تۆ وەکو من مەبە!

0

گوڵ هەنار سەعدی

لەیادمە کە لە قۆناغی یەک بووم لەزانکۆ، سەرەتا زۆر بە پەرۆش بووم،  چونکە ئەو بەشەی لێی وەرگیرابووم بە دڵی خۆم بوو، هەر بۆیە جیاواز لە قوتابیەکانی تر خۆم بۆ لێکچەرەکان ئامادە دەکرد و تەنانەت وەکو قوتابیانی قۆناغی چوار هەردەم لە کتێبخانە بووم، تا هەفتەی دووەم هیچ گرفتێکی ئەوتۆم نەبوو،  بەڵام دواتر تووشی دڵشکانێکی  گەورەهاتم.

ڕۆژ دوای ڕۆژ کە مامۆستاکان دەهاتن و خۆیان بە ئێمە دەناساند، درزێک لە خەونەکانم درووست دەبوو تا ئەوکاتەی کە تێگەیشتم کە هەڵپەهەڵپی من بۆ خۆئامادەکردنی پێش وەختەم بۆ وانەکان و پرسیارەکانم هیچ بایەخێکی ئەوتۆی نییە لای مامۆستاکانم، ئەمە وای لێکردم ئەو وێنە خەیاڵییەی کە هەمبوو لەسەر زانکۆ تەواو بگۆڕێت ومنیش وەکو قوتابیەکانی تر مات و بێدەنگ لە هۆڵ دادەنێشتم تا مامۆستا دەچووە دەرەوە.

هەموو ئەمانە بۆیە باس دەکەم چونکە خۆمم کەوتەوە یاد کاتێک دوێنێ یەکێ لە کچە قوتابییەکانی قۆناغی چوار داوای لێکردم کە یارمەتی بدەم تاوەکو بابەتی لێکۆڵینەوەکەی دیاری بکات، من هەرچییەکم لێی دەپرسی ئەو کچە بەستەزمانە هەردەیگوت : ئاخر مامۆستا فلان وای گوت و مامۆستا فیسار وای نەگووت، تەنانەت کاتێک ویستم بزانم حەزی لەکام مادە و بابەتە تا بتوانم یارمەتی بدەم، وەڵامەکەی ئەمە بوو: بابەتی مامۆستا فلانم حەز لێیە، ئەمە لەبری ئەوەی ناوی بابەتەکە بهێنێ، واتە ئەو مامۆستاکەی خۆشدەویست نەوەک بابەتەکە.

ڕاستی ئەمە دەکرێت بۆ قۆناغی سەرەتایی و تەنانەت ناوەندیش بگونجێ، بەڵام لە قۆناغەکانی تر ئەمە هەرگیز شیاونییە، چونکە دەبێت قوتابی گەیشتبێتە ئەو تێگەیشتنەی کە بابەتەکە لەگەڵ مامۆستاکەی لەیەکتر جیابکاتەوە و لەمە تێبگات کە ئەو لەمەودوا لەم بوارە دەبێتە پسپۆر وتەنانەت ئەگەر مامۆستاکەی ڕوخۆش بێت یان ڕوگرژ، پسپۆرییەکەی خۆی پشت گوێ نەخات چونکە هەموو ئەو بابەتانەی کە خوێندوویەتی لەسەری دەبێتە ماڵ.

هەرچەندە من قۆناغی زانکۆم بەدڵی خۆم نەبڕێ و هەموو کات مامۆستاکانم تووشی ساردبوونەوەیان دەکردم بەڵام دوای دەرچوونم ، و دوور لەمامۆستاکانم پەرەم دایەوە بە بوارەکەی خۆم، لەهەمووی سەیرتر کاتێ دوای چەندین ساڵیش گەڕامەوە زانکۆ و سەردانی بەشەکەی خۆمم کرد، هیچ یەکێ لە مامۆستاکانم نەبینی،  یەکێکیان مردبوو و یەکێکیان سەفەری  کردبوو و هەندێکیشیان چووبوونە  شار و زانکۆی تر، بەڵام من هێشتا هەڵگری ئەو بڕوانامەیە بووم کە لەم بەشە پێم بەخشرابوو.

ئەو کات هەستم بە پەشیمانییەکی زۆر کرد، ئەوان ڕۆیشتن و چیتر مامۆستای من نەبوون تاوەکو بێ تاقەتی و خراپی ئاستی خۆم بخەمە ئەستۆی ئەوان، بەڵام من هێشتا هەمان کەس بووم کە هەڵگری ئەو بڕوانامەیە بووم، ئەوکات تێگەیشتم کە بەرپرسی سەرەکی لە باشی و خراپی ئاستی من خۆمم نەک ئەوان، بۆیە ئەم قسەیەم بۆ هەموو قوتابییەکی قۆناغی یەکە، تۆش وەکو من مەبە.

بابه‌تی تر بابه‌تی هاوشێوه‌

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!