Find anything you need on Yalla

گرفتەکانی بەردەم ئافرەتانی شۆفێر لە کوردستان

0

ئامادەکردنی : ئیدریس پاڵانی

شۆفێریی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە و بووە بە دیاردەیەکی ئاسایی وەکو هەر وڵاتێکی پێشکەوتوو، بەپێی ئامارەکان ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر لە ئافرەتان مۆڵەتی شۆفێری دەرئەهێنن، سەرەڕای ئەوەی لە شەقامەکانی کوردستان چەندین شۆفێری ئافرەت ئەبینین بەڵام هێشتا ئەوانیش بێ گرفت نین و توشی چەندین کێشە دەبنەوە، کوردستانیش وەك هەر کۆمەڵگەیەك لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاین و کلتورو دابونەریت کاریگەری زۆری هەبووە لەسەر خەڵکەکەی، ئەمەش وای کردووە تا ئێستا کەسانێك شۆفێری ئافرەتیان پێ قبوڵ نەبێت و ئاستەنگیان بۆ دروست بکەن.

دکتۆرە ڕێواس کە زیاتر لە ٥ ساڵە شۆفێرە ئەڵێت: “ئێستا کوردستان وەک جاران نیە، شۆفێری زۆر ئاسایی بووە، بەڵام ئەمەش لە خێزانێك بۆ خێزانێکی تر جیاوازی هەیە، من باوکم خۆی فێری شۆفێری کردم و نەك ڕێگر نەبوو، بە پێچەوانەوە زۆر هاندەرم بوو و حەزی ئەکرد منیش فێربم و کارەکانی خۆمی پێ جێبەجێ بکەم، وە ئێستاش هاوسەرەکەم ڕێگر نیە و زۆر جار ئەویشم لەگەڵە بەڵام خۆم شۆفێرییەکە ئەکەم”، لەگەڵ ئەوەشدا نەیشاردەوە کە چەندین جار توشی گرفت بووە، ئەو ئەڵێ: شتێك کە زۆر بێزارم ئەکات ئەوەیە، زۆرجار کە بە شوێنێکدا ئەڕۆی پیاوان بە جۆرێك سەیرئەکەن وەك ئەوەی بڵێن “ئافرەت و شۆفێریان نەوتووە و قوەت نابن بە شۆفێر” ، یاخود لە هەندێ شوێن پێیان وایە ڕێزت لێ ئەگرن یان یارمەتیت ئەدەن، بە خەڵکەکەی تر ئەڵێن ڕێگای بۆ بکەنەوە با ئۆتۆمبیلەکەی ڕابگرێت، ئەو گومانە لەلام دروست ئەبێت ئاخۆ ئەبێ منی پێ شۆفێر نەبێ یان چی؟! بەڕاستی زۆر پێی بێزار ئەبم و حەزدەکەم ئەو دیاردەیە نەمێنێ.

سارا، لە زانکۆ ئەخوێنێ و بە ئۆتۆمبێلی خۆی هاتۆچۆ ئەکات وتی: سەرەتا ماڵەوە ڕازی نەبوون مۆڵەتی شۆفێری دەربهێنم، بەڵام دواتر کە تێگەیشتن هیچ تاوانێکی تیا نیە و ئەوە باشترە لەوەی لەگەڵ تاکسی بە تەنها بڕۆم رێگایان پێمدا، کێشەیەکی تر هەیە زۆر ناخۆشە بۆ کچان، لەم ڕۆژانە پێش گەنجێک کەوتم، بینی ئافرەتم کەوتە پێشبڕکێ لەگەڵم، پێی قبوڵ نەدەکرا ئافرەتێك پێشی بکەوێ، یان زۆرجار لە ڕێگاکان کە دەبینن کچ شۆفێرە، کوڕان هەوڵ ئەدەن لە تەنیشتیەوە بڕۆن و قسەی لەگەڵ بکەن یان توانجی لێ بدەن،هەرچەندە ئەو دیاردانە کەمن بەڵام بەڕاستی زۆر ناشرینن و هیوادارم کۆتاییان پێ بێت.

ئالان ئازاد دەرچوویەکی زانکۆیە و پێی وایە ژن وپیاو هیچ جیاوازییەکیان نیە، لەگەڵ ئەوەشدا کە ئافرەتان هەندێ کەموکوڕیان هەیە لە شۆفێریدا بە تایبەت ئەوانەی تازە دەست پێدەکەن، بۆ نمونە هەندێ جار قەرەباڵغی دروست ئەکەن لە ترافیكەکان، یان ئەچنە سەر هێڵی خێراو هێواش ئەڕۆن، بەڵام ئەمانە لە ئەنجامی ترسە و شۆفێری ئافرەتیش هەیە کە لە پیاوان باشتر شۆفێری ئەکەن، بۆیە نابێت پێمان وابێ ئافرەت مافی شۆفێری نیە، ئەو ئەڵێت: ئەوانەی لە جادەکان بە هۆڕن و تانە و تەشەر ئازاری شۆفێری ئافرەت ئەدەن، ئەوا هێشتا لە سەردەمی بەردین ئەژین و هێشتا وەک مرۆڤێکی بێ هێز و بێ دەسەڵات سەیری ئافرەت ئەکەن، بۆیە چاویان بەوە هەڵنایەت ئافرەتان شان بە شانی ئەوان شۆفێری بکەن، وە هەندێکیان بۆ خێزانی خۆیان قبوڵی ناکەن بۆیە ئەیانەوێ دژی ئەوانەش بن کە ئازادیان پێدراوە.

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!