Find anything you need on Yalla

کۆمەڵێک گەنجی کوردی دوزخورماتوو نوسینگەیەک بۆ دۆزینەوەی بێسەروشوێنان دەکەنەوە

0

كۆمه‌ڵێك گه‌نجى كوردى قه‌زاى خورماتوو نوسينگه‌يه‌ك بۆ كۆكردنه‌وه‌ى ناوى ئه‌وكه‌سانه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌ شارۆچكه‌كه‌يان بێسه‌رو شوێن بوون . ئه‌م گه‌نجانه‌‌ ده‌يانه‌وێت دواى كۆكردنه‌وه‌ى ناوى كه‌سه‌ بێسه‌رو شوێنه‌كان كه‌ زۆرينه‌يان له‌ نه‌ته‌وه‌كانی‌ توركمان و عه‌ره‌بن به‌هاوكارى رێكخراوه‌ ناوخۆي و نێوده‌وڵه‌تيه‌كان دۆسيه‌كانيان ئاراسته‌ى دادگا عێراقى و نێوده‌وڵه‌تيه‌كان بكه‌ن.

ئه‌يوب جومعه كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و گه‌نجانه و دانيشتوى قه‌زاى دوزخورماتوى سه‌ر به‌ پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دينه‌ له‌ ئۆفيسێكدا كه‌ خاوه‌ندارێتیيه‌كه‌ى بۆ فه‌رمانگه‌ى كشتوكاڵى شارۆچكه‌كه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ به‌هاوكارى كۆمه‌ڵێك گه‌نجیتر هه‌فتانه‌ سێ رۆژ كه‌سوكارى ئه‌و خه‌ڵكانه‌ ده‌بينن كه‌ له‌ ماوه‌كانى رابردودا به‌ هۆكاری جیا جیا بێسه‌رشوێن كراون. ئه‌يوب له‌گه‌ڵ هاوڕێكانيدا له‌ رێگه‌ى فۆرمێكه‌وه‌ زانياریى ته‌واو له‌سه‌ر بێسه‌رو شوێنه‌كان وه‌رده‌گرن بۆ ئه‌وه‌ی دواتر بكه‌ونه‌ سۆراغ كردنی.

قه‌زاى دوزخورماتوو كه‌ دانيشتوانه‌كه‌ى تێكه‌ڵه‌يه‌ن له‌ كوردو عه‌ره‌ب و توركمان ده‌كه‌وێته‌ 80 كم له‌ باشورى شارى كه‌ركوكه‌وه‌و  سه‌ر به‌ پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دينه‌ كه‌ زۆرینه‌ی سوننه‌ نشینه‌.‌ به‌ پێى هه‌ندێك ئاماری نا فه‌رمی بڕواپێكراویش نزيكه‌ى پێنج سه‌د كه‌س له‌ ناو شارۆچكه‌كه‌و ده‌وروبه‌رى له‌ ماوه‌كانى رابردودا رفێنراون، له كۆی ئه‌‌م ژماره‌یه‌ش  تاكو ئێستا كه‌سوكاری 190 كه‌س ناوى ڕۆڵه‌و خزمه‌ نزیكه‌كانی خۆیان  له‌م نوسينگه‌ خۆبه‌خشه‌ تۆمار كردوه به‌هیوای ئه‌وه‌ی شتێكیان لێ ڕوون ببێته‌وه‌ ده‌رباره‌ی چاره‌نوسی كه‌سوكاره‌ بێسه‌رو شوێنه‌كانیان‌.

ئه‌يوب كه‌ سه‌رپه‌رشتى ناو تۆمار كردنه‌كه‌ ده‌كات ئه‌وه‌ى بۆ یه‌ڵا رونكرده‌وه‌ كه‌ ده‌يانه‌وێت تا دواكه‌س كه‌ له‌شاره‌كه‌ياندا بێسه‌روشوێن كراون له‌ كاره‌كه‌يان به‌رده‌وام بن و دواى ته‌واو بوونيش راسته‌وخۆ ده‌ست به كردنه‌وه‌ى دۆسيه‌ى ياسایى بكه‌ن‌ له‌ دادگا ناوخۆى و نێوده‌وڵه‌تيه‌كان.

جگه‌ له‌م گه‌نجه‌ خۆبه‌خشانه‌ چه‌ند رێكخراوێكى ناوخۆیيش له‌هه‌وڵدان  بۆ ئه‌وه‌ى په‌يوه‌ندى به‌رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تيه‌كانه‌وه‌ بكه‌ن تا دۆسيه‌ى ئه‌م بێسه‌رو شوێنكراوانه‌يان بۆ بگه‌یه‌ننه‌‌ دادگا نێوده‌وڵه‌تيه‌كان.

محه‌مه‌د فايه‌ق وته‌بێژى قايمقاميه‌تى قه‌زاى دوزخورماتوو ئه‌وه‌ى رونكرده‌وه‌  ئيداره‌ى شارۆچكه‌كه‌ به‌ته‌واوى پشتيوانى له‌ كۆكردنه‌وه‌ى ناوى بێسه‌روشوێنكراوه‌كان ده‌كات له‌لايه‌ن ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ گه‌نجه‌وه‌ ده‌شڵێت “چه‌ند رێكخراوێك هاتونه‌ته‌ لامان و داوايان كردوه‌ هاوكارى ئه‌وگه‌نجانه‌ بكه‌ن له‌و كاره‌ياندا و دواتر ئه‌وان هاوكاريان بن له‌ گه‌ياندنى دۆسيه‌ى بێسه‌روشوێنكراوه‌كان بۆ دادگا عێراقى و نێوده‌وڵه‌تيه‌كان”.

له‌ميعه‌ جه‌مال كه‌ ژنێكى به‌ڕه‌گه‌ز عه‌ره‌به‌و زياتر له‌ ساڵێكه‌ كوره‌كه‌ى له‌ نزيك قه‌زاكه‌ له‌لايه‌ن كۆمه‌ڵێك چه‌كدارى نه‌ناسراوه‌ رفێنراوه‌ باسى له‌وه‌كرد له‌وماوه‌ درێژه‌دا هيچ كه‌سێك نه‌ سۆراغى كوره‌كه‌ى بۆ كردوه‌و نه‌ ئه‌شزانێت چی به‌سه‌ر هاتوه‌ ‌. له‌ميعه‌ كه‌ له‌كۆتايه‌كانى ته‌مه‌نيايه‌تى به‌ يه‌ڵاى راگه‌ياند جگه‌ له‌ هه‌وڵی ئه‌م گه‌نجانه‌ كه‌ سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ی ئێمه‌ش نین هیچ ئومێدێكم به‌ زانینی هیچ هه‌واڵێك نییه‌ له‌سه‌ر كوڕه‌كه‌م و له‌ ئه‌رككێشان و ماندوبونی دراوسێیانه‌و خه‌مخۆرانه‌یان سوپاسگوزارم.

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!