Find anything you need on Yalla

پاش ئازادکردنی لەدەست چەکدارانی داعش، ئێستا ژیان بۆ جەلەولا دەگەڕێتەوە

0

حه‌سه‌ن حه‌مه‌‌ڕه‌شيد سه‌رقاڵى رێكخستنى ئه‌و ميوانه‌يه‌ كه‌ له‌ دێهاته‌كانى ده‌وروبه‌رى شارۆچكه‌ى جه‌له‌ولاوه‌ بۆى دێت. ئەم میوەفرۆشە رۆژوى ره‌مه‌زان و گه‌رماى تاقەت پڕوکێنى هاوين هيچ بێزارى نه‌كردوه‌و ده‌ڵێت “ماتوڵ داعش و ئاوارەیی كۆتاییهاتوه‌، هەمووشت ئیتر باش دەبێت”.

دواى نزيكه‌ى ٢ ساڵ لە شه‌ڕى داعش و ئاوارەبوونى دانیشتوانەکەى، ئێستا هێواش هێواش خەریکە ژيان له‌ شارۆچكه‌ى جه‌له‌ولاى سه‌ر به‌ پارێزگاى دياله‌ ده‌س پێ ده‌كاته‌وه. ئەم شارۆچكه‌یه‌ كه‌ ١٦٠ كم ده‌كه‌ویته‌ باكوری به‌غدای پایته‌خت و رەگى بەقوڵایی مێژوودا چوەتە خوارەوە،  لەدواى حوزەیرانى ٢٠١٤ و کشانى داعش بەرەو دیالە، جەلەولا بووە گۆڕەپانى شه‌ڕى كۆڵان به‌كۆڵانى پێشمه‌رگه‌و داعش و چه‌ند مانگێكيش به‌ته‌واوى له‌لايه‌ن هێزەکانى سەر بەرێکخراوى داعشه‌وه‌ كۆنترۆل كرا و خەڵکەى ناچاربوون هەڵبێن بۆ ناو خێوەتگاو بۆ شارۆچکەکانى دەوروبەر.

لە کۆتایی ساڵى ٢٠١٥ هێزەکانى پێشمه‌رگه بە ته‌نسیق له‌گه‌ڵ سوپای عیراق دواى شه‌ڕێكى سه‌خت، جەلەولایان به‌ته‌واوى کۆنترۆڵ کردەوە و لەپاش ئەمەش پاککردنەوەى شارۆچکەکە لە ئاسەوارەکانى جەنگ دەستپێکرد و مەترسیی ئەمنی راستەوخۆش لەسەر ناوچەى گەرمەسێرى دراوسێى جەلەولا نەما.

خەڵکى جەلەولا تاڵاوى زۆریان چەشت بەدەست شەڕى داعش و ئاوارەییەوە، شارەکەش باجێکى گەورەى ماددى و گیانى دا لەئەنجامى کەوتنى بەدەستى داعش، بەڵام خەڵکى ئەم شارۆچکە تێکەڵە له كورد و عه‌ره‌ب و توركمان کە زۆربەى ژیانى خۆیان بە کشتوکاڵ و بازرگانییەوە بەسەر بردووە، تەسلیمى ئەو بارودۆخە سەختە نەبوون و دەیانەوێت هەرچۆنێک بووە ژیانێکى نوێ دەست پێ بکەن و ئاسەوارەکانى جەنگ لە بیر بکەن.

ئه‌بوياسر، كه‌ هاوڵاتییەکى عەرەبە و لەتایفەى سوننەیە لە گوندى “العيون”ى خۆرئاواى شارۆچكه‌ى جه‌له‌ولا نیشتەجێیە و ئیستا لە قەراغى ‌ده‌رياچه‌ى حه‌مرين سه‌رقاڵى راوه‌ماسيه. ئەم راوچییە بۆ يه‌ڵڵاى رونکردەوە ئاوارەبوونى خەڵکى جەلەولا کارو کاسپى ئەوانى لاواز کردبوو، به‌هۆى چۆڵبونى شارۆچکەکەوە رۆژانه‌ ئه‌وماسيانه‌ى راوى ده‌كردن به‌نرخێكى هه‌رزان ده‌یفرۆشتن، بەڵام ئیستا ماسيه‌كانى لە بازاڕدا بەنرخى شایستەى خۆیان دەفرۆشرێن و وتیشى “لەمە گرنگنتر رۆژانه‌ دۆست و هاوڕيكانم ده‌بينمه‌وه‌ كه‌سه‌رده‌مانێك شه‌ڕ له‌يه‌كترى دورى خستبوينه‌وه‌”.

یەکێکیتر لە کێشەکانى جەلەولاى پاش سەردەمى داعش بۆمبە چێنراوەکان بوو کە رێگەى نەدەدا خه‌ڵكه‌كه‌ى بە بێ ترس بگەڕێنەوە بۆ ناو شارەکە وەکو جاران، به‌ڵام له‌سه‌رەتاى ئه‌م ساڵه‌وه‌ به‌پێى پلانێكى هاوبه‌شى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى دياله‌و ئيداره‌ى شارۆچكه‌کەو ده‌زگاى ئاسايشى هه‌رێمه‌وه‌ شاره‌كه‌ پاككرایه‌وه‌ بۆمب و پاشان به‌چه‌ند وه‌جبه‌يه‌ك ئاوارەکان گەرێندرانەوە بۆ‌ سه‌ر ماڵو حاڵى خۆيان و چارەسەرى گونجاو بۆ لەمپەرەکانى بەردەم گەڕانەوەیان دۆزرایەوە.

بەرێوەبەرى ناحیەى جەلەولا، شێخ يه‌عقوب لهێبى، به‌ يه‌ڵاى راگه‌ياند، ئەوان به‌پێى پلانێكى ورد و له‌ماوه‌ى 6 مانگى رابردوودا نزيكه‌ى حه‌وت هه‌زار خێزانیان بۆ جه‌له‌ولا گێڕاوه‌ته‌وه‌و به‌رده‌واميشن له‌گێڕانه‌وه‌یان.

لهێبى، وتیشى: “بۆ دووبارە نەبونەى مەترسییە ئەمنییەکان دەزگاکانى ئاسایش رێکارى ئەمنى خۆیان دەگرنە بەر بۆ ئەوەى هيچ كه‌سێكى گومانلێكراو جارێكى تر نه‌توانێت له‌ جه‌له‌ولادا نيشته‌جێ ببێت”.

جگە لە گەڕانەوەى جموجوڵى ژیان بۆ جەلەولا و نۆژەنکردنەوەى بەشێک لە خانوو دوکانەکانیان، له‌ ئێستادا ئاو و کارەبا بۆ شارۆچكه‌كه دابینکراوە و نه‌خۆشخانه‌يش كه‌وتۆته‌وه‌ كار بۆ چارەسەرکردنى نەخۆشەکان.

به‌ڕێوه‌به‌رى ناحيه‌ى جەلەولا باس له‌وه‌ ده‌كات، به‌رده‌وام ده‌يانه‌وێت خزمه‌تگوزارى زياتر بۆهاوڵاتيان دابين بكه‌ن و بەلاى ئەوەوه‌ لە هەموى گرنگتر ئەوەیە توانیویانە شارەکە  به‌ته‌واوى له‌ بۆمبه‌ چێنراوه‌كان پاك بكه‌نه‌‌وه‌و دەڵێت:”ئێستاش له‌خه‌مى چاكردنه‌وه‌و رێكخستنه‌وه‌ى بيناى قوتابخانه‌كانداين بۆ ئه‌وه‌ى له‌ وه‌رزى نوێى خوێندندا هيچ كێشه‌يه‌ك بۆ بۆ قوتابيه‌كان نه‌يه‌ته‌ پێشه‌وه‌”.

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!