Find anything you need on Yalla

ئەم پرسیارانە مافى تۆ نیە!

0

ئا: بینایی شۆرش

موچەکەت چەندە؟ کەی بەنیازیت هاوسەرگیری بکەیت ؟ ئەو جلانە چییە لەبەری ئەکەیت ؟
ئەم ڕستانەو زۆر ڕستەی تر کە ڕۆژانە بەر گوێمان دەکەوێت و شێوازی سەرسوڕمان و پرسی پێوە دیارە گەرچی پرسیاری سادەن بەڵام زۆر جار دەبێتە هۆی دروستبوونی ڕق و تێکچوونی پەیوەندییەکانمان و ئازاردانی یەکتر ، ئێستا لە خۆت بپرسە من بۆچی ئەم پرسیارانە دەکەم یاخود چ پێویستە وەڵامیان بدەمەوە لەکاتێکدا بێزارم دەکات ، یاخود بۆ دەبێت من بزانم کە هاوڕێکەم پەیوەندییەکی بۆ هات لەگەڵ کێ قسەی دەکرد و باسی چی دەکرد .

خۆهەڵقورتاندن
دیاردەیەکی نەشیاوی کۆمەڵایەتی بڵاوە لە نێو خەڵکدا و لە هەموو کۆمەڵگایەکدا بوونی هەیە و بە پێی ئاستی ڕۆشنبیری و شارستانی دەگۆڕێت ، ئەم دیاردەیەش بەچەند هەنگاوێکدا تێپەڕ دەبێت لە سەرنجدان و چاودێری کردنەوە دەستپێدەکات و پاشان ئامۆژگاری کردنی کەسەکە و دواجاریش بە دەنگە دەنگ و ناخۆشی کۆتای دێ.
با بگەڕێینەوە سەرەتا ئێمە دوو هاوڕێین و لە زانکۆ پێکەوە دەخوێنین پێویست ناکات زۆر سەرنجم بدەیت یاخود چی ئەبێت گەر خۆت هەڵنەقورتێنیتە ژیانمەوە ، ئایا دەزانی ئەو کەسانەی خۆیان لەژیانی کەسانی تر هەڵدەقورتێنن بۆ ئەو کارە دەکەن ؟ تاوەکو کاتە بەتاڵەکانیان پڕ بکەنەوە یاخود دەیانەوێت خاڵی لاوازی کەسەکان بزانن و لەدژیان بەکاری بهێننەوە ، کەسانێکی سەرنەکەوتوون و سنور نازانن و بە دەست کێشەی دەرونی دەناڵێنن و لەو ڕێگەیەوە خۆیان بەتاڵ دەکەنەوەو وا هەست دەکەن پاڵەوانن گەر وەڵامی ئەو پرسیارانەیان دەستبکەوێت کە پەیوەندی بەوانەوە نییە لە کاتێکدا کەمترین ئاستی ڕۆشنبیری کەسێک کە هەیبێت ئەوەیە خۆی لە ژیانی کەسانی ترەوە هەڵنەقورتێنێت، لەوانەیە لات ئاسایی بێ کە چەند پرسیارێکت لێبکرێت وەک لە کوێ دەخوێنیت ؟ یاخود چ بۆنێک بە کاردەهێنیت ؟ بەڵام زۆر پرسیار هەن کە پێویست ناکات وەڵامیان بدەیتەوە بۆیە نابێت ڕێ بە کەسانی تر بدەیت کار بکەنە سەر بڕیارەکانی ژیانت و ببنە هۆی گۆڕینی بیرو ڕات وەک ئەوەی هەمووان مافیان هەبێت لە ژیانت و هەڵبژاردنەکانی ژیانت ،تۆ مرۆڤیت ، منیش مرۆڤم ، مرۆڤیش بوونەوەرێکی گۆڕاو و جیاوازە لە ڕووی جەستەیی و دەروونی و هەمووان ئازادن و بیرکردنەوەی تایبەت بەخۆیان هەیە و و مافی خۆیانە کە هەر بڕیارێک بدەن لەژیانیان ، کاتێک تۆ حەز بە خواردنێکی پڕ بەهارات دەکەیت مەرج نییە نزیکترین هاوڕێت حەزی لێ بکات ، گەر هەمووان حەزیان لە پایز بووایە ئەوا تەنها پایز دەبوو.

هەرگیز لەبیری نەکەیت کە کێشەکانت ، هەڵەکانت ،هەڵبژاردەکانت، ژیانت موڵکی تۆن و پەیوەندی بەکەسی ترەوە نییە، هەمووان ژیانێکی تایبەت بە خۆیان هەیە دەتوانن بەو جۆرە بژین کە دەیانەوێت نەوەک بەو جۆرەی کەسێکی تر دەیەوێت.

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!