نیگارکێشێکی بەریتانی لە کوردستان هونەرەکەی بەکاردەهێنێت بۆ چارەسەری

0

ئامادەکردنی : ئیدریس پاڵانی

نیگارکێشێکی بەریتانی یارمەتی زیان بەرکەوتووانی شەڕی داعش دەدات بۆ دەربڕینی بیروڕا و ترسەکانیان، بە بەکارهێنانی هونەر و وێنەکێشان وەك چارەسەری تەندروستی تا بتوانن کیشە و گرفت و خەمەکانیان لەڕێگای هونەرەوە دەربڕن.

ترەیسی فێنتۆن، ژنە نیگارکێشی بەریتانی، خوێندکاری ماستەرە لە “پەروەردە و فێرکردنی بنیاتنەر” ە ، لە زانکۆی ستانفۆردی بەریتانی، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ەوە ڕووی کردۆتە هەرێمی کوردستان و لە ئێستادا لە شاری هەولێر نیشتەجێیە و لە زانکۆی کوردستان-هەولێر کاردەکات.

جگە لە کارەکەی لە زانکۆی کوردستان ، یارمەتی ئاوارەکان ئەدات لە کەمپەکان بۆ گەڕانەوەی هیوا بۆیان و دووبارە دەستکردنەوە بە ژیان، وەك چۆن پێشتریش لە شاری بۆڵتۆن لە شانشینی یەکگرتوو(بەریتانیا) هەڵساوە بە کردنەوەی “هونەری خێرخوازی خەیاڵی” ، کە دەورەی چارەسەری تەندروستی بوو بۆ پەنابەران لەو شارە، لە ئێستادا هەمان کارامەیی بەکاردەهێنێت لە کوردستان.

هەرچەندە هەولێر شارێکی تەواو ئارامە لە هەرێمی کوردستانی عیراق، بەڵام تەنها چەند کاتژمێرێك دوورە لە موسڵ، کە بەم دواییە ڕزگارکرا لەژێردەستی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش، بۆیە ترەیسی هەوڵی داوە فێرخوازە نوێیەکانی زیاتر ئەو پەنابەرانە بگرێتەوە کە ئاوارەبوون بەهۆی ئەم شەڕە نەگریسەوە.

ترەیسی لە ئێستادا بەهاوکاری کاثرین ی هاوڕێی،  ڕۆژانە وانەی هونەر دەڵێتەوە لە  سەنتەری هونەری گشتگیر و پاڵپشتی قوتابیان لە زانکۆی کوردستان-هەولێر کە تازە دروستکراوە، وە دەرگاکەی کراوەیە بۆ هاندانی هەر کەسێك بیەوێ کارە نوێیەکانی ببینێت ، وە هەروەها دەتوانن ئەوانیش هونەری وێنەکێشان بەکاربهێنن بۆ دەربڕینی هەستەکانیان.

ترەیسی دەڵێت ” زۆربەی قوتابیەکان قوربانی نادیاری ئەم جەنگەن و زیانیان بەرکەوتووە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، هەموویان کاریگەریان لەسەرە بەجۆرێك لە جۆرەکان، چونکە نزیكن و ئەم بارودۆخە ناخۆشە لە دەوروبەریان ئەگوزەرێت، هەرچەندە ئێرە زۆر ئارام و پارێزراوە بەڵام هەمووکات نیشانەی شەڕ ئەبینی، هەلیکۆپتەری جەنگی ئەبینی تێپەڕدەبن ، سەرباز بە چەکەوە ئەبینی لەسەر هەموو شەقام و کوچەکان، ئەمەش نائارامی دەروونی بۆ هەموو خەڵکەکە دروستکردووە”.

سەبارەت بەوەی چۆن بوو ڕویکردە کوردستان ترەیسی تەمەن ٤٩ ساڵ ئەڵێت، هەستێك ڕایکێشاوە بەرەو کوردستان، ئینجا ئیمەیڵی ناردووە بۆ سەرۆکی زانکۆی کوردستان تا ڕوونی بکاتەوە ئەو کێیە و دەیەوێت چی بکات، تەنها لە سێ ڕۆژدا داواکەی پەسەندکرا و لە کارەکەی وەرگیرا.

ترەیسی لە سفرەوە دەستی پێکرد، سەرەتا هیچ کەرەستە و پێداویستیەکی هونەری و جێگایەکی تایبەت بەو کارە نەبوو لە زانکۆ، وە پێشتر هیچ جۆرە بەرنامەیەکی هونەری بەڕێوەنەبرابوو لەم زانکۆیە، زۆربەی قوتابیەکانی هەرگیز فڵچەی وێنەکێشانیان بەدەستەوە نەگرتبوو، بەڵام ئەو پێی وایە، سودە چارەسەرییەکانی هونەر، گرنگترین بەشی کارەکانی ئەون، بڕوای بە ئایندەی تاك هەیە، هەمیشە پاڵپشتی قوتابیەکان دەکات تا توانا شاراوەکانیان دەربخەن، هەرچەندە قوتابیەکان پێشتر تەنها پاڵپشتی کرابوون بۆ خوێندنی زانستی و ئەندازیاری، ترەیسی دەڵیت ئەو “بەهرەی جیهانی'” دۆزیوەتەوە لەوێ، ئەو لەگەڵ هەندێك لە قوتابیەکان کارەکانیان نمایش دەکەن لە نزیك کونسوڵخانەی ئەمریکا ، وە هەروەها دەستیان کردووە بە فرۆشتنی بەرهەمەکانیان لە بازاڕە ناوخۆییەکان.

لە درێژەی قسەکانی بۆ یەڵا ترەیسی ئاماژەی بەوەدا کە زۆربەی کارەکانی دەربارەی هاندانی خەڵکە تا خۆیان دەرببڕن، ئەمەش شتێکی باو نیە لە کلتوری ئێرە و خەڵکی هان نادرێن، بە تایبەت گەنجەکان. ئەوان خەڵکانێکن کە هەرگیز هیچ کارێکی هونەرییان نەکردووە، هۆکارەکەشی ئەوەیە هەرگیز پاڵپشتی نەکراون تا بکرێنەوە و دەریببڕن چ هەستێکیان هەیە،  بۆیە کارە هونەریيەکان جۆرێکە لە ئەزموونی نوێ بۆ ئەوان و شتێکی جوانە تا بیبینن”.

ترەیسی دەڵێت “من پڕۆژەیەكم بەڕێوەبرد، کە ئەوانم والێکرد وێنەی ئەوە بکێشن “ئەیانەوێ داهاتوویان چۆن بێت” ،من هەستێکی زۆر خۆشم هەیە کە ئەبینم ئەوان فڵچە ئەگرنە دەست و بە وێنەکێشان هەستەکانیان دەرئەبڕن،  سەرەتا ئەوان نەیاندەزانی چۆن بکرێنەوە، بەڵام دوای ماوەیەك ئەوان گۆرانیان ئەوت و سەمايان ئەکرد و وێنەیان ئەکێشام بەڕاستی چێژیان وەردەگرت لەو داهێنانەی ئەیانکرد، خۆ ئەگەر ئەوەیان نەبوایە ، دەچوونەوە ماڵ و ئەم هەست و هەڵچونەیان لەگەڵ خۆیان ئەبردەوە، بەڵام ئێمە ڕێگەیان پێدەدەین کە شتێك بکەن سودبەخش بێت و ئازادیان بکات”.

شایەنی باسە لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر لە کارە هونەرییەکانی قوتابیانی زانکۆی کوردستان لە ستۆدیۆکەی هەڵواسراوە، کە بریتین لە نیگار و وێنەی سەرنجڕاکێش و پڕ مانا، لەگەڵ چەندین وتە و هیواخواستن بۆ داهاتوو کە بەشێوەی هونەری نوسیوویانە،  جگە لەمانەش ترەیسی بە هاوکاری کاثرینی هاوڕێی هەڵساون بە بۆیە کردنی هەموو کورسیيەکانی کافتریای زانکۆی کوردستان و نەخشاندنی زۆربەی شوێنەکان، دیمەنێکی هونەری جوانیان بە بینای زانکۆکە بەخشیوە.

بابه‌تی تر بابه‌تی هاوشێوه‌

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!