Find anything you need on Yalla

چۆن یارمەتی ئاوارەکان دەدەیت؟

0

پۆڵا رەئوف

بەداخەوە بەهۆی جەنگە لەناکاوەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژمارەی ئاوارەکان زیاد دەکات، ئێمەی خەڵکی کوردستان بەردەوام سنوورەکانمان بەڕووی ئاوارەی شارەکانی تر واڵابووە، هەرچەندە بەهۆی زۆریی ژمارەی ئاوارەکان ناچاربووین لەدوورەوە یارمەتیان بدەین،  بەڵام لەوانەیە ئەمجارەیان دۆخەکە جیاواز بێ، پێگەی ” فامیلی شێر ” چەند پێشنیارێکی خستوەتەوە ڕوو بۆ چۆنیەتی یارمەتیدان و مامەڵەکردن لەگەڵ خێزانە ئاوارەکان:

• وەکو هاوڕێ مامەڵەیان لەگەڵ بکە:

ڕاستە تۆ نایانناسیت بەڵام دەبێت کاتێ یارمەتییان پێشکەش دەکەیت یاخود بەخێرهاتنیان دەکەیت وەکو هاورێ یان خزمێکی خۆت بیان دوێنیت و نابێ هەست بەوە بکەن کە لێیان قەوماوە و گوناهن، چونكە هەرچەندە تۆ یارمەتییان دەدەیت، بەڵام لەهەمان کاتیش بێ ئەوەی پێی بزانی برینداریان دەکەیت، هەربۆیەش دەبێت ئاگات لە ڕوانین و تەنانەت تۆنی دەنگیشت بێت.

•  کۆمەک:

سەرەتا کە تازە دەگەنە شارەکەت دەبێ خێرا بە جل و خواردن کۆمەک بکرێن،  بەڵام دواتر دەتوانیت لەڕێگەی دەزگا خێرخوازییە متمانەپێکراوەکان یارمەتییان پێشکەش بکەیت، دیسان ئەمەش بۆ ئەوەیە کە هەست بەوە نەکەن کە موحتاجن و خێریان پێدەکرێت.

• دەرگای ماڵەکەت واڵا بکە:

ئەگەر لەماڵەکەت ژووری بەتاڵت هەیە و بارودۆخی خێزانیت ڕێگەت پێدەدات کە جێگە ورێگە بۆ بنەماڵەیەک دابین بکەیت کە نەخۆش یاخود منداڵ و پیریان هەیە، ئەوا هیچ بیرمەکەوە و یارمەتیان بدە، دەشکرێت کە پارەیەکی ڕەمزیان لێوەربگریت بۆ ئەوەی هەست بەشەرمەزاری نەکەن.

• ئاسانکاریان بۆ بکە:

ئەگەر خوانەخواستە ناچاربوون ماوەیەکی زۆر بمێننەوە ئەوا ئەرکی تۆیە ببیتە چاوساغی هەرئاوارەیەک کە داوای یارمەتیت لێدەکات، بۆ نمونە دەکرێت پارەی تەکسیان لێوەرنەگریت و لەهەمان کاتیش ئەگەر ئەدرێس و شوینی نەخۆشخانە و بازاڕ و شوێنی پێویستیان پێبوو نابێ وەکو کەسێکی ئاسایی مامەڵەیان لەگەڵ بکەیت بەڵکو هەتا پێت دەکرێت ئاسانکاریان بۆ بکە و ئەگەر سەرقاڵیش بوویت پێویستە کاتیان بۆ دابین بکەیت چونکە ئەمە دۆخێکی کاتییە.

گرنگترین شت ئەوەیە کە ئەوەتان لەتادبێت  کە “جەنگ مرۆڤایەتیمان دەخاتە ژێرپرسیارەوە” تەنها لەکاتی جەنگ هەلی ئەوەمان بۆ دەڕەخسێت کە دوور لەخۆنواندن چاکە بکەین، هەر لەکۆنیشەوە پیرەمێردی شاعیر وتویەتی :

تۆ چاکە بکە و بیدە بەئاوا

خەڵکیش نەزانێ، لای خوا نوسراوە

پیاو ئەو پیاوەیە بەچاکە پیاو بێ

نەک بە وەزیفە ناوی بەناو بێ

پیاوی خراپ نەبێ چاک دەرناکەوێ

تا تاریک نەبێ کێ چرای دەوێ؟

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!