ئێستا بۆ کوێ؟

0

گوڵ هەنار سەعدی

فیلمی ” هەلا‌ لەوین” واتا ( ئێستا بۆ کوێ؟ ) فیلمێکی لوبنانییە و بەدەیان خەڵاتی جیهانی بەدەست هێناوە، من  خۆم دەمێكە بینیومە، بەڵام ئەم هەراو بەزمەی چەند ڕۆژە وای لێکردم کە جارێکی تریش سەیری بکەمەوە، چونکە هەستم بە لێکچوونێک کرد.

وەکو زانراوە کە لوبنان لە ساڵانی ١٩٧٥ تاوکو ١٩٩٠ بەدەست شەڕی ناوەخۆوە  ناڵاندوویەتی، شەڕەکەش لەنێوان مسوڵمان و کریستییانەکانی ئەم وڵاتە بوو،  ودوای ئەو هەموو شەڕ و کوشتارە  هاوڵاتییەکان بۆیان دەرکەوت کە ئەم شەڕە جگە لەزیان هیچی تری بۆ هەردوولا پێ نەبووە، چونکە لە کۆتاییدا هیچیان بەهیچ نەکرد.

♦ جوانی ئەم فیلمە لەوەدایە کە دەرهێنەرەکەی خانمێکە بەناوی  ” نادین لەبەکی” و بە دید و ڕۆحێکی ژنانەی جوان باس لە ناشیرینی جەنگ دەکات،  نادین لەسەرەتای فیلمەکە نووسیویەتی ” بە دایکان پێشکەشە ” واتە فیلمەکەی پێشکەش بەهەموو دایکێك کردووە،  ئافرەتیش لە فیلمەکەی پاڵەوانی سەرەکییە،  هەرچەندە فیلمەکە باس لە جەنگ دەکات بەڵام ئەگەر سەیری ترەیلەرەکەی بکەن واهەست دەکەن کە فیلمێکی کۆمێدییە:

https://www.youtube.com/watch?v=x4JojTPmRvw

بەڵام فیلمەکە بەهیچ شێوەیەک کۆمیدی نییە بەڵکو زۆریش جدییە،  لە دەوروبەری ساڵی ٢٠١٠ خەریک بوو  لوبنان جارێکی تر تووشی شەڕی ناوەخۆ ببێتەوە،  ولەم کاتەش دەرهێنەرەکە دووگیان بووە و نەیویستووە کە کوڕەکەی لە هەمان ئەو دۆخە بژیێ کە خۆی پێیدا تێپەڕیووە.

• ڕووداوەکانی ئەم فیلمە باس لە گوندێکی بچووک دەکات کە بە مین دەورە دراوە،  دانیشتوانەکەی کە نیوەیان مسوڵمانن و نیوەکەی تریشیان کریستیانن ناتوانن بەئاسانی بچنە دەرەوەی گوندەکەیان،هەر بۆیە ئاگایان لەو شەڕانە نییە کە لە شارەکان ڕوودەدات،  بەڵام کاتێک کە سەتەلایتێک دەکڕن بۆ گوندەکەیان و ئێواران کۆدەبنەوە تاوەکوسەیری بکەن تێدەگەن کە هێشتا شەڕ بەردەوامە، ژنەکانی گوندەکە هەموو شتێک دەکەن تاوەکو پیاوەکان بە هەواڵەکان نەزانن و تێ نەگەن کە دەنگوباس چییە، هەر بۆیەش سەتەلایتەکە تێک دەدەن..

• وەکو ووتم فیلمەکە بەشێوەیەکی سیریالی هەوڵدەدات کە چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزێتەوە، بەڵام لەهەمان کاتیش ئازایەتی ژن و ژیان دۆستی و حەزی ئافرەتان بۆ ئاشتی و پاراستنی گیانی هەمووان نیشان دەدات، بەتایبەتی لە یەکێ لە مەشهەدەکان کاتێ یەکێ لە ژنەکان گولەیەک لە قاچی کوڕە مەسیحییەکەی دەدات نەوەکا بچێتە شەڕی مسوڵمانەکان.

• دواین بەشی فیلمەکە کە بەڕای من هەم چارەسەرێکی کۆمیدی لەهەمان کاتیش زۆر جدی پێشکەش دەکات و هەم جۆرێکیشە لە یاخیبوونی ژنانی گوندەكە لە حەزی شەرانگێزی و ڕەگەزپەرستی مێرد و کورەکانیان، کاتێ بەیانییەک پیاوەکان بەخەبردێن و هەموو ژنانی گوندەکە ئاینی خۆیان گۆڕیوە، واتە ژنە کریستییانەکان بوونەتە مسوڵمان و ژنە مسوڵمانەکانیش خۆیان کردووە بە مەسیحی،  وادیارە (نادین لەبەکی) دەیەوێت بڵێ کە ” هیچ شتێک لە گیانی مرۆڤەکان گرنگتر نییە تەنانەت ئاین و بیروباوەڕیش” .

من ئەوکاتەی سەیری ئەم فیلمەم دەکرد و ڕووداوەکانی ئەم چەند ڕۆژەم دەهێنایە پێش چاوی خۆم، هەمان ڕام هەبوو، چونکە هیچ شتێک لەژیانی پیاوان و منداڵەکانمان خۆشەویستر نییە و مێژووی مرۆڤایەتیش سەلماندوویەتی کە لەکۆتاییەکەی هەر دەبێت بچێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ!

بابه‌تی تر بابه‌تی هاوشێوه‌

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!