Find anything you need on Yalla

كام جۆر لەخوێندنەوەت لا پەسەندترە، ئەلیكترۆنی یا كاغەزی؟

0

ئیدریس پاڵانی

کتێب بەنرخترین کاڵای مێژوویی مرۆڤایەتیە کە لە هەموو سەردەمێکدا گرنگی خۆی هەبووە،  و بە چاوێکی پیرۆزەوە لێیان ڕوانیوە،  لەگەڵ بەرەوپێش چوونی کۆمەڵگاکان ژمارەی خوێنەرانی کتێبیش ڕوویان لە هەڵکشان کرد، کتێب ڕۆڵێکی کاریگەری هەبووە لە پێشکەوتنە جیهانیەکان.

دە ساڵ لەمەو پێش تەنها کتێبی کاغەزی هەبوو،  بەڵام لەگەڵ كرانەوەمان لەسەر جیهان لەرێی ئەنتەرنێتەوە جۆرێکی تری کتێب هاتە مەیدانەکەوە کە ئەویش “کتێبی ئەلیکترۆنی”یە.

ئەم جۆرە کتێبەش بەهۆی ئاسانی بەردەست بوونی بەشێوەیەکی خێرا خوێنەرانی ڕووی لە زیادبوون کرد، وە بوو بە کاڵایەك کە زۆرترین خواستی لەسەربێت .

زۆرێك  لەخوێنەرانی کتێب پێیان وایە،  کتێبی ئەلیکترۆنی هەرگیز ناتوانێ جیگای ” کاغەزی” بگرێتەوە و زیانی لە ڕۆحیەتی خوێندنەوە داوە.

ئارۆ شەماڵ کتێب بە نزیکترین هاوڕێی خۆی دادەنی ، پێی وایە کتێبی ئەلیکترۆنی هیچ تام و چێژێکی نیە، و وەك ئەوە وایە لە تۆڕە کۆمەلایەتیەکان بڵاوکراوەیەك بخوێنیتەوە، بە پێچەوانەی کتێبی کاغەزی کە چێژێکی تایبەتی ڕۆحی هەیە بۆ خوێنەر.

ئارۆ دەڵێت”کتێبی کاغەزی چەندە سودی لە ناوەڕۆکی بابەتەکەیدا هەیە، ئەوەندەش سودی ڕۆحی هەیە، کە ئارامی ئەدات بە خوێنەر، بە تایبەتی کتێبە ئەدەبییەکان وەك و ڕۆمان و چیرۆك و شیعر و هتد… کەخوێندنەوەیان لە شیوازی ئەلیکترۆنی ئەو بەرگە ڕۆحیەی لێ دائەماڵێ و ئەیگڕێنێتەوە بۆ ئاستی کتێبێك کە خوێنەر تەنها بۆ دەرچوون لە تاقیکردنەوەیەك بیخوێنێتەوە، ئەمەش سودێکی ئەوتۆی نابێت و زوو لەبیر ئەچنەوە”

بە پێچەوانەی ئەوانیشەوە ، شێروان فەتاح کە زۆربەی کاتەکانی بە خوێندنەوە بەسەردەبات، کتێبی ئەلیکترۆنی بە باشتر وکرداریتر دەزانێت، ئەو دەڵێ ” کتێبی ئەلیکترۆنی زۆر ئاسانتر هەڵدەگیرێت، ئەتوانی لەناو مۆبایلەکەت دەیان کتێب هەڵگریت بێ ئەوەی ماندوو بیت وجێگای زۆرت لێبگرن، بە تایبەتی لە کاتی سەفەردا سودی زۆرم لێ وەرگرتووە.

 

هەروەها پێی وایە هۆکاری زۆربوونی خوێنەرانی کتێبی ئەلیکترۆنی ئەگەڕێتەوە بۆ ئاسان دەستەبەرکردنی لە ڕێگای ئینتەرنێتەوە، جگە لەوەی زۆربەی کتێبە کوردییەکان بێ بەرامبەر لە ماڵپەڕەکاندا دەستدەکەون، ئەمەش یارمەتی خوێنەرانی داوە تاکو دانەبڕێن لە خوێندنەوە لە کاتێکدا قەیرانی دارایی زیاتر دووری خستوونەتەوە لە کڕینی کتێبی   کاغەزی.

بە هەمان شێوە مامۆستا شنیار داودی هۆکاری بەرزبوونەوەی ژمارەی خوازیارانی کتێبە ئەلیکترۆنیەکان ئەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو گەشەسەندنە خێرایەی کە لە تەکنەلۆژیا     ڕوویدا ، کە كتێبەكان بە شیوەی “پی دی ئێف” بەردەستن لە ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان”وە وای کرد جێگای کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامە نوسراوە کاغەزییەکان بگرنەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا ڕایگەیاند” من خۆم زیاتر کتێبی نوسراوی کاغەزی ئەخوێنمەوە و پێم وایە چێژ بە خوێنەر ئەبەخشێت، لەپاڵ ئەمەشدا زۆر بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنیەکان کاریگەری خراپیان دەبێت لەسەر تەندروستی مرۆڤ، وە هەموو کتێبێکی باشیش بە شێوەی “پی دی ئێف” دەستناکەوێت”.

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!