Find anything you need on Yalla

پێش ئەوەی گەشتیاران پێی بزانن سەردانی ئەم شوێنانە بکەن

0

زۆرێنەی خەڵک دەڵێن ئەو شوێنەی زۆرترین ژمارەی گەشتیار ڕووی تێدەکەن خۆشترین شوێنە، بەڵام ئەم ڕستەیە بە تەواوی هەڵەیە، چوونکە هەندێك شوێن هەن کە زۆر خۆشترن لەو جێگایانە، بەڵام بەهۆی ئەوەی نەناسراون خەڵک ڕوویان تێناکات.

زۆرێک لە ئێمە دەمانەوێت بۆ رزگاربوون و دوورکەوتنەوە لە جەنجاڵی و ماندوبوونی ڕۆژانە، ڕوو لە سەیرانگا و شوێنە گەشتیارییەکان بکەین بەڵام هەڵەی ئێمە ئەوەیە کە ڕوو لەو شوێنانە دەکەین کە هەموو خەڵک ڕووی تێدەکات کە هەندێک جار زۆر قەرەباڵغتر و بێزارکەرترن لە ناو شار، لێرەدا یەڵڵا هەندێک ناوچەی خۆشی کوردستانتان بۆ دەخاتە ڕوو کە تا ئێستا گەشتیاران پێیان نەزانییوە بۆیە هەوڵبدەن پێش ئەوەی پڕ بێتەوە بە گەشتیار ڕووی تێبکەن،  ئێوەش هەر شوێنێکی دیکە شک دەبەن لە کۆمێنت بینوسن بۆ ئەوەی خەڵکی زیاتر بە سرووشتی کوردستان ئاشنابێت و سوودمەندبێت لەم بابەتە.

1_   سەیرانگای (شێخ توڕاب):

ئەو دەڤەرە گەشتیاریە دەكەوێتە نێوان ناوچەكانی كڕاوتیە و كەڵەكن ، ئەم ناوچەیە بە ئاو و داری گەورە و سەوزایی دەوڵەمەندە، هەندێک خەڵک بە مەبەستی سەیران کردن و هەندێکی دیکە بۆ نزا و پاڕانەوە سەردانی ئەم ناوچەیە دەکەن چوونکە ئەم ناوچەیە هەم شوێنێکی گەشتیارییە هەم چەند مەرقەدێکیشی لێیە کە خەڵک رووی تێدەکەن.

2_   گــونـدی( قـه‌ســرۆک):

گوندێکی سەر سەوزە و کەش و هەوایەکی فێنک و دڵڕفێنی هەیە، ئەم گوندە دەکەوێتە  قەزای شەقڵاوە و گوندێكی بچوك و خنجیلانه‌ی ناوچه‌ی خۆشناوه‌تیە، ناوی قەسرۆک لە چەندین شوێن و ناوچەی دیکەی کوردستان بەکارهاتووە بەڵام ئەم قەسرۆکە ٨کیلۆمەتر لە قەزای شەقڵاوە دوورە و دەکەوێتە نزیك سێ ڕێیانی ( شه‌قڵاوە- هیران- باسرمە) .

3_   سەیرانگای مەیدانۆکان:

یەکێکە لە خۆشترین سەیرانگاکانی قەزای مێرگەسوور، دیمەنێکی جوان و سەرسوڕهێنەر و هەوایەکی پاک و فێنکی هەیە،ئەگەرچی خەڵکی دەوربەر بەم سەیرانگایان نەزانییوە ،بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئەم ناوچەیە خۆی سەردانی ئەم سەیرانگایە دەکەن ،ئەگەر بێتو ئەم شوێنە گرنگی پێبدرێت ئەوە دەبێتە یەکێک لە خۆشترین سەیرانگاکانی هەرێم

4_   گوندی کاولۆکان:

یەکێکە لە خۆشترین گوندەکانی دەوروبەری قەزای رەواندوز کە لە ناوچەیەکی شاخاوی هەڵکەوتووە، ئەم گوندە بە چیاکانی زۆزک، هەندرێن،  ئارموشە و کۆڕەک دەورە دراوە و بە دووری (104)کم دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر.

5_   دۆڵی ئاکۆییان:

یەکێکی دیکە لە خۆشترین ناوچە گەشتیارییەکانی قەزای رەواندزە کە جوانی دیمەنی ئەم شوێنە و خۆشی ناوچەکە کارێکی کردووە کە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک سەردانی بکەن، بەڵام هێشتا ئەم شوێنە ئەوەندە قەرەباڵغ نەبووە کە بێزارکەربێت.

6_   دۆڵی مەلەکان:

دەکەوێتە ناحیەی خەلیفان لە قەزای سۆران و ناوچەیەکی سەرسەوز و دڵڕفێنە، وێنەکانی ئەم ناوچەیە سەرنجی زۆرێک لە خەڵکیان راکێشاوە و خەڵکانێکی زۆر خوازیارن سەردانی ئەم شوێن بکەن، بەڵام بەهۆی دووری و نەزانینی رێگاکەی خەڵكێکی کەم رووی تێدەکەن.

7_   گوندیی زێوێ :

یەکێکە لەو شوێنە سەرنجڕاکێشانەی باشووری کوردستان کە دەکەوێتە نێوان دوو دەربەند لە نزیک قەزای پیرەمەگروون ،هەڵکەوتەی بەشێکی بەرچاوی ئەم ناوچەیە چیا و بەرزاییە و ئەمەش وای کردووە کە ناوچەیەکی فێنک و سەرسەوزبێت و ببێتە شوێنێکی گونجاو بۆ گەشتکردن.

8_   گوندی سەرگەڵو:

گوندی سەرگەڵوکە بە دۆڵی جافایەتی ناسراوە دەکەوێتە ٦٥ کیلۆمەتری شاری سلێمانی و بە سەرچاوی ئاوی زۆر و بەرهەمی کشتووکاڵی بەناوبانگە، لەکاتی شۆڕشدا ئەم شوێنە ناوەندی رادیۆی دەنگی کوردستان و ناوەندی شۆڕش و کوردایەتی بووە،بۆیە ئێستا ساڵانە چەندین بۆنە و مەراسیمی جیاواز لەم گوندە دەگیردرێت، تا ئێستا گەشتیارانی بیانی بەم شوێنەیان نەزانیوە بۆیە بەزۆری خەڵکی سلێمانی و دەوروبەری سەردانی ئەم شوێنە دەکەن.

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!