Find anything you need on Yalla

لەهەولێر ئەم بازاڕە چووى؟ هەفتەى یەک ڕۆژ کراوەیە

0

شاوێن نەوزاد – یەڵڵا

شارى هەولێر خاوەن گەلێک بازاڕە هەندێکیان کۆن و هەندێکیان نوێ هەریەکەیان بە جۆرێک کەل و پەلەکانیان تێدا نمایش دەکەن، بۆ ئەمجارەش بە چیرۆکى ئەو بازاڕەتان ئاشنا دەکەین، کە رۆژگارێکى زۆرە لە هەولێر کەل و پەلى نوێ و دەستى دووى تێدا نمایش دەکرێ.

 

بەیانى زووە و رۆژى هەینی بوو ڕووم لەم بازاڕە کرد کە مەبەستمە بزانم چى دەگوزەرێ، کاتێک هەر هەنگاوێک نزیک دەبوومەوە  گوێم لە ئاوازى جۆراوجۆرى دەنگ دەبوو،  کە هەر یەکە بە جۆرێ نمایشى کەل و پەلە فرۆشراوەکەى خۆى دەکات، دەبینم لە هەر دوو بەرى شەقامەکە فرۆشیارەکان بە شێوەیەکى ڕیز کەل و پەلەکانیان نمایش کردووە بۆ ساغ کردنەوەى بابەتەکانیان، چاوم بە گەنجێک کەوت تەمەنى نزیکەى 28 ساڵانە و بەدیار کەل و پەلەکەیەوە دانیشتبوو چاوى لە فرۆشیارێک بوو ڕووى تێ بکات،  پرسیارى ئەم بازاڕەم لێکرد لە وەڵامدا بۆ یەڵڵا گوتى : من ناوم ( رێبوار فەتاح )ە نزیکەى 5 ساڵە لەم بازارە کاسبى دەکەم، ئەم بازاڕە ناوى بازارى سورچیانە کە بە ناوى بازاڕى شێخ مستەفاش بە ناوبانگە نزیکەى یەک کیلۆ مەتر لە قەڵاوە دوورە ئەوەى کە گوێم لێ بووە ئەم بازاڕە ساڵانێکى زۆرە هەیە دەتوانم بڵێم بە بازارە کۆنەکانى شارى هەولێر دادەندرێت، من هەموو رۆژانى هەفتە لە کوچەو کۆڵانەکانى شارى هەولێر دەسوڕێمەوە و کەل و پەل لە خەڵک دەکرمەوە و کۆى دەکەمەوە و لە ڕۆژانى هەینى دەیهێنم لەم بازاڕە ساغیان دەکەمەوە” سەبارەت بەو کەسانەى کە سەردانى ئەو بازاڕە دەکەن ( رێبوار ) دەڵێت” ئەو کەسانەى کە سەردانى ئەو بازارە دەکەن لە ڕووى نەتەوەوە وە کورد و عەرەب وتورکمانن، وە لەڕووى دەرامەتەوەش کەم دەرامەتن یاخود دەتوانم بڵێم مام ناوەندن بەتایبەتى ئەوانەى لێقەوماون بە تایبەتى ئاوارەکان چونکە کەل و پەلەکان بە شێوەیەک نرخیان کەمە خاوەن ماڵێک دەتوانێت بە پارەیەکى کەم ماڵەکەى ئاوەدان بکاتەوە لە کەل و پەلى ناو ماڵ تا وەکو ئەو جل و بەرگەى کە لەبەریشى دەکات”

 

ئەوەى ئەم بازارەى جیا کردووەتەوە لە هەموو بازاڕەکانى ترى شارى هەولێر ئەوەیە، کە تەنها ڕۆژانى هەینى کراوەیەو جمەى دێت لە خەڵک، ئەمە گوتەى ( رێباز کریم )ە کە یەکێکە لەو کەسانەى کە هەفتانە کەل و پەلەکانى لەم شوێنە ساغ دەکاتەوە و بۆ یەڵڵا دەڵێت” ئەم بازاڕە تەنها لە رۆژانى هەینى کراوەیە،  چونکە ئەو رۆژە پشووە و هەموو ئەو کەسانەى کە خاوەن دەوامن دەتوانن سەردانى ئەم بازارە بکەن، ئێمەش وەک فرۆشیار لە کاتژمێر 5ى بەیانیەوە ڕوو لەم بازارە دەکەین، تا وەکو بانگى ئێوارە ئەو دەڵێت “ئەگەر بەیانى زوو شوێنێک بۆ خۆمان نەگرین ئەوا شوێنمان بۆ نامێنێت یاخود شوێنێکى خراپمان دەست دەکەوێ بۆ ئەوەى کەل و پەلەکانمانى تێدا نمایش بکەین” ئەوان هەوڵیان داوە جیاواز بن لە هەموو بازاڕەکانى ترى شارى هەولێر بە هەرزان فرۆشتنى کەل و پەلەکانیان بە کریاران بە تایبەتى لەو قەیرانەى کە ئێستا هەرێمى کوردستان تێى کەوتووە.

 

سەبارەت بە نرخى کەل و پەلى ئەم بازاڕە  ( ئەنوەر قازى ) کە یەکێکە لەو کڕیارانەى هەفتانە سەردانى ئەم بازارە دەکات بۆ یەڵڵا دەڵێت” من هەفتانە سەردانى ئەم بازاڕە دەکەم،  چونکە لە لایەک کەل و پەلەکانیان هەرزانن، وە لە لایەکى تریش ئەو کەل و پەلانەى لەم بازاڕە دەست دەکەوێ زۆر جاران کەل و پەلى مارکەى جیهانین کە بە نرخێکى زۆر کەم دەستم دەکەوێ بە تایبەتى لەو بارودۆخەى کە ئێستا کوردستان تێى کەوتووە خەڵک ئەو توانا ماددیەى نیە کە بڕوات لە شوێنە گران بەهاکان کەل و پەل و پێداویستى ماڵ بکرێت، بە ڕاى من باشترین شوێن لە ئێستادا بازاڕى سورچیانە کەوا پێداویستییەکانى تێدا بە دەست بهێنین”     

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!