Find anything you need on Yalla

دارى (کەندە کۆخ)، بزانە بۆ چارەسەرى کامە نەخۆشیی سەردانیان کردوە؟

0

شاوێن نەوزاد – یەڵڵا

لە دێر زەمانەوە تاوەکو ئەمرۆَ، کوردستان کۆمەڵێک شوێنەوارى مێژوویى تێدا دروست بووە وهەر یەکێک لەم شوێنە مێژووییانەش کۆمەڵێک چیرۆکى سەیرو سەمەرەى هەڵگرتووە کە پێویستە بە هەموو لایەکمانەوە بیانپارێزین، بێ گومان ئەم شوێنەوارانەش لە لایەک سوودى بۆ نەوەکانى داهاتوو دەبێت، کە ئاشنا دەبن بە چیرۆکى مێژووى کوردستان، وە لەلایەکى تریشەوە لە ڕووى گەشتیارییەوە، کاتێک گەشتیاران ڕوو لە کوردستان دەکەن ئاشناى مێژووەکەى دەبن لە ڕووى دروست بوونیەوە تاوەکو ئەمرۆ.

لەڕووى شوێنەوارەکانى کوردستانەوە بۆ ئەمجارە لە یەڵڵاوە دارە بەتەمەنەکەى ( کەندە کۆختان ) پێ ئاشنا دەکەین، کاتێک لەکۆیە دەردەچیت و نزیک دەبییەوە لە حەمامۆک یەکەم شت کە بەبەرچاوت دەکەوێت دارەکەى ( کەندە کۆخ )ە، بەهۆى گەورەیى قەبارەکەى لەم ناوچەیە، کە ئەمیش کۆمەڵێک چیرۆکى لە مێژودا هەڵگرتوە، ئەم دارە دەکەوێتە کەنداڵى حەمامۆک نزیک قەزاى کۆیە دارێکى کۆن و بەتەمەنە وتا ئێستا نازانرێ ئایا ئەم دارە کاتى خۆى چاندراوە یاخود خۆرسک دروست بووە، لە هیچ شوێنێکدا مێژووەکەى نەنوسراوە، بەڵام شوێنەوارناسان تەمەنەکەى بە زیاتر لە 200 ساڵ دەخەمڵێنن، ( عوسمان عبدللە ) لە ساڵى 1942 لە نزیک ئەم دارە چاوى بە دونیا هەڵهێناوە کە شوێنى نیشتەجێ بونیان بووە و تاوەکو ئەمرۆش لەو شوێنە ژیان بەسەر دەبات، لە بارەى ناونانى ئەم دارە بەناوى کەندەکۆخ بۆ یەڵڵا دەڵێت: ” لەوەتەى من خۆم بەبییر دێت ئەم دارە هەیە ناوەکەشى لەوەوە هاتووە کاتى خۆى وەکو نەریتێک هەندێک لە خەڵک باوەریان وابوو کاتێک منداڵەکەیان توشى کۆخە رەشە دەبوو لە کۆیە و دەوروبەرى دەیانهێنا بۆ لاى ئەم دارە، لەگەڵ هێنانى منداڵەکەشیان وەک لە خۆگرتنێک مریشکێکى ڕەش یاخود چای رەش یاخود مێوژى رەشیان دەهێنا، مریشکە ڕەشەیان لە بن دارەکە سەر دەبڕى و بە پەنجە خوێنى مریشکەکەیان لە ملى منداڵەکە دەدا و هەندێک جار چاک دەبوو هەندێک جاریش تا درەنگ چاک نەدەبوو، لەمەشەوە ناویان نا دارى کەندە کۆخ.

سەبارەت بەو کەسانەى کە سەردانى ئەو شوێنەیان دەکرد ( مام عوسمان ) دەڵێت “کاتى خۆى ئەوانەى سەردانى ئەم دارەیان دەکرد دانیشتوانى کۆیە و دەوروبەرى بوون هەندێک جاریش مەسیحییەکان سەردانیان دەکرد، بەڵام مەسیحییەکان بە مەبەستى گەشت و گوزار نەوەک بۆ مەبەستى تر، چونکە ئەو کاتە لەم ناوچەیە تەنها ئەو دارە هەبوو، بۆ ئەوەى بەهاران خەڵک ڕووى تێبکەن لە ژێرى دانیشن و بۆماوەیک پشو بدەن.

لە بارەى تەندروستى ئەم دارەشەوە مام عوسمان بە یەڵڵا دەلێـت: “بە پێى پشکنینەکانى ئەم دواییە کە لەلایەن بەرێوەبەرایەتى کشتوکاڵى کۆیە ئەنجامدراوە، ئەم دارە بەهۆى زۆرى تەمەنەکەیەوە تووشى نەخۆشى وشک بوون بووە، لە ماوەى ڕابردووشدا کارى زۆرى بۆ کرا بۆ ئەوەى لەم وشک بوونە رزگارى بکەن، تا وەرزى بەهار نازانرێ ئایا ئەم دارە دمێنێتەوە یاخود لە ناو دەچێت.

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!