Find anything you need on Yalla

دانیشتوانی دوزخورماتوو: تەنها داعش سودی لە ناکۆکی نێوانمان بینی

0

كه‌ريم عه‌زيز پياوێكى به‌ته‌مه‌نى توركمانى دانيشتوى قه‌زاى دوزخورماتوه‌, ئه‌و به‌هه‌رسێ زمانى توركمانى، عه‌ره‌بى و كوردى قسه‌ ده‌كات,  ده‌يوت حه‌يف ماوه‌يه‌ك شه‌ڕ خه‌ريك بوو په‌يوه‌ندى سه‌دان ساڵه‌ى نێوان پێكهاته‌كانى شاره‌كه‌ى تێك ده‌دا, به‌ڵام ئێمه‌ى دانيشتوانى ره‌سه‌نى شاره‌كه‌ هه‌موو كات دژى شه‌ڕ و جياكارى نێوانمان بوين, هه‌ر ئێمه‌ش بردمانه‌وه‌, ئه‌وه‌تا ئێستا هه‌نگاو هه‌نگاو ناخۆشى رۆژانى شه‌ڕى براكان له‌بير ده‌كه‌ين.

قه‌زاى دووزخورماتوو كه‌ شا ڕێى نێوان به‌غداى پايته‌خت  و هه‌رێمى كوردستان و شارى موسڵه‌,  ده‌كه‌وێته‌ 80 كم باشورى شارى كه‌ركوكه‌وه‌, ئه‌م شاره‌ به‌ يه‌كێك له‌ شاره‌ فره‌ ڕه‌نگ و جۆره‌كانى عێراق داده‌نرێت, به‌جۆرێك جيا له‌ هه‌رسێ پێكهاته‌ سه‌ره‌كيه‌كه‌ى عێراق عه‌ره‌ب, كورد, توركمان هه‌ريه‌كێكيش له‌و پێكهاتانه‌ له‌ نێوان سونه‌ و شيعه‌دا دابه‌ش بونه‌. ئه‌م دابه‌ش بوون و فره‌ پێك هاته‌يه‌ به‌ ته‌واوى به‌شه‌قام و باڵه‌خانه‌كانه‌وه‌ دياره‌, جگه‌ له‌ ئاڵاى فه‌رمى عێراق و هه‌رێمى كوردستان  كه‌م جێگه‌ هه‌يه‌ ئاڵايه‌ك يان زياترى  پێوه‌ نه‌بێت, كه‌ هه‌ريكه‌و گوزارشته‌ له‌ پێكهاته ‌و هێزو تاقمێكى جيا.

له‌ كۆتاى ساڵى رابردو مانگى نيسانى ئه‌مساڵدا له‌ چه‌ند جه‌وله‌يه‌كى شه‌ڕو ناكۆكيدا له‌ نێوان پێكهاته‌كانى شاره‌كه‌دا, 86 كه‌س كوژران و 220كه‌سى تر بريندار بوون,  گه‌ره‌كه‌ خاوه‌ن پێكهاته ‌و مه‌زهه‌به‌ جياكانيش به‌ديوارى كۆنكرێتى خۆيان له‌ دراوسێ ده‌يان ساڵه‌‌كانيان جياكرده‌وه‌.

محه‌مه‌د فايه‌ق به‌رپرسى راگه‌ياندنى قايمقاميه‌تى قه‌زاى دوزخورماتوو, باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌شه‌ڕو ئاڵۆزيه‌كانى چه‌ند مانگى رابردوو هه‌موو شتێكى له‌شاره‌كه‌دا به‌ش كرد, به‌جۆرێك كه‌ هاتوچۆى له‌ نێوان گه‌ڕه‌كه‌كاندا به‌ته‌واوى بڕى و له‌زۆرجێگه‌ش توركمان و كورده‌كان به‌ديوارى كۆنكرێتى خۆيان له‌يه‌كتر جيا كرده‌وه‌, به‌رپرسى راگه‌ياندنى قايمقاميه‌تى قه‌زاكه‌ ئه‌وه‌ى بۆ يه‌ڵا رونكرده‌وه‌ كه‌ ئێستا هه‌نگاو هه‌نگاو شاره‌كه‌ به‌ره‌و ئارامى ده‌ڕوات و ديواره‌ كۆنكرێتيه‌كان ده‌ڕوخوێندرێن, هاتوچۆ و بازڕيش ئاسى بووەته‌وه‌.

هێزه‌ چه‌كداره‌ شيعه‌كانى شاره‌كه‌ كه‌ زۆربه‌يان له‌ نه‌ته‌وه‌ى توركمانن, به‌داخن بۆ ئه‌و شه‌ڕانه‌ى كه‌ له‌گه‌ڵ كورد و پێشمه‌رگه‌دا كردويانه‌, ئه‌وان ده‌ڵێن ته‌نها داعش سودى له‌ ناكۆكى و شه‌ڕى نێوان ئێمه‌ بينى و له‌كاتى سه‌رقاڵ بونمان به‌شه‌ڕى يه‌كتر هێرشه‌كانى داعش له‌ سنوره‌كه‌دا چه‌ند به‌رامبه‌ر زيادى كرد, جگه‌له‌وه‌ى چه‌ندين كرده‌وه‌ى تيرۆريستيان له‌ناو شه‌ره‌كه‌ ئه‌نجامدا, عه‌لى حسێن،  وته‌بێژى چه‌كداره‌ شيعه‌كان له‌ پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دين باس له‌وه‌ده‌كات سه‌دان ساڵه‌ پێك هاته‌كانى دووزخورماتوو پێكه‌وە ژياون و بۆ له‌مه‌ودواش هه‌رواده‌بێت, عه‌لى حسێن به‌يه‌ڵاى راگه‌ياند ” به‌داخه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كه ‌ڕويدا, ناهێڵين جارێكیتر ئه‌وه‌ دووباره‌ ببێته‌وه‌, ئه‌بێ هه‌موو هه‌وڵى ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌ بێت كه‌ داعش به‌ته‌واوى له‌ سنوركه‌ دوربخه‌ينه‌وه ‌و ئاسه‌وارى ئه‌و شه‌ڕانه‌ى له‌ شه‌ره‌كه‌دا رويدا بسڕينه‌وه‌‌”.

به‌شێكى زۆرى سنورى قه‌زاى خورماتوو تائێستاش به‌ده‌ست چه‌كدارانى داعشه‌وه‌يه,‌ به‌ درێژايى سنورى رۆژئاواو باشورى رۆژئاواى شاره‌كه‌ پێشمه‌رگه‌ سه‌نگه‌ريان لێداوه‌و شاره‌كه‌ ده‌پارێزن, نه‌قيب قه‌سيم ره‌حمان كه‌ له‌دوا خاڵى پێشمه‌رگه‌يه‌ به‌رامبه‌ر چه‌كدارانى داعش له‌ سنورى خورماتوو, ده‌ڵێت ئێمه‌ بۆ پارستنى هه‌موو پێكهاته‌كانى شاره‌كه‌ لێره‌ين, ئێمه‌ كوردو توركمان و عه‌ره‌ب ده‌پارێزين , داواش له‌ به‌رپرسانى ناو شاره‌كان ده‌كه‌ين ئه‌م قوربانى دانانه‌ى ئێمه‌ له‌به‌رچاو بگرن و واز له‌شه‌ڕى يه‌كتر بهێنن. ئه‌و فه‌رمانده‌يه‌ى پێشمه‌رگه‌ به‌يه‌ڵاى راگه‌ياند ” داعش هێشتا له‌ سنوره‌كه ماون, ده‌بێت هه‌موو پێكهاته‌و هێزه‌كان هه‌وڵه‌كانيان بۆ ئه‌وه‌ بێت كه‌ داعش به‌يه‌كجارى له‌ سنوركه‌ دوربخه‌نه‌وه‌”.

كه‌ريم عه‌زيز له‌ ماركێته‌ بچوكه‌كه‌ی له‌ ناو بازاڕى دووزخورماتوه‌وه‌ بۆ يه‌ڵا قسه‌ى ده‌كرد, شه‌ڕ زۆر شتى له‌ شا‌ره‌كه‌ گۆڕى, ته‌نانه‌ت من زياتر له‌ مانگێك دوكانه‌كه‌مم نه‌كرده‌وه‌, به‌ڵام سوپاس بۆ خوا ئێستا‌ ژيان ئاسایی بووەته‌وه،‌ موشته‌ريه‌كانم كه‌ هه‌ريه‌كه‌و به‌زمانێكى جيا قسه‌م له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن رۆژانه‌ سه‌ردانم ده‌كه‌ن و هه‌موويان به‌داخن بۆ ئه‌وه‌ى كه‌روويدا.

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!