لە هەولێر نرخى کرێ و فرۆشتنى خانو و زەوى لە چ ئاستێکدایە!

0

شاوێن نەوزاد – یەڵڵا

ئەگەر گوزەرێک بە ناو شەقامەکانى شارى هەولێردا بکەین دەبینین لە هەر کوچەو کۆڵانێکدا کۆمەلێک خانو نمایش کراون بۆ کرێ یاخود فرۆشتن، ئەمەش چەندین هۆکارى هەیە لەوانەش گەڕانەوەى ئاوارە و چۆڵ کردنیان لە لایەن ئەو هاوڵاتییە عەرەبانەى کە لە کاتى شەڕى دژ بە داعشدا ڕوویان لە هەرێمى کوردستان کرد بە تایبەتى شارى هەولێر.

فەرمان ڕەحمان خاوەنی نوسینگەى خانوبەرەیە لە شارى هەولێر، سەبارەت بەنزم بونەوەى نرخى خانوو زەوى لەم ماوەیەى ڕابردوودا بە یەڵڵاى وت: ” نزیکەى دوو ساڵ دەبێت نرخى خانوو بەرە و زەوى زار لە هەولێر کەمى کردووە بەتایبەتى ئەو کاتەى شەڕى دژ بە داعش هەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئاوارەیەکى زۆر ڕووى لە هەرێمى کوردستان کردبوو ، وزیاتر ڕوویان لە بە کرێ گرتنى خانوو دەکرد ، ئەمەش ببوە هۆى بوژاندنەوەى بازاڕى ئێمە چونکە بە هەر نرخێک با دەیانگرت، بەڵام لە کاتى گەڕانەوەى ئەم ئاوارانە لە شارى هەولێر خانویەکى زۆر چۆڵ کران بە شێوەیەک نرخەکانیان ڕووى لە کەمى کرد کە دەتوانم بڵێم بە نزیکەى لە %60 زیاترە ، بە تایبەتى لە کاتى ئێستا کە هەرێمى کوردستان لە هەموو لایەکەوە فشارى خراوەتە سەر لە لایەن حکومەتى عێراقەوە”

( نازم کۆیى ) یەکێکى ترە لە خاوەن نوسینگەى زەوى و زار کە نزیکە لە خانوەکانى ئاشتى و لاوان و هیران ستى دەلێت:” لەوەتەى ئەم کارە دەکەم هیچ کاتێک ئەوەندە بێبازاریمان پێوە دیار نەبووە کە ڕۆژى وا هەبێت تەنها کەسێکیش روومان تێناکات جا چ بۆ کڕین بێت یاخود بۆ کرێ بێت وە بە هۆى ئەم بێ بازاڕییەوەش ئەم مانگە تەنانەت کرێى پارەى مۆلیدەشمان پەیدا نەکردووە”

وە لە ڕووى کرێشەوە نازم کۆیى دەڵێت: ” ئەو کاتەى ئاوارەکان ڕوویان لە هەرێمى کوردستان کردبوو زۆربەیان ڕوویان لەو کۆمەڵگایانەى دەوروبەرى هەولێر کردبوو کرێى هەر خانویەک دەگەیشتە نزیکەى 500$ دۆلار، کەچى ئێستا و پاش گەڕانەوەى ئاوارەکان نرخى کرێى خانو لەم کۆمەڵگایانە بووە بە 200 تا 250 هەزار، کە دەتوانم بڵێم نزیکەى سەدا %65 دابەزیووە”.

لە ڕووى کڕین و فروشتنى خانووشەوە بۆ یەڵڵا دەلێت:” خەڵک خانوەکانیان دەفرۆشن، بەڵام ئەو نرخە ناکات کە بە دڵى خۆیان بێت بۆیە ناچار دەبن بە نرخى کەمتر لە بازاڕ بیفرۆشن”.
بە پێى ئامارى سەرۆکى کۆمەڵەى کرێنشینانى شارى هەولێر تا ئێستا نزیکەى 23000 هەزار کرێنشین ناوى خۆیان تۆمار کردووە لە سنورى پارێزگاى هەولێر بە گشت قەزاو ناحیەکان.

بابه‌تی تر بابه‌تی هاوشێوه‌

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!