زمانی مه‌نتق یان زمانی ناوزڕاندن !!

0

کنێر عه‌بدوڵڵا

هیچ کات زمانی ناوزڕاندن نابێته‌ ئه‌لته‌رناتیڤی زمانی مه‌نتق وبابه‌تیانه‌، وێڕای ئه‌وه‌ی مه‌ودای نێوانیان به‌نده‌ به‌ کۆمه‌ڵێ هۆکاره‌وه‌ که‌ ده‌رئه‌نجام وا ده‌کات دوو به‌ره‌ی جیا، دوو مرۆڤی جیاواز، دوو ژینگه‌ و جیهان بینی دوور له‌یه‌ک و دووعه‌قڵیه‌ت و که‌سایه‌تی و لایه‌نی جیاواز بخوڵقێت که‌ دواتر جگه‌ له‌ قوڵکردنه‌وه‌ی ململانێ و به‌ره‌به‌ره‌کانییه‌کانه یان گۆڕینی ئاڕاسته‌ی ڕه‌وته‌کانه‌ به‌ره‌و لایه‌ن و بابه‌تێکی تر، هیچ شتێکی تر به‌رهه‌م ناهێنێت که‌ ته‌نها مه‌به‌ست لێی شاردنه‌وه‌و فه‌رامۆشکردن و وه‌لانانی ڕاستییه‌کانه ‌وگۆڕینی ئاڕاسته‌ی بابه‌ته‌کا‌نه‌ له‌ ڕووی ناوه‌رۆکه‌وه‌ بۆ ڕواڵه‌ت و ڕووکه‌ش و ئامانجی تر که‌ خزمه‌ت به‌هیچ لایه‌ک ناکات.

له‌ کۆمه‌ڵی رۆژهه‌ڵاتدا، هه‌میشه‌ له‌ بواره‌ جیاجیاکاندا به‌تایبه‌ت له‌ بواری سیاسه‌ت و لایه‌نه‌ حزبییه‌کاندا ژنان ده‌کرێنه‌ ئامڕازی مه‌به‌سته‌کانیان، به‌و واتایه‌ی ناوزڕاندن و توانج و تانه‌کردن به‌ ژنان ده‌بێته‌ چه‌کی ده‌ستیان و به‌شێوه‌ی جیاجیا هێرشی ناڕه‌وا ده‌کرێته‌ سه‌ریان که‌ به‌ هه‌موو لۆژیک و ئیتیک و مۆراڵ و بنه‌مایه‌کی مرۆیی و ئه‌خلاقی دووره‌ له‌ مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ مرۆڤه‌کاندا، چونکه‌ هیچ کات جیاوازی له‌  ڕووی ره‌گه‌ز، ئاین، بنه‌ماڵه‌ و فیکرو جیاوازییه‌ ئایدۆلۆژییه‌کان نابێت ببێته‌ هۆکار و پاساوێک بۆ به‌کارهێنانی شکاندن و ئازاردانی جه‌سته‌یی یان مه‌عنه‌وی ئه‌وی دی، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ نیشاندنی نمایشێکی هێز و لاوازبوونی مرۆڤه‌کان و به‌تاڵکردنه‌وه‌ی عه‌قڵی تاکه‌کان له‌ مه‌نتق و عه‌قڵه‌وه‌، هیچ شیکارییه‌کی تری بۆ ناکرێت.

هه‌موو ئه‌وانه‌ ‌وا ده‌کات په‌نا ببه‌نه‌ به‌ر تانه‌و توانج له‌ که‌سایه‌تی و ڕوخسارو جه‌سته‌ی مرۆڤه‌کان،  له‌بری ڕه‌خنه‌گرتنی عه‌قڵانی و گفتوگۆی بابه‌تی و وتووێژی به‌ بنه‌ما که‌ بێگومان به‌کارهێنانی ئه‌و زمانه‌ زبرو بێ بنامایانه‌ بۆ سه‌ر که‌سایه‌تی مرۆڤ به‌گشتی و ژنان به‌تایبه‌تی دووره‌ له‌ هه‌موو بنه‌مایه‌کی مافی مرۆڤ و دواجار هیچ خزمه‌تێک ‌به‌ خودی مرۆڤه‌کان و  کۆمه‌ڵ و ‌بابه‌ته‌کانیش ناکات، جگه‌ له‌ بچووکردنه‌وه‌ی خودی ئه‌نجامده‌ران به‌خۆیان و لایه‌ن و پارته‌ سیاسییه‌کانیان.

هێرشکردنه‌ سه‌ر جه‌سته‌ و رواڵه‌ت و شێوه‌ی خاتوو (منیره‌ عسمان)به‌شێوه‌ی جیاواز، ته‌واوکه‌ر و درێژه‌پێده‌ری ئه‌و زنجیره‌ یه‌ک له‌دوای یه‌کانه‌یه‌ که‌ ده‌خرێته‌ سه‌ر ژنانێکی دیار کاتێک‌ ده‌یانه‌وێت له‌ڕێی ده‌ربڕینی فکرو دیده‌کانیانه‌وه‌ گفتوگۆو دیالۆک بکه‌ن، که‌ گرنگه‌ ئه‌وانه‌ی گه‌ر له‌رووی دیدو تێروانینیانه‌وه‌ جیاوازن له‌گه‌ل خاتوو مونیره‌و هاوشێوه‌کانی  هه‌مان زمانی بابه‌تی و دیالۆک به‌کار بهێنن، گه‌ر ناتوانن هه‌وڵ بده‌ن فێری ببن و گه‌ر  باوه‌ڕیان به‌ فێربونیش نییه،‌ باشتره‌ بێده‌نگی بکه‌نه‌ هه‌ڵوێستیان وه‌ک له‌ شکاندن و بچوککردنه‌وه‌ی خۆیان، چونکه‌ ده‌رئه‌نجام و له‌ کۆتاییدا ته‌نها زمانی  مه‌نتق و فکر و گفتوگۆ ده‌بێته‌ پێوه‌ری جیاکردنه‌وه‌ و ڕێزگرتنی مرۆڤه‌کان وه‌هه‌ڵوێست وره‌فتاری دوورله‌ توندوتیژی وزبریشه‌ که‌ ده‌بیته‌ بنه‌مای په‌یوه‌ندی راست و دروست بۆ خزمه‌تی مرۆڤایه‌تی و کۆمه‌ڵ.  

بابه‌تی تر بابه‌تی هاوشێوه‌

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!