ئامارەکانی میدیا چیمان پێ دەڵێن!

0

کنێر عه‌بدوڵڵا

ڕاگه‌یاندنی بینراو به‌ گرنگترین ئامرازه‌کانی کاریگه‌ر داده‌نرێت له‌سه‌ر کۆمه‌ڵ،هاتنه ‌پێشه‌وه‌ی ژنانی میدیاکار، زه‌مینه‌ی وتووێژی زیاتری هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌ له‌باره‌ی نه‌ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌ت و که‌میی ڕێژه‌ی ژنان و نه‌بوونی باڵانسی جێنده‌ری له‌ که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندندا.

 به‌پێی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کم ‌ له‌ کۆتایی ساڵی 2016دا ،  له‌ کۆی 6 ته‌له‌فزیۆنی هه‌رێمی کوردستان‌، ده‌رده‌که‌وێت: له‌ (21) ئه‌ندامی بۆردی کۆی ته‌له‌فزیۆنه‌کاندا، ته‌نیا (4) يان ژنن‌، له‌ کۆی (42) به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ش (39) به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ش پیاون و ته‌نیا (3) به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی ته‌له‌فزیۆنه‌کان ژنن، به‌ڕێوه‌به‌ره‌کانیان ڕێژه‌ی 100% پیاون، به‌رامبه‌ر ڕێژه‌ی ژن که‌ بریتییه‌ له‌ 0%،  له‌ کۆی 6 ته‌له‌فزیۆندا، ته‌نیا یه‌ک ته‌له‌فزیۆن جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌یه، ژماره‌ی ئاماده‌کاری به‌رنامه‌کانی ته‌له‌فزیۆن له‌ 110 که‌س، (66) يان پیاون، به‌رامبه‌ر (44) ژنی ئاماده‌کار.

له‌ کۆی  (1282) کارمه‌ند له‌ ته‌له‌فزیۆنه‌کاندا، ته‌نیا (363) کارمه‌ندی ژن هه‌یه‌ ، له‌ کاتێکدا کارمه‌ندانی پیاو ده‌کاته‌ (919)، واته‌ پیاوان سێ ئه‌وه‌نده‌ی ژنانن.

په‌یامنێری ته‌له‌فزیۆنه‌کان ده‌کاته‌ (156) ،  ته‌نیا (18) په‌یامنێریان ژنه‌ و ئه‌وانیتر پیاون، که‌ ده‌کاته‌  138 که‌س.

ده‌رئه‌نجامه‌کان پێمان ده‌ڵێن،  ته‌له‌فزیۆنه‌کان نه‌یانتوانیوه‌ باڵانسی جێنده‌ری بپارێزن و رۆڵیان هه‌بێت له‌ نه‌هێشتنی ئه‌و که‌لتوره‌ باوه‌ی کۆمه‌ڵ، که‌ هه‌میشه‌ ژنی فه‌رامۆش کردووه ، چونکه‌ ده‌رهاویشته‌ی واقعی کۆمه‌ڵن‌ که‌ تا ئێستا که‌لتوری جیاکارانه‌ی پیاوسالاری زاڵه‌ و به‌ ئه‌نانییه‌ت، بێتوانا، پاشکۆ وه‌سف ده‌کات، وه‌ک ئامراز له‌ ڕێکلامه‌کاندا بۆ سێکس به‌کار ده‌هێنرێت و خستنه‌ڕووی وێنایه‌ک که‌ خۆی له‌  دایکێکی به‌خشنده‌، ژنه‌ هاوسه‌رێکی کڕنۆشبه‌ر و کچێکی گوێڕایه‌ڵدا ده‌بینێته‌وه‌.

‌تا ئێستا که‌ناڵه‌کان زیاتر پشت به‌ که‌سایه‌تی ناپسپۆر ده‌به‌ستن، که‌ ده‌رئه‌نجام ده‌بێته‌ هۆی دوورکه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی به‌توانا و جدین .

ڕێگرییه‌کانی کارکردنی ژنانیش له‌م بواره‌دا زۆرن و خۆی له‌  فاکته‌ره‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسیی و ڕێگرییه‌ ئابوورییه‌کاندا ده‌بینێته‌وه.‌

به‌ گشتی میدیای کوردی سه‌ربه‌خۆ نین ، بگره‌ بەرهەمهێنەری كۆمەڵی كوردی نییە، ئەوەندەی تەقلیدە، هه‌روه‌ها نەبۆتە كه‌لتووری كاركردن‌ وبەبایەخەوە‌ ئەكادیمییانه‌ كاری پێ نەكراوە، وه‌ زۆربەی ئەوانەی كاری تێدا دەكەن به‌هۆی حەز یان به‌هۆی پاڵنەری ماددی‌ و به‌ده‌ستهێنانی كاره‌.

له‌ ڕووی كه‌لتوریه‌وه‌ ئه‌و بواره‌ به‌شیاو نازانرێت بۆ ژنان  و‌ زۆریی ماوه‌ی كاركردن لە بواری میدیادا ‌و دەركەوتنی که‌سه‌کان له‌ نێوەندی كۆمەڵد‌ا ‌، ده‌بنه‌ جێی پرسیار بۆ ژنان، ئەمە وێڕای ئەوەی كه‌لتووری پەروەردەیی بە شێوەیەكە متمانە بە ژن ناكرێت‌ و  خۆیشیان متمانەیان بە خۆیان نامێنێت.

میدیا كارێكی تاقەتپروكێن ‌و ماندوبوونە‌، بۆیه‌ سەرقاڵبوونی ژنان بە ئەركی ماڵ ‌و بەخێوكردنی منداڵ ‌و هتد، وایكردووە گەر ئارەزووی كاركردنیشی هەبێت دەرفەتی بۆ میدیا تەسك بكاتەوە،  بۆیە ئەوندە دەتوانن بەردەوام بن كە كچن ‌وهاوسەرگیریان نەكردوە.

بۆیه‌ که‌می ژنانی میدیاکار کاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر ستراتیژی ته‌له‌فزیۆن و بڕیاردان، بۆیه‌ دامه‌زراوه‌کان وژنان پێویستیان به‌ پیاچونه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌مه‌به‌ستی رۆڵبینینی میدیاکان به‌شێوه‌یه‌کی پرۆفشناڵتر و کاریگه‌رتر.

بابه‌تی تر بابه‌تی هاوشێوه‌

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!