وێنە شیعرییە ئاڵۆزەکانی مەحوی لە چەند بەیتێکیدا.

0

مەحوی (مەلا موحەمەدی کوڕی مەلا عوسمانی باڵخی) یەکێکە لە شاعیرە هەرە بەتواناکانی ڕێبازی کلاسیکی شیعری کوردی، هەروەها عاریفێکی خواناس و دنیا بینێکی تەواو جیاواز بووە لە شاعیرەکانی پێش خۆی،  مەحوی لەپاڵ ئەوەی شیعری دڵداريی زۆر بەپێز و بەهێزی هەبووە بەڵام زیاتر بە سەردەستەی شیعری تەسەوف و نزا و گازەی خواناسانە دائەنرێت.

وشەکاری و وێنەی شیعريی ئاڵۆز یەکێکە لە سیما هەرە جوانەکانی شیعری مەحوی کە لەوانی تری جیادەکاتەوە،  لە شیعرەکانیدا لێکچواندنی سەرسوڕهێنەری کردووە لەپاڵ بەکارهێنانی زمانێکی ئیجگار سەخت بۆ تێگەیشتن، کە وای کردووە شیعرەکانی چێژی تایبەت بە خوێنەرانی سەردەمی خۆی و ئێستاش ببەخشێت، کە ئەمەش زادەی ئەو توانا لە ڕادەبەدەرەی ئەو مامۆستا مەزنە بووە.

مەحوی بەهۆی ئەوەی کە عارفێکی تەواو کامڵ و تێگەیشتوو بووە و زانایەکی ئایینی تەسەوفی بەرز بووە ، لەلایەن ئەدەب دۆستان و خوێنەرانی شیعری کوردیە وە زیاتر بە “حەزرەتی مەحوی ناودەبرێت” وەك ڕێزلێنانێك بۆ بەرزی ئەم کەسە مەزنە.

لێرەدا چەند بەیتێك لە شیعرەکانی مەحوی دەخەینە ڕوو کە تێگەیشتنیان بۆ خوێنەرێکی ئاسایی زۆر سەختە، بەڵام لەلایەن زانا و موفەسیری ناوداری کورد “مەلا عەبدولکەریمی مودەریس”ەوە لە دووتوێی “دیوانی مەحوی” ماناکەی لێکدراوەتەوە.

حەزرەتی مەحوی لە بەیتێکی عاریفانەیدا ئەفەرموێ:

ئەسیر و سەیدی قەیدی کەید و شەیدی نەفسی ئەممارەم

لە دەست ئەم مارە بەدچارە ، چیە چارم ، خودا چارەم

لێرەدا شاعیر بە وشەکارییەکی زۆر جوان شیعرەکەی ڕازاندۆتەوە بە دانانی چەند وشەیەک بەدوای یەکدا کە هەموو یەک سەروایان هەیە “سەید ی قەیدی کەید و شەید” و وشەگەلێکی نوێ هاتۆتە ئاراوە، و هەر وەها لە نیوە دێری دووەم بەکارهێنانی وشە چەند جارێک بە مانای جیاواز زیاتر جوانکاری داوە بە شیعرەکە و مانای پێ بەخشیوە، بۆ نمونە “نەفسی ئەممارە” لەگەڵ “ئەم مارە” جگە لە چەندبارەکردنەوەی “بەدچارە” و “چارم” و “چارەم” کە لە یەکەوە نزیکن لەڕووی داڕشتنەوە.

بۆ مانەی ئەم بەیتە مامۆستا عەبدولکەریمی مودەریس ئەڵێ:

دیل و نێچیری کۆت و بەند و فڕ و فێڵی ئەو نەفسەم کە داوای خراپە ئەکات

لەدەست ئەم نەفسە خراپەکارە، چارەسەرم چیە؟ خودایە چارەسەرم بکە.

هەروەها جگە لە تەسەوف و خواناسی مەحوی سوارچاکێکی شیعری دڵداری بووە کە زۆرێك لە شیعرەکانی تا ئێستاش ئەکرێن بە گۆرانی،  لە یەکێك لە شیعرە جوانەکانی ڕوو لە یارەکەی ئەکات و ئەفەرموێت:

غونچە دڵ بوونم، لە حەسرەت لێوی تۆیە، غونچە دەم!

غونچەکەی تۆ مەر شیفا دا غونچەکەم، ئەی غونچەکەم

واتە:

ئەی یاری دەم وەک غونچە گیراو ، کە قسەیەکت لە لێوە دەرنایەت، من لە داخی بێدەنگی لێوی سوری تۆیە، دڵم وەک غونچەی سور گوشراوە و خوێناوی بووە،  بەوتەیەکی غونچەی نەپشکتووی دەمی تۆ نەبێ ، غونچەی دڵی گوشراوی من چاک نابێتەوە.

ئەمە نمونەیەکی بچوکە لە دیوانێکی گەورەی مەحوی کە تێیدا شیعری کوردی و عەرەبی و فارسیشی نوسیوە و چەندنین شیعری بەپێزتر و پڕماناتری تێدایە، کە ئەرکێکی سەرەکیە لەسەر هەموو ئەدەب دۆست و خوێنەرێك ئەم دیوانەی مەحوی بخوێنتەوە و لە مانای شیعرەکانی تێبگات.

بابه‌تی تر بابه‌تی هاوشێوه‌

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!