Find anything you need on Yalla

توونی بابا عەمرە ! باوەڕ دەکەیت لە کوردستان شوێنێکی وەها هەبێت !

0

ئامادەکردنی : داستان محمد

هەرێمی کوردستان خاوەن ژمارەیەکی زۆر لە شوێنی سەرنج ڕاکێشی گەشتیاری و گرنگە ئەگەر ئاوڕێکیان لێبدرێتەوە، (توونی بابا عەمرە) ناوی دۆڵێکی تەنگ و باریکە و لە شوێنێكی تاریکی ناوچەی دەربەندیخانە، بۆ ماوەی سەدان ساڵ ئەم توونە ببووە ئەفسانەیەکی نهێنی ئامێز بۆ خەڵکی ناوچەکە و لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستانیش دەنگی داوەتەوە.

بەهۆی ئەوەی دۆڵەکە ژمارەیەکی یەکجار زۆر ڕێگای لێ جیا دەبێتەوە  بۆیە لە کۆندا ئەو  کەسانەی شارەزای دۆڵەکە نین ڕێگایان لێ ون بووە و نەگەڕاونەتەوە هەر ئەمەش بۆتە هەوێن بۆ دروست بوونی ئەفسانە بۆ  شوێنێکە، دەڵێن هەر کەسێک چووبێتە ناو دۆڵەکە نەگەڕاوەتەوە ئەویش بەهۆی بوونی ئاژەڵی ئەفسانەی دڕندەیی، هەر بۆیە لە ناو کوردەواریدا ئەگەر ڕقیان لە کەسێک بێت دەڵێن ( ئاوی ئاموون و توونی بابا چی) ، ئاوی ئاموون دیار نییە مەبەست لە چییە بەڵام ئاموون لە کۆندا خوای میسریەکان بووە ، دەکرێ ئاوی ئاموون مەبەست ڕووباری نیل بێت کە ئاوێکی زۆری هەیە ، هەندێ کەسیش دەڵێن مەبەست ڕووباری (ئاموور) ە لە ڕووسیا بەهەر جۆرێک بێت پەندەکە مەبەستی ئەوەیە کە هەر کەسێ بچێتە توونی بابا ئاوێکی زۆر دەیبات و ناگەڕێتەوە ، دیارە لە زستاندا ئاوێکی زۆر و بە خوڕ بە ناو دۆڵەکەدا دەڕوات بۆیە مرۆڤ ناتوانێ پێیدا تێپەڕ ببێت.

هەرخەڵکی ناوچەکە چیرۆکێکی دیکەی ئەفسانەیان دەربارەی ئەم ناوچەیە دروست کردووە کە سەردەمی خۆی وەک چیرۆکی شەوان بۆ منداڵان باس کراوە و لە ئێستادا بۆتە بەشێک لە چیرۆکەکانی زمانی کوردی ، ئەفسانەکە بەم جۆرەیە:

لە کۆندا پاشای ئەو ناوچەیە  بڕیاردەدات كچەكەی خۆی پێشكەش بەو كەسە ‏بكات كەدەڕواتە نێو توونەكەو زانیاری لەسەر بۆ دێنێت، سەرئەنجام كوڕێك كەزۆرعاشقی كچەكەی ‏دەبێت، بڕیار دەدات لەگەل باوكیدا بڕوات‌و پاش گەیشتنیان شەویان بەسەردا دێت و تووشی ‏ترس و دڵەراوكێ دەبن، بۆیە باوكی كوڕەكە بڕیار دەدات بەپێچەوانەی یەكترەوە بخەون، (واتا سەری ‏كوڕ لەخوارەوە بێت ‌وسەری باوكەكە لەسەرەوە بێت). ‏

دەڵێن لە ناو توونەکەدا دێوێکی ترسناک هەبووە ، هەر بۆیە شەو کاتێک دێوەکە دەردەكەوێت‌ و دەجێتە لای باوک و کوڕ و دەبینێ یەك مرۆڤن و دوو سەریان ‏هەیە، دەڵێت: (توونی بابە عومرە هەزارو نەوەدو نۆ دەرە ،هێشتا نەمدییە ئادەم دووسەرە)، ئەو دێوە بەبینینی ئەو دیمەنە دەڕوات‌و پاشان كوڕو باوك بەسەلامەتی دەگەڕێنەوە، بۆیە ئیتر ئەو ‏ناوەی پێوە دەنرێت، كە هەندێك پێیان وایە ناوی باوكی كوڕەكە بابە عومرە بوو، هەندێكی تر ‏پێیانوایە زیاتر لێكدانەوەی زمانەوانییەكەیەتی، واتە تەمەنێكی دەوێت بۆ ئەوەی بەو توونەدا ‏بڕۆیت.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا گروپەکانی شاخەوانی چەندان گەشتیان بۆ ناو توونەکە ڕێکخست و هەموو ترس و دڵەڕاوکێکانیان ڕەواندەوە ، جگە لەوەش ئاشکرا بوو کە توونەکە شوێنێکی یەکجار سەرنج ڕاکێشی گەشتیارییە ئەگەر ئاوڕی لێ بدرێتەوە ، چونکە ئەم دۆڵە شێوە جیۆلۆجیەکەی  شوێنی زۆر سەرنج ڕاکێشی لێ دروستکردووە بە جۆرێک لە چەندان شوێن تاڤگەی بچووکی ئاوی تێدایە، کەسانی شارەزا ڕێنمای خەڵک دەکەن کە بە تەنیا نەچنە ناو دۆڵەکە و بە گرووپ بچن چونکە دۆڵەکە ڕێگای ئۆتۆمبێلی نییە و لقی زۆر لێ دەبێتەوە، هەر بۆیە پێویستە کەسێکی شارەزا ڕێنوێنیان بکات و نیشانە لە ڕێگای ڕۆیشتنیان دابنێن بۆ ئەوەی بە هەمان ڕێگادا بگەڕێنەوە.

هەندێ کەس دۆڵی توونی بابا دەچوێنن بە دۆڵێ (گراند کانیۆنی ) ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

*وێنەکان لە فەیسبووکەوە وەرگیراون

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!