پێکەنین مانای بێ شعوری نییە

0

ئەو ساتەی کە ئایدۆلۆژیای (نازیزم ) بەکۆمەڵ جولەکەکانی ئەنارد بۆ ژوری خنکاندن  و دەیان هەزار منداڵ و ژن لە کەمپەکانی زۆرەملێدا بۆ لەتێک نان دەمردن، ئەو کاتەی کە ملیۆنان لاشە لە سەر زەوی کەوتبوون، ئەو کاتەی هەموو دنیا لە ژێر ئازاری هێتلەردا دەیناڵاند، ڕێک هەر لەو کاتەدا چارلی چاپلن بە فیلمی “دیکتاتۆرە مەزنەکە” هەیبەتی هێتلەری شکاند.

لە ڕاستیدا ئه‌گه‌ر ئه‌مریکا و ڕووسیا و بەریتانیا له‌ ڕووی سه‌ربازیه‌وه‌ خه‌ڵکیان له‌ چنگی هێتله‌ر رزگار کردبێت، ئه‌وا چاپلن بە هونەری پێکەنینەکەی له‌رووی سایکۆلۆژی و رۆحیه‌وه‌ ئه‌و کاره‌ی کرد،  هێتلەر پێش ئەوەی بە دەستی ڕۆزفێڵد و ستالین و چەرچڵ  بشکێت، ئەوە چارلی چاپلن بوو هەیبەتی هێتلەری لە دەروونی خەڵکدا شکاند،  ئەو کاتەی تانک و تۆپ و فرۆکەکانی هاوپەیمانان نەیان دەتوانی سنورێک بۆ سوپاکەی هێتلەر دابنێن، هەر ئەو کاتە بوو کە چارلی چاپلن بە فیلمی “دیکتاتۆرە مەزنەکە” کەسایەتی هێتلەری لە دەروونی خەڵکدا وورد و خاش کرد و کردی بە کەرەستەی پێکەنین .

لە کاتێکدا کارەساتێکی وەک جەنگ یان بومەلەرزە یان هەر ڕووداوێکی تری ترسناک روودەدات  پێکەنین بەمانای گاڵتەکردن بە قوربانی یان هاونیشتمانی و هاوشاری نایەت بەڵکو بەشێکی زۆری پەیوەندی بەو ترسەوە هەیە کە بەقوڵییەوە دەچێتە ناو ڕۆحمانەوە.

دەرونناس و فەیلەسوفی گەورەی فەرەنسی میشێل فۆکۆ دەڵێت “کاتێک  دەروونی مرۆڤ پڕ دەبێت لە ترسێکی زۆر،  جا ئەو ترسە هەر هۆکارێکی هەبێت، ترس بێت لە ستەمکاری یان ترس بێت لە ڕوداوێک،   تەنها ڕاڤە وشیکردنەوەیەک کە دەتوانین ئەو دۆخەی پێ تەفسیر بکەین بریتیە لە پێکەنین”.

لە ڕاستیدا پێکه‌نین به‌ته‌نها جوڵه‌یه‌کی خۆنه‌ ویستانه‌ی ماسولکه‌یی نیه‌ که‌ چه‌ناگه‌ و شه‌ویلگه‌کان به‌شێوه‌یه‌کی کاتی بکاته‌وه‌ ودایبخات، بە پێچەوانەوە، وه‌زیفه‌ی سه‌ره‌کی پێکه‌نین بریتیه‌ له‌ ئاگاهی و له‌ هۆشیاری دان لە کاتێکدا کەرەستەکانی تر ناتوانن کۆمەکمان بکەن بۆ لێکدانەوە ، ڕەنگە پێکەنین باشترین کۆمەک بێت.

پێکەنین ئیسفەنجێکە هەرچی زووخاوی دەروونە هەڵی دەمژێت، هەموو تیۆرە سایکۆلۆجییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە ئەوانەی کە زۆر پێدەکەنن، زۆریش دەگرین،  پێکەنین بە مانای بێشعوری نیە بەڵکو ڕزگاربوونە  لەو ترسە زۆرەی کە دەروونی کەسێک داگیر ئەکات .

شۆڕشگێرەکانی ئیتاڵیا کاتێک وڵاتەکەیان رزگارکرد گوتیان ” ئێمە خاکی ئیتاڵیامان رزگار کرد، ئێستا نۆرەی ئەوەیە دەروونی خەڵکەکەش ڕزگار بکەین”  کەواتە رزگارکردن تەنها رزگارکردنی لاشەیی و فیزیکی جەستە نییە بەڵکو دەبێت یەکەم جار دەروونی مرۆڤ رزگار بکرێت لە ترس، کەواتە چ شتێک لە پێکەنین زیاتر کۆمەکی ئەوانی تر دەکات ؟

سته‌مکاره‌کان هه‌میشه‌ به‌و فه‌زا خه‌مبارانه‌دا دەه‌ناسرێنه‌وه‌ که‌ به‌رده‌وام به‌ کۆمه‌ڵگادا بڵاویده‌که‌نه‌وه‌ له‌ ترس و تۆقاندن وکوشتن و بڕین ونه‌هێشتنی پانتایی شادی پێکه‌نین ، نوکته‌‌ و گاڵته‌جاڕی شێوازێکی دیالۆگه‌ که‌ سانسۆرناکرێت‌ نه‌ به‌ چاو و گوێی سته‌مکار نه‌ به‌ مێشک و بیرکردنه‌وه‌ی فه‌یله‌سوف، بەڵام لەهەمان کاتدا پێکه‌نین ئه‌گه‌ر مه‌عریفه‌یه‌کی قوڵ یان یان باگراوندێکی گه‌وره‌ی رۆشنبیری له‌ پشته‌وه‌ نه‌بێت ئه‌وکات له‌بری ئه‌وه‌ی  ئامانجه‌که‌ بپێکێت به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ خودی خاوه‌نه‌که‌ی ده‌کاته‌ که‌ره‌سته‌ی پێ رابواردن، به‌مانایه‌کی تر ئه‌و شمشێره‌ی که‌ به‌ده‌ستتە‌وه‌یه‌ بۆ ڕاوه‌شاندن و یاریکردن و به‌رگریکردن ئه‌گه‌ر هۆشیاریه‌کی قوڵی له‌پشته‌وه‌ نه‌بێت ئه‌وکات پێکه‌نین له‌بری ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ره‌که‌ت ببڕێت، خۆت بریندار ئه‌کات .

بە دەسکارییەوە لە هەژماری کەسی ” هێمن عەبدولقادر”ەوە وەرگیراوە لە فەیسبووک

بابه‌تی تر بابه‌تی هاوشێوه‌

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!