Find anything you need on Yalla

کەی پیاوەکان لە ئەشکەوتی بێدەنگی دێنە دەرەوە؟

0

گوڵ هەنارسه عدی

لە کۆمەڵگای ئێمە و کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکان سۆز و نەرمی و خەم و گریان شت گەلێکن بە ژنەوە پابەندن و تەواو لە پیاوانەوە دوورن، لەهەمان کاتیشدا تووڕەیی و هاوارکردن و سەرکێشی و یاخی بوون نیشانەی نێرایەتی و پیاوەتییە و ژنان تەواو لەم شتانە خۆیان دووردەخەنەوە.
ئەم دابەشکردنە ئەوەندە زیانی بە ژنان گەیاندووە دوو ئەوەندەش زیانی بۆ پیاوان هەبووە، چونکە کاتێک پیاو ئازار و خەمی هەیە بە تووڕەبوون دەری دەبڕێت و کاتێکیش ئاشق دەبێت لەبری دەڕبڕین بێدەنگی هەڵدەبژێرێت و کاتێکێش هەستی دەجوڵێت لەبری نەرمی نواندن ڕەفتاری رەق دەنوێنێت، هەموو ئەمانەش بەهۆی ئەو پاشخانەیە لە دابەشکردنی تیروانینەکان لە کۆمەڵگاوە بۆی بەجێماوە.
هەر لە منداڵییەوە کوڕان وا فێردەکرێن کە نەگرین چونکە ” گریان بۆ پیاو نەهاتووە” بەڵام ئایا وایە؟ ئایا پیاوانیش ناگرین و نایانەوێت هەستی خۆیان دەرببڕن؟ هەر ئەو دەرنەبڕینەیە بۆتە هۆی هەرەسهێانی هاوسەرگیریی و حاڵەتەکانی خیانەت، تۆ ئێستا لەوانەیە بپرسیت ئایا پەیوەندی ئەمانە بەیەکەوە چییە؟
کاتێک کۆمەڵگە پیاوەکان ناچاردەکات کە هەستی خۆشەویستیان دەرنەبڕن بەڵام لەهەمان کات هەستی تووڕەیی و رق بە ئاشکرایی دەڕبڕن، ئەوا لەنێوان هەر کچ وکوڕ و دوو دەستگیران گرفتی هەستی خەفەکراومان هەیە. واتە کورێک کە نەدەزانێت و نەدەتوانێت هەستەکانی بەشێوەیەکی تەندرووست دەربڕێت و کچێکیش کە شەو وڕۆژ چاوەڕێی ئەوەیە کە قسەیەکی نەرمی لە کەسێک گوێ لێ بێت کە خۆشی دەوێت و ئامادەیە لەگەڵی بژیت. لەباشترین حاڵەتیش ئەگەر ئەم دوانە هاوسەرگیریان کرد ئەوا کوڕەکە دەبێتە مێردێکی مۆن وکەم قسە چونکە فێرنەبووە کە جگە لە ئیش و کار و کاسبی باسی هیچ بکات لەگەڵ ئافرەت و لەولاوەش ژنێکمان هەیە کە بەهەرهۆکارێک بێت دەیەوێت لەگەڵ هاوسەرەکەی قسەبکات، چونکە ئەم بێدەنگییەی ئەمی بۆ قەبوڵناکرێت و تێی ناگات. ئەمەش وادەکات کە ژن هەست بە تاوان بکات و لەخۆی دەپرسێت ” دیارە منی خۆشناوێت، دیارە حەزی لە ژنێکی ترە….” هەر بۆیەش بەردەوام باسی ژنی دراوسێ و خزم و کەس و هەزار شتی تری لاوەکی بۆ مێردەکەی دەکات بەڵکو بتوانێت ڕایکێشیتە ناو جیهانی خۆی بەڵام لە ئەنجامدا تەنها سیفەتی زۆر بڵیی بۆ دەمێنیتەوە.
لەگەل تێپەڕبوونی کاتیش ژنان دەبنە کەسانی بێدەنگ و لەمێردەکانیان دووردەکەونەوە و لەبری ئەوە تەنها بایەخ منداڵەکانیان دەدەن . بەڵام ئەگەر پیاوان نەشیان توانی ئەم کێشەیە چارە بکەن دەبێت ژنان لەوە تێبگەن کە زۆر کەم پیاو هەیە هۆشیاری هەبێت و درک بەو کێشەیەی بکات و ئەگەر درکیشی پێکرد بتوانیت خۆی چارەسەر بکات، بۆیە ژنی وریا پێویستە لەبری زۆر بڵیی کەمتر قسەبکات بەڵام کاتی گونجاو هەڵبژێرێت بۆ قسەکردن واتە ئەو کاتەی پیاو ئامادەگی هەیە بۆ بیستن ئەو کاتانە قسەبکات، لەبری پیاوانیش با خانمەکان هەستەکانی خۆیان دەربڕن، بەڵکو پیاوەکانیان و نەوەی داهاتووشمان لە ئەشکەوتی ئەم بێدەنگییە ڕزگاردەکەن!

Loading Facebook Comments ...

وه‌ڵامێك بنووسه

ئیمه‌یڵه‌كه‌ت بڵاو ناكرێته‌وه‌.

Pin It on Pinterest

بڵاوی بكه‌وه له:

بڵاوی بكه‌وه

بڵاوی بكه‌وه له‌گه‌ل هاورێكانت!