هودا کازم: بۆ بە دیهێنانی ئاواتەکانت، ئاواتی هەڵۆ بخوێنەرەوە

0

ئامادەکردن: ئاشتی تەیموور

 لە رۆژی ٧ی ئابی ٢٠١٧، هودا کازمی تەمەن ١٤ ساڵان یەکەم کتێبی خۆی بە ناوی ئاواتی هەڵۆ بڵاوکردەوە، ئاواتی هەڵۆ کورتە چیرۆکێکە باس  لە ژیانی کوڕێک دەکات کە بۆ گەیشتن بەو ئاواتەی هەیەتی بەردەوام هەوڵدەدات و هەرگیز کۆڵنادا تا پێی دەگات، ئەگەرچی لەپێناو گەيشتن بە ئاواتەکەی زۆر سەختی و دەردەسەری دێتە رێگەی، ئەم کوڕە بە تەواوی باوەڕی بەخۆیە تى و کۆڵ نادات تا لە کۆتایيدا سەرکەوتوو دەبێ و دەگا بەو ئاواتەی هەیبووە لە ژیانیدا.

ئەم کتێبە بە زمانی کوردی چاپکراوە و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دەتوانن سوودی لێوەربگرن بەتایبەتی منداڵان، بۆ ئەوەی ئەم کتێبە ببێتە بناغەیەک بۆ هەوڵدانیان بۆ بەدیهێنانی ئەو ئاواتانەی کە هەیانە،  لە چاوپێکەوتنیدا بۆ یەڵڵا هودا کازم دەڵێت ” بوونی کتێبی هاوشێوە لەم رۆژەدا وا لە خوێنەری کورد دەکات کە بێ ئومێد نەبێ و هەوڵبدات بۆ بە دیهێنانی ئاواتەکانی هەرچەندە سەختی و تەنگ و چەڵەمەی بێتە پێش”.

هودا لە درێژەی قسەکانیدا بۆ یەڵڵا گوتی” مەبەستی سەرەکیم لە نوسینی ئەم کتێبە ئەوەبوو کە رێ نیشاندەرێک بم بۆ هاوتەمەنەکانی خۆم، بۆ ئەوەی دەست بدەنە پێنوس و مەلی خەیاڵیان هەڵفڕێن و کتێب بکەنە هاوڕێی هەمیشەی خۆیان و لە کتێب دانەبڕێن، چوونکە ئەم جۆرە کتێبانە کاریگەری ئەرێنی لەسەریان دەبێت و دەبێتە هۆی ئەوەی ئەوانیش کتێب و نوسینیان لا خۆشەویست بێ”.

دایک  و باوکی هودا هاوکار و پاڵپشتی سەرەکی ئەو بوونە لە نوسینی ئەم چیرۆکە، ئەگەر کەسێکیش هاوکاری بکات ئەوە دەیەوێت کە ئەم کتێبە وەرگێڕێتە سەر زمانی ئینگلیزی بۆ ئەوەی زۆرترین خوێنەر بتوانێت سوودی لێ ببینێت، لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ یەڵڵا هودا گوتی ” لە منداڵییەوە کتێبم خۆشویستوه و هەر لە تەمەنی ١٠ ساڵیەوە دەستم بە نوسینی شيعر و چیرۆک کردووە، هەر بۆیە داواکارم هەموو منداڵانی کورد گرنگی زیاتر بە خوێندنەوە و نوسین بدەن چوونکە سەرچاوەی پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگەیەک خوێندنەوە و نوسینە”.

کتێبی ئاواتی هەڵۆ لە کتێبخانەی ئەمازۆن، خانەی هەولێر، خانەی میدیا و خانەی سیروان دەست دەکەوێ.

بابه‌تی تر بابه‌تی هاوشێوه‌

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!