چی دەربارەی ڕەبەنی بۆیە و وسوڕەحمانەکەی شەقڵاوە دەزانیت؟

0

ئا: گوڵ هەنار سەعدی

هەر کە دەچیتە شەقڵاوە تەنها خەیاڵت لای پیاسەیەکی ناوبازاڕ و کڕینی سرکە و نانە قەیسییە، ئەگەر زۆر زۆر خۆت هیلاک بکەیت لەوانەیە تۆزێک بەناو سروشتەکەی بگەڕێت بەڵام قەت خەیاڵت بۆ ئەوە ڕۆیشتووە کە سەردانی شوێنەوارێکی ئەوێ بکەیت؟  شەقڵاوە شوێنەواری زۆر کۆن و جوانی لێیە و رەبەنی بۆیە یان وسو ڕەحمان یەکێکن لەو شوێنەوارانە.

لەسەر ڕێگەی گشتی ( شەقڵاوە- هیران) و لەقەدپاڵی چیای سەفین، لە بەرزایی دۆڵێکەوە مەزارگەی ڕەبەنی بۆیە کە لە بەرزی ٢٠ م لەشاخەکە هەڵکەندراوە دەکەوێتە بەرچاوان.

سەرەتا با چیڕۆکی ئەم مەزارگەیە باس بکەین،  دەگوترێت “بۆیە” یەکێک بووە لە خواپەرستەکان و بۆ ماوەی ٦٨ ساڵ لەم شاخە ژیاوە و تەنها یەکجار بۆ سەردانیکردنی یەکێ هاتۆتە خوارەوە، بەگوێرەی چیرۆکی “مار قەرەداغ” ئەم خواپەرستە ناوی ” ڕەبەن بێری” بووە و لە دەوروبەری سەدەی چواری زاینی ژیاوە کە ئێستا بە رەبەن بۆیە ناودەبرێ.

کاتێک کە لە مەزارگەکە نزیک دەبیتەوە دیوارێک یاخود شوارەیەکت بەرچاو دەکەوێت، ئەم دیوارە بۆ نەوەی شەشەمی دوای ڕەبەن بێری  دەگەڕێتەوە و دەگوترێ کە قەبرەکەی رەبەن بێریش هەر لەوێدایە. ئەگەر بەوردی سەیری دێرەکە بکەیت دەبینیت کە لە شوێنێکی وادایە کە ڕەبەنەکە هەر لەدوورەوە زانیویەتی کە کێ سەردانی دەکات و لەهەمان کاتیش لەکاتی شەڕو شوڕ پەناگەیەکی قایم بووە.  

 کریستیانەکان ئەم مەزارگەیە بە پیرۆز دادەنێن و بۆ مراز و منداڵبوون زۆر سەردانی دەکەن، هەر بۆیەش زۆرینەی کریستیانەکانی عەنکاوە ناوی ” بۆیە” لە منداڵەکانیان دەنێن.

لە ڕۆژی دوشەممەی سێیەمین هەفتەی قیامە کریستیانەکانی کوردستان بە بۆنەی جەژنی ” رەبەن بۆیە” ئاهەنگ دەگێڕن و لە ١٥ ی ئابیش دیسان بەهەمان بۆنە لەوێ کۆدەبنەوە.  

   ئەم شوێنە کاتی خۆی لە ٦ ژوور پێکهاتووە کە لەناو چیاکە هەڵکۆڵدراوە، سەرەڕای خەزانێکی ئاو کە ئەویش هەڵکۆڵراوە و کاتی خۆی بەفریان تێدا هەڵگرتووە. هەموو ژورەکان کە ڕەبەنەکانی تێدا ژیاوە دەچنەوە سەریەکتری و دەگوترێ کە یەکێ لەژوورەکانیش شوێنی ڕستن و چنین بووە، وادیارە کە ڕەبەنەکان خۆیان جلیان بۆخۆیان درووست کردووە.

دیوارێکی بەرزیش لە تەک ژووری چنینەکە هەیە و دەلاقەیەکی بچووکی تێدایە، دەگوترێ هەر کەسێک ٧ بەرد بخاتە ناو دەلاقەکە مرازی حاسڵ دەبێ.

لە پەنجاکانی سەدەی رابردوو رووفاتی دووکەس لە یەکێ لە ژوورەکان دۆزراوەتەوە و شوێنەوارناسی ئەڵمانی ” رالف سولیکی” پشکنینی بۆ روفات و ئەو قوماشە کردەوە کە روفاتەکەی تێداپێچراوە مەزەندەی ئەوەی کردووە کە مێژووەکەی بۆ ١٥٠٠ ساڵی بەر لەزاینی بگەڕێتەوە. دەگوترا کە بەردێکی سوور کە درێژییەکەی نزیکەی  ٢ مەتر و بەرزیەکەی ٣٠ سم بووە لە نێوان هەردوو رووفاتەکە دانراوە و رووفاتەکانیش لە قوماشێکی سپی پێچراون کە وێنەی خاچێکی لەسەر نەخشێنراوە. بەگوێرەی زانیارییەکانیش ئەم جۆرە قوماشە کاتی خۆی لەشەقڵاوە درووست دەکرا و بە ” کراوا” ناسرابووە.

ئیمانداران جا چ کریستیان بن یاخود مسوڵمان سەردانی ئەم شوێنە دەکەن و لەوێ مۆم دادگیرسێنن و بۆ بەرەکەت مشتێ لە خۆڵی مەزارەکە لەگەڵ خۆیان دەبەنەوە، وادیارە کە ڕەبەن بێری کەسێکی زۆر خواناس بووە و هەربۆیەش مسوڵمانەکانیش سەردانی دەکەن و بە شیخ وسو رەحمان ناوی دەبەن، تەنانەت هەندێ جار لە یەک کاتدا مسوڵمان و کریستیان لەتەک یەکتری لەمەزارەکە دەبینرێن.

لە ساڵی ٢٠٠٥ ڕێگەی  ئەم مەزارە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە قیرتاوکراوە و تەنانەت تاوەکو نزیک مەزارەکەش رێگەی ئۆتۆمبێل هەیە و دواتر دەکرێت بە پێ تاوەکو مەزارەکە و بەقەد پاڵی شاخی رەبەنی بۆیا بڕۆیت.

لەهەمووی سەیرتر ئەو نووسینەبوو کە لەسەر ئەو ڕێگایەی بەرەو مەزارەکە دەچێت بەرچاوم کەوت، ئەگەر لەیادتان مابێ ئەمە هەمان ئەو نووسینەیە کە کاتی خۆی دەربارەی بابەتی نوسین لەسەر دیوار لە ژێر یەکێ لەپردەکان لەشاری هەولێر بینیم.

تۆ بڵێی ئەو هاوڕێی یە کێ بێت ، هیواداریم کە مرازەکەی حاسڵبێ چونکە گەر وابڕوات ئەم برادەرە هەموو دیوارەکانی شار پڕدەکات لەم نووسینە!

بابه‌تی تر بابه‌تی هاوشێوه‌

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!