە ئەم کێشەی باڵانسە و نەبوونی هاوسەنگییە لەم کۆمەڵگایە بەرپرسیاریەتی خۆمانە و بۆ خودی خۆمانی دەگەڕێنمەوە.

سەرجەم شەقام  و باخچە و کافێ و رێستوارنتەکانی ئەم شارە چەندە هی پیاو و کواڕنە ئەوەندەش هی من و تۆن، بۆیە وەرە دەرەوە و سڵ لەهیچ مەکەوە، دڵنیابە کە ئەو کات هیچ کەس نامۆ سەیرمان ناکات، جا چ  لەکاتی چای خواردەنەوە بێت لە بەخچەکەی پشت ماڵەوەتان یان کردنەوەی دوکانەکەت بێ لەناو جەرگەی بازاڕ، هەموو ئەمانە ئاسایی دەبن چونکە من و تۆ لامان ئاسایی دەبێت، لەوانەشە ئەوکات ٨ مارس وەکو هەر رۆژێکی تر بێ لەلامان چونکە هەموو ڕۆژەکان چۆن هی پیاوانن هی ئێمەشن.   

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!