تۆ بڕیاردەریت، کامیان هەڵدەبژێریت؟

0

کنێر عه‌بدوڵڵا

له‌ په‌یوه‌ندییه‌ مرۆییه‌کاندا هیچ کات زمانی ناوزڕاندن نابێته‌ ئه‌لته‌رناتیڤی زمانی مه‌نتق، وێڕای ئه‌وه‌ی مه‌ودای نێوانیان به‌نده‌ به‌ کۆمه‌ڵه‌ هۆکارێکه‌وه‌ که‌ ده‌رئه‌نجام وا ده‌کات دوو به‌ره‌ی جیا، دوو مرۆڤی جیاواز، دوو ژینگه‌ و جیهانبینی دوور له‌یه‌ک و دوو عه‌قڵیه‌ت و که‌سایه‌تی و لایه‌نی جیاواز بخوڵقێت؛‌ دواتر جگه‌ له‌ قوڵکردنه‌وه‌ی ململانێ و به‌ره‌به‌ره‌کانی یان گۆڕینی ئاڕاسته‌ی ره‌وته‌کان‌ به‌ره‌و لایه‌ن و بابه‌تێکی تر؛ هیچ شتێکی تر به‌رهه‌م ناهێنێت و خزمه‌ت به‌هیچ لایه‌ک ناکات.

له‌ کۆمه‌ڵگەی رۆژهه‌ڵاتدا، له‌کاتی ناکۆکی و توڕه‌بونه‌کانی نێوان مرۆڤه‌کان به‌تایبه‌ت له‌ بواری کۆمه‌ڵایه‌تی وسیاسیدا ژنان ده‌کرێنه‌ ئامڕازی مه‌به‌سته‌کان، به‌و واتایه‌ی ناوزڕاندن و توانج و تانه‌لێدان لەژنان ده‌بێته‌ چه‌قی به‌تاڵکردنه‌وه‌یان و به‌شێوه‌ی جیا هێرش ده‌کرێته‌ سه‌ر که‌سایه‌تیان که‌ به‌ هه‌موو بنه‌مایه‌کی مرۆیی و ئه‌خلاقی دووره‌ له‌ مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ مرۆڤدا، چونکه‌ هیچ کات جیاوازی له‌ ڕووی ڕه‌گه‌ز، ئاین، بنه‌ماڵه‌ و فکرو ئایدۆلۆژییه‌کان نابێت ببێته‌ هۆکارو پاساوێک بۆ به‌کارهێنانی شکاندن و ئازاردانی جه‌سته‌یی یان مه‌عنه‌وی ئه‌وی دی،‌ وه‌جگه‌ له‌ نیشاندانی نمایشکردنی هێزو لاوازبوون و به‌تاڵکردنه‌وه‌ی عه‌قڵی تاکه‌کان له‌ مه‌نتق وعه‌قڵه‌وه‌، هیچ شیکارییه‌کی تری بۆ ناکرێت.  

هێرشکردنه‌ سه‌ر که‌سایه‌تی ژنان، به‌شێوه‌ی جیاواز ته‌واوکه‌ر و درێژه‌پێده‌ری ئه‌و زنجیره‌ یه‌ک له‌دوای یه‌کانه‌یه‌ که‌ ده‌خرێته‌ سه‌ر ژنانێکی دیار کاتێک‌ ده‌یانه‌وێت له‌ڕێی ده‌ربڕینی فکرو دیده‌کانیانه‌وه‌ گفتوگۆو دیالۆک بکه‌ن یان کاتێک ده‌رکه‌وتوو و سه‌رکه‌وتوو ده‌بن یاخود کاتێک ده‌چنه‌ پرۆسه‌ی سیاسی و هه‌ڵبژاردنه‌کانه‌وه‌.

بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ڕووی دیدو تێروانینیانه‌وه‌ جیاوازن گرنگه‌ هه‌مان زمانی بابه‌تیانه‌ و دیالۆک به‌کاربهێنن، گه‌ر ناتوانن هه‌وڵ بده‌ن فێری ببن و گه‌ر  باوه‌ڕیان به‌ فێربونیش نییه،‌ باشتره‌ بێده‌نگی بکه‌نه‌ هه‌ڵوێستیان وه‌ک له‌ شکاندن و بچوککردنه‌وه‌ی خۆیان، چونکه‌ ده‌رئه‌نجام و له‌ کۆتاییدا ته‌نها زمانی مه‌نتق و فکر وگفتوگۆ ده‌بێته‌ پێوه‌ری جیاکردنه‌وه‌ و رێزگرتنی مرۆڤه‌کان وه‌ هه‌ڵوێست و ره‌فتاری دوور له‌ توندوتیژی ‌ که‌ ده‌بێته‌ بنه‌مای په‌یوه‌ندی راست و دروست بۆ خزمه‌تی مرۆڤایه‌تی، وێڕای ئه‌و ڕاستییه‌ی هه‌ڵبژاردنی هه‌ر شێوازێک باجی خۆی هه‌یه‌، بۆیه‌ له‌ کۆتاییدا تۆی وه‌ک مرۆڤ سه‌نته‌ری بڕیاردانیت، کامیان هه‌ڵده‌بژێریت زمانی ناوزڕاندن یان زمانی مه‌نتق؟ به‌ڵام پێویسته‌ بزانیت له‌دواجاردا ده‌رئه‌نجامه‌که‌ی هه‌ر شتێک بێت، ده‌بێت به‌رپرسیارێتییه‌که‌ی هه‌ڵبگریت‌.  

بابه‌تی تر بابه‌تی هاوشێوه‌

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!