Find anything you need on Yalla

چیرۆكی زارۆكان، چ بەڵایەكی بەسەر منداڵەكانمان هێناوە!

0

  گوڵ هەنار سەعدی

دەنکە هەنارە و سەندرێلا و سنۆ وایت و ئەحمە دۆکە.. خۆ چیرۆکی زارۆکان لە سەرجەم کولتورەکان لەیەکتری دەچن، کچێکی شۆخ و جوان کە جوانییەکەی شەوقی  مانگ و ڕۆژ دەبڕێت و دێوێکی ناحەز کە خەریکی سیحر و جادووە لەگەڵ شازادەیەکی قۆز و دەوڵەمەند کە بێگومان کوڕی پاشایە وهەموومان چاوەڕوانی دەکەین تابێت و دەنکە هەنارە لە دێو و درنج و جادو ڕزگاربکات.

ئەگەر یەک تۆز لەم حکایەتۆکانە ورد ببنەوە تێدەگەن کە ئێمە هەر لە منداڵییەوە چ بەڵایەکمان بەسەر منداڵەکانمان هێناوە.

 

با سەیرێکی چیرۆکەکە  بکەین و بزانین پەیوەندی بە واقعی ئێستاوە چییە؟

♦ دەنکە هەنارە کە پاڵەوانی چیرۆکەکانە دەبێت کچێکی جوان وناسکۆڵەبێت، واتە هەر لەسەرەتاوە هەرچی کچۆڵەی ناجوان یاخود مام ناوەندە دەکەینە دەرەوەی ئەم هاوکێشەیە، یاخود پێیان دەڵیین کە هەر دەبێت جوانبن، ئەگینا نابنە قسەمەتی شازادە، ئێستا زانیمان کە بۆچی خەمی ئەوەڵ و ئاخیری کچان جەستە و لەش ولاریانە؟

♦ هیچ یەکێ لە دەنکە هەنارەکان و کچەکانی ناو حیکایەتەکان ناتوانن خۆیان کێشەکانیان چارەسەربکەن، ئەوان چاوەڕوانی فریاد رەسێکن و، کێشەکانیان لەخۆیان و لەتواناکانیان گەورەترە ئەمە جگە لەوەی کە کێشەکان کراونەتە جادوو و تەفسیرێکی واقیعی بۆ نەکراوە، جادووەکەش دەبێت کەسێک بیکاتەوە و بەتاڵی بکات، هەرئەمەشە وادەکات کچەکانمان بەرامبەر بە کێشەکانیان بێدەسەڵات بن و ماڵی باوکیان وەکو سندوقێک بێتە بەرچاوان، تا شازادەش نەیەت ئەوا لەم سندوقە ڕزگاریان نابێت.

♦ پاڵەوانی ناو چیرۆکەکانیش یان دەبێت زۆر ئازابێت یان دەبێت کوڕی پاشا بێت، واتە نەنە گیان تۆ هەر لەزووەوە قوڕ بۆ نەوەکانت دەگریتەوە، چونکە بەقەولی ئەم چیرۆکانەت بێت دەبێت کوڕەکانمان یان پاڵەوانی تایکواندۆ و کاراتێ بن یان کوڕە دەوڵەمەند و بەرپرس بن.

(دۆناڵد هاس)، مامۆستا لە زانکۆی وین ستەیتی ئەمەریکی لە ڕۆژنامەی ئیندیپێندێنت باس لەم جۆرە چیرۆکە تەقلیدییانە دەکات و بەڕای ئەو کاتی ئەوە هاتووە کە باوان رەخنە لەم جۆرە چیرۆکانە بگرن چونکە  بەهیچ شێوەیەک  دونیا بینی پاڵەوانەکان ومامەڵەکردنیان لەگەڵ کێشەکان بۆ سەردەمی ئێستامان ناگونجێت و سوودیشی نابێت.

بەگوێرەی ڕای (ڤیکتۆریا شونمی)ش کە وانە بێژە لە زانکۆی لەندەن پێویستە چیتر ئەم جۆرە چیرۆکانە بۆ منداڵەکانمان نەخوێنینەوە، چونکە سەرباری ئەوەی کە لەگەڵ سەردەمی ئێستا ناگونجێت منداڵەکانیش بە کچ و کوڕەوە تووشی کێشە و گرێی دەروونی دەکات و کێشەی کچەکان لەگەڵ جوانی نمونەیی قوڵتر دەکاتەوە، و  وادەکات زۆر تەسکانە بیربکەنەوە و پشت بە پیاوان ببەستن بۆ بەدیهێنانی خەونەکانیان.

لەهەمان کاتیش هەموو خەمی ئەم چیرۆکانە تەنها خۆشەویستی و شووکردنە، بێ ئەوەی خۆشەویستی پێناسەیەکی قوڵی بۆ بکرێت و بەواتایەکی تر هەر کەسێک لە دەرەوەی ئەم جۆرە هاوکێشەیە بێت لەناو کۆمەڵگەی نمونەیی هەرگیز جێگەی نابێتەوە!

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!