لەپێشانگایەك لەهەولێر بەهرەی ژمارەیەك كچ وژنی كورد خرایە ڕوو

محمد عمر موسەیی

گروپی خانمان بە هاوكاری ڕێكخراوی( پاو) لە ڕۆژانی ٨ و ٩و ١٠ پێشانگایەكی تایبەتی بە كاری دەستی و چنین و خواردن و تابلۆ و ئێكسسواراتی جلی كوردی و بە دەستی كچان و ژنانی كورد لە شاری هەولێر كردەوە.

 

خەندە محمد سەرپەشتیاری گروپی خانمان بەم شێوەیە باسی پێشانگەكەی بۆ یەلڵا كرد ووتی : ئامانج لەم پێشانگایە دەرخستنی بەهرەی ژنە بەشداربووەكان وبەرزنرخاندنی كارەكانیان ودانانی نرخێكی گونجاوە بۆی،  چونكە كاری دەستی لەهەموو وڵاتان نرخی تایبەتی هەیە ودەبێ‌ ڕەچاوی ماندوو بوون وسەلیقەی دروستكەرەكەی لە بارچاو بگیرێت و هەروەها ئەوەش لە بەر چاو بگیرێت كە ئەو كاڵایانە دەگمەن وكەمن ولەهەموو شوێنیك بەرچاو ناكەوێت.

 

سەرپەرشتیاری گروپی خانمان زیاتر بۆ یەلڵا ڕوونی كردەوە كە پڕۆژەكە بەبەشداری كۆمەڵێك ئافرەتی بەهرەمەند لە كچان و ژنان لە سنوری هەولێر و دەوروبەری ولەهەموو ئاست و تەمەنێك كراوەتەوە،  وتێیدا بەشداربووەكان بەهرەكانیان نمایش كرد،  بەرهەمەكانیش ئەم بابەتانەی دەگرتەوە،  چنین ، كاری دەستی ، ئێكسسوارات ، بەكارهێنانەوه ، خواردن ، و تابلۆ.

 

چرۆ خالید یەكێك لە بەشداربووە كان  بۆ یەلڵا وتی:  ئێمە دەمانەوێت لە رێگای ئەم پێشانگایە بیرۆكەیەك  بۆ ژنان و كچانی كورد بخەینە ڕوو  بۆ ئەوەی ئەوانیش هاوشێوەی ئێمە بتوانن لە داهاتوودا سوود لە م كارانە ببینن و پەرەی پێ بدەن وبتوانن بژێوی ژیانیان دابین بكەن.

خۆت وێنەگرێكی باش بیت، پەیوەندی بە شوێنەوە نیە!

هانا عبدالقادر

وێنەگرێکی ئەمریکی،  بە پێچەوانەی زۆر خەڵکی دیکە، ئەو شوێنانە هەڵدەبژێرێت بۆ وێنەگرتن کە خەڵکی دیکە بە ناشیاو و ناشرینی دا دەنێن ، تاوەکو بیسەلمێنێت کە هونەری وێنەگرتن پەیوەندی بە شوێنەوە نییە.

 

کێلسی ماگارتی ٢٢ ساڵان خەڵکی شارۆچکەیەکی بچووکی ئەمەریکایە کە هیچ شتێکی ئەوتۆی تێدا نییە، بەڵام بە کامیرایەک  Nikon D750))ییەوە وێنەی زۆر نایاب دەگرێت بۆ سەلماندنی تواناکانی خۆی، نەوەک گرنگی شوێنەکە، ئەو دەڵێت کە کامێرایەکی باش و مێشکێکی داهێنەرانە و هەر جێگایەکت هەبێت، دەتوانیت ببیت بە وێنەگرێکی باش.

 

ئینستاگرامەکەی:

https://www.instagram.com/kelseymaggart/

گەنجێكی وێنە كێشی كوردستان كارەكانی سەرنجی خەڵكێكی زۆر ڕادەكیشێت

ئاشتى تەيموور

لە کوردستان زۆرن ئەو گەنجانەی کە چەندین بەهرە و توانای جۆراو جۆریان هەیە و هەریەکە و بە شێوازێکی تایبەتی جیهان سەرسام دەکەن، بەڵام لەوانەیە زۆرێک لەوان هەلی ئەوەیان بۆ نەڕەخسێت کە تواناکانی خۆیان دەربخەن،ئێمە وەک یەڵڵا دەمانەوێت لەرێگەی پەیج و وێبسایتەکەمانەوە بەهرە و توانای گەنجانمان بۆ جیهان بخەینەڕوو، چونکە ئامانجی سەرەکی لە دروست بوونی یەلڵا هەر ئەمەیە.

محەمەد وەلید عەلی یەکێکە لە گەنجەسەرکەوتووەکانی کوردستان، ووێنەکێشێکی بەهرەمەندە، محەمەد لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٣یە و بەکالۆریۆسی لە بەشی ژمێریاری زانکۆی بلاد الرافدین بەدەست هێناوە، بەڵام ئەو لە منداڵییەوە بەهرەیەکی تایبەت بە وێنەکێشان لە ناخیدا هەبووە و لە تەمەنێکی زووەوە دەستی کردووە بە کێشانی وێنە و سەرکەوتنی تەواوی تێدا بەدەست هێناوە.

محەمەد دەڵێت” لە تەمەنی ١٩ ساڵییەوە دەستم کردووە بەکێشانی تابلۆی جۆرا و جۆر و ئەو حەز و ئارەزووەش کە لە ناخمدایە پاڵپشتی سەرەکیم بووە بۆ سەرکەوتن، وای لێکردووم کە لە دونیای هونەر بەردەوام بم و نەهێڵم هیچ شتێک ببێتە ڕێگر لەبەردەم کارەکانمدا”.

 

محەمەد خاوەن دوو پێشانگای تایبەتە، و بەشداری لە زیاتر لە ٢٠ پێشانگای هاوبەش کردووە لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق و بە تابلۆ و کارە هونەرییەکانی سەرنجی ژمارەیەکی زۆر خەڵكی بۆلای خۆی راکێشاوە.

 

محەمەد پەیامی بۆ گەنجان ئەوەیە هەر بەهرە و توانایەکیان هەیە نەیشارنەوە و کار بکەن لەسەر هینانەدی خەونەکانیان، چونکە ئەو دەنگەی لە ناخیاندا پێیان دەڵێت کەسەرکەوتوو دەبن، پاڵپشتێکی بەهێز دەبێت بۆیان و بە دڵنیاییەوە سەرکەوتوو دەبن بەڵام مەرجی سەرەکی بۆ سەرکەوتنی هەرکەسێک کۆڵنەدان و بەردەوام بوونە، چونکە گرنگ نییە چەند جار بکەویت گرنگ ئەوەیە پاش هەر کەوتنێک دووبارە هەستیتەوە، هەر ئەمەش وات لێدەکات سەرکەوتنی تەواو بەدەست بێنیت.

١٠ سەیرترین یاسا لە یابان

پۆڵا رەئوف

یابان ئەو وڵاتەیە کە دوای ئەوی هێرشی ئەتۆمی کرایە سەر لەلایەن ئەمەریکاوە ، توانی هەستێتەوە و ببێتە یەکێ لە وڵاتە سەرکەتووەکانی جیهان، لەم وڵاتەدا هەندێ یاسای زۆر سەیر پەیڕەودەکرێ، ئەمانە هەندێکیانن:

– سەما لە یانەکانی شەوان قەدەغەیە:

لە ساڵی ( ١٩٤٨) وە قەدەغەیە کە سەما لە یانەیەک بکرێ کە مۆڵەتی سەمای وەرنەگرتبێ یاخود ئەگەر یانەکە فراوانییەکەی لە ٧٠٠ پێ چوارگۆشە کەمتربێ،  بەڵام دوای نیوەشەو بەهەموو شێوەیەک سەما لەم یانانە قەدەغەیە، لە ٢٠١٥ ئەم یاسایە هەڵوەشێنراوە.

– لێنانی ماسی پفدراو مۆڵەتی دەوێ:

ئەگەر بتەوێ ببیتە شێف وئەم جۆرە ماسییە لێ بنێی دەبێ مۆڵەتێک بەدەست بهێنی کە دوو ساڵ دەخایەنێ،  چونکە ماسی پفدراو ژەهراویە و ژەهرەکەی بەشی کوشتنی ٣٠ کەس دەکات،  بۆیە دەبێ بۆ ماوەی دوو ساڵ ڕاهێنان بکەیت وکۆرس بخوێنیت ودواترچەندین تاقیکردنەوەی کردەیی و زارەکیت بۆ دەکرێ و مەرجییش نییە تیایدا دەربچیت، ئەم ماسییە ژەهراویترین ماسییە لەجیهاندا هەربۆیەش لە ئیمپراتۆری یابان قەدەغەکراوە.

– قەڵەوی قەدەغەیە:

 

یاسا هەیە بۆ پانی کەمەر ونابێ لێی لابدەیت، پیاوی سەروو ٤٠ ساڵی نابێ کەمەریان لە   ٣٣،٥ ئینج پانتربێ و بۆ ژنانیش لەهەمان تەمەن نابێ لە ٤،٣٥ زیاتربێ، ئەگەر نەوسی خۆشت پێ نەگیرا و ورگت زل کرد ئەوا یاسا رجیمت بۆ دادەنێ، چونکە ئەوان پێیان وایە کە لاوازی و کێشی کەم واتە نەخۆشی کەمتر و دەرمانی کەمتر،  بەمەش حکومەت کەمتر پارە خەرج دەکات.

– قەدەغەیە خواردنەوەی کهولی لەماڵەوە ئامادەبکرێ:

لەیابان کهول دەکڕدرێ و لەماڵەوە درووست ناکرێ،  بۆیە ئەگەر هەر شتێک لەماڵەوە بترشێنی و ببێتە کهول سزا دەدرێیت.

– دڕاندنی پارەش سزای هەیە:

ئەگەر پارە بدڕێنیت جا قیمەتی ئەو پارەیە هەرچەندێک بێ ئەوا یان دەبێ یەک ساڵی ڕەبەق لە زیندان بیت یاخود ٢٠٠٠ دۆلار غەرامە دەکرێیت.

– تەنەکەی خۆڵ لەشوێنە گشتییەکان قەدەغەیە:

لەوانەیە باوەڕ بەمە نەکەیەت بەڵام لە ساڵی ١٩٩٥ تەنەکەی خۆڵ لە هێرشێکی تیرۆریستی بەکارهێنرا بۆیە ژمارەی تەنەکەی خۆڵ لە شوێنە گشتییەکان زۆر زۆر کەمە و خەڵک دەبێ تا بۆیان دەکرێ لەدەرەوە کارێکی وانەکەن شت فڕێ بدەن، واتە ئەگەر شەربەتێکت خوارد دەبێ قوتووەکە ببەیتەوە ماڵەوە.

– پاسیکل سزای هاتووچۆی بۆ تۆماردەکرێت:

قسەکردن بە مۆبایل و لێخوڕین بەسەرخۆشی و بەکارهێنانی هێدفۆن و هەموو ئەو شتانەی لەکاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل قەدەغەیە بۆ پاسکیلیش قەدەغەیە، سزاکەشی ٥ ساڵ زیندانی یان غەرامەی ٩ هەزار دۆلار دەبێ.

– دەرمان مۆڵەتی دەوێ:

هیچ دەرمانێک نابێ بێ مۆڵەتی پزیشک بەکاربهێنرێ تەنانەت دەرمانی هەستیاری و ڕەبوش، بۆیە دەبێ مۆڵەتی هەڵگرتنی دەرمان بەکاربهێنی.

– ناوی منداڵ:

ئەمە یەکێکە لەشتە سەیرەکان بەڵام خەڵکی یابان ناتوانن هەر ناوێکیان حەزلێبوو لە منداڵەکانیانی بنێن، بەڵکو دەبێت ناوەکە شایستە بێ، چونکە لەساڵی ١٩٩٣ دایک و باوکێ بڕیاریاندا کە ناوی ” ئەکوما” واتە شەیتان لە منداڵەکەیان بنێن، جا لەو کاتەوە ناویش چاودەێری دەکرێ.

– لە ١٣ ساڵییەوە باڵق دەبن:

لە زۆرینەی وڵاتانی دونیا یاسا لە ١٨ ساڵییەوە هەندێک مافت پێ دەبەخشێ وەکو سێکس کردن،  واتە ئەگەر کەسێکی ٢٠ ساڵی لەگەڵ ١٥ ساڵییەک سێکس بکات دەبێ سزا بدرێ و یاسا بەدەست درێژی دادەنێ،  بەڵام لە یابان لە ١٣ ساڵییەوە ئەم مافەیان هەیە!

تۆ کامە یاسات  بەلاوە زۆر سەیربوو؟

هاوڕێکەت کەسێکی باشە یان نا؟

نینار سەروەر

زۆر جار ئەو پرسیارە لە خۆت دەکەیت” تۆ بڵێی هاوڕێکەم کەسێکی باش بێ وەک ئەوەی من بۆی دەچم” ؟ چونکە ئێمە نازانین کە ڕۆژگار چی بۆ هەڵگرتووین و چیمان بەسەر دێ،  بۆیە زۆر جار گومانمان لادرووست دەبێت تا ئەوکاتەی ڕووداوێک دێتە پێش و شتەکانمان بۆ یەکلایی دەکاتەوە، بەڵام بەداخەوە زۆر جارتووشی شۆک دەبین،  چونکە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە هاوڕێکەمان کەسێکی خۆپەرستە و بەکەڵکی هیچ نايەت.

جا بۆ ئەوەی هەر لەسەرەتاوە بزانیت کە هاوڕێکەت کەسێکی خۆپەرستە یان نا،  چەند نیشانەیەکی هاوڕێی خۆپەرستت بۆ دەخەینە بەردەست:

– ڕاستگۆ نییە

کەسی خۆپەرست ئاگای لە وردەکارییەکانی ژیانت نییە و زۆر کەم خۆی دەست پێشخەر دەبێ و لێت دەپرسێت،  هەردەم بەهانەشی پێیە بۆ هەموو شتێک، بەردەوام وەڵامی درۆزنانەی حازرە کاتێک کە لێی دەپرسیت ئەوە بۆ لێم ناپرسیت؟

– هیچ منەتی پێت نییە

لەوانەیە بەزمان قسەیەکی ترت بۆ بکات و بڵێ سوپاس،  دڵنیابە منەتی بەتۆ نییە و هەرگیز لەدڵەوە سوپاست ناکات، چونکە ئەو پێی وایە کە دەبێ ڕازی بکرێت،  بەڵام ئامادەش نییە لەسەر حسابی خۆی هیچ شتێک بۆ تۆ بکات.

– متمانەی بەخۆی کەمە

تۆ تا ئێستا واتێگەیشتوویت کە ئەو زۆر متمانەی بەخۆی هەیە هەر بۆیە واخۆپەرستە، بەڵام دڵنیات دەکەمەوە کە پێچەوانەکەی ڕاستە، هاوڕێ خۆپەرستەکەت متمانەی بەخودی خۆی زۆر کەمە،  ئەم خۆپەرستی و خۆدەرخستنەشى تەنها بۆ ئەوەیە کە ئەم هەست بەكەمییە بشارێتەوە.

– پێی وایە کە ئەو حەلی نییە

ئەگەر هاوڕێکەت پێی وایە کە ئەو کەسێکی تایبەتە و جیاوازە لەهەموو ئەوانەی دەرووبەری و، دەبێت هەموو ئەو قسە و باسانەی نێوانتان هەر سەبارەت بەو شتانە بێ کە تایبەتە بە جەنابی، ئەوا هاوڕێکەت کەسێکی خۆپەرستە.

– زۆر هەستیارە

سەرباری هەموو ئەو شتانەش دڵی زۆر ناسکە، زۆر بە ئاسانی لەهەموو کەسێک تووڕە دەبێت وهەر لەخۆیەوە زوویر دەبێ.

– هەستی بەرپرسیاریەتی نییە یان زۆر کەمە

ئەم برادەرەت کە حەز ناکات پابەندبێ بەبەڵێن وپەیمان، حەزیش ناکات کە جدی بێت لە هیچ بابەتێک، ئەوا کەسێکی عەفەوی و خۆش مەحشەر نییە، بەڵکو خۆپەرستە هەر بۆیە خۆی لەهەموو شتێک دەربازدەکات وخۆی دەپەرێنێتەوە.

– کراوە نییە

لەوانەیە وادەرکەوێ کە کەسێکی کراوەیە، بەڵام دڵنیابە ئەگەر ڕەخنەی لێبگریت ئەوا دەرگا بەڕووت دادەخات، ئەمەش واتە کەسێکی داخراوە بەڕووی هەمووان، بێگومان چونکە پێی وایە قسەی هەق تەنها لای ئەوە و خەڵک هەموو هەڵەن.

ئەگەر ئەم خاڵانەی باسم کرد لەهاوڕێکەت هەیە، یان وازی لێبێنە یانیش چاوەڕێی هیچی لێ مەکە،  خۆ دەشکرێت یارمەتی بدەیت کە خۆی بگۆڕێ، بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە بزانیت کە ئەو کەسێکی خۆپەرستە!

هەموو کەسێك ناتوانێ ئەنجامیان بدا، بزانین تۆ دەتوانیت؟

پۆڵا رەئوف

هەندێ شت هەن هەموو کەسێک ناتوانێت بیانکات، بزانین تۆ لەو کەسە کەمانەی کەدەتوانیت ئەم شتانە بکەیت؟

– دەتوانیت زمانت بگەیەنیتە لوتت؟

دەی هەر ئێستا هەوڵبدە، جارێکی تریش…. بێگومان ناتوانیت، بەڵام ئەگەر دەتوانیت ئەمە بکەیت لەکۆمێنت وێنەکەت دابنێ یان پێمان بڵێ کە تۆ دەتوانیت ئەمە بکەیت.

– دەتوانیت خۆت ختوکە بدەیت؟

هەرئێستا خۆت ختوکە بدە بزانە هەست بەهیچ دەکەیت؟ هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە مێشکت پێش وەختە دەزانێ کە تۆ خەریکی ئەمەیت بۆیە پەرچەکرداری بەرامبەر بەمە دەبێ و خۆی ئامادە دەکات هەر بۆیەش هەستی پێ ناکەیت.

– دەتوانیت گوێت بجولێنیتەوە؟

ئەمە یەکێکە لەو شتانەی کە پێویستی بە ڕاهێنانێکی زۆر و تەرکیزێکی باشە، بۆیە سەختە هەموو کەسێ ئەمەی بۆ بکرێ، ئەگەر تۆ دەتوانیت گوێت بجولێنێت پێمان بڵی!

– جوڵاندنی پەنچەی توتە

ئەگەرپەنجەی ناوەراستت وەکو وێنەکە بنوشتێنیتەوە ئەوا دەتوانیت هەموو پەنجەکانت بجوڵێنیت تەنها ئەو پەنجەیە نەبێ کە مستیلەی تێدا دەکرێ واتە پەنجەی توتە، بەڵام هەندێ کەس هەن دەتوانن ئەمەش بکەن، ئەی تۆ دەتوانی؟

– دەتوانیت مشتت بەتەواوی بخەیتە ناو دەمت؟

بێگومان ناتوانیت، چونکە دەمت بچووکترە لە مشتت، بەڵام هەندێ کەس هەن دەتوانن!

– دەتوانیت ئانیشکت بلێسیتەوە؟

بەمنداڵی دایکم دەیگوت ئەوەی ئانیشکی بلێسیتەوە بەیانی کە خەبەری بوویەوە ڕەگەزی دەگۆرێ، بەڵام هەرگیز کەسمان نەمانتوانی ئەمە بکەین، هەر زمانیشمان نەدەگەیشتە ئانیشكمان،  ئەی تۆ ؟

 ئەم زانیارييانەت بەس لێرە دەستدەكەوێ!

داستان محمد

لە جیهاندا زۆر شت هەن كە بەهەر هۆیەک بێت ئێمە  تا ئێستا نەمانبیستووە، لەوانەشە شتگەلێکی ئاسایی ڕۆژانەن لە دەوروبەرماندا، بەڵام بەهۆی جەنجاڵی ژیانمانەوە هەرگیز وچانێکمان نەداوە بۆ ئەوەی بییریان لێ بکەینەوە، لەم بابەتەدا ئێمە پێتان دەڵێین بۆ هەمیشە فڕۆکەکان ڕەنگیان سپییە و سوور نیە؟ یاخود بۆچی ئەگەر ئێمە سییەکانی ورچی جەمسەری بخۆین ئەوە ئەگەری مردنمان هەیە ؟

فەرموو، وکۆمەڵێک زانیاری کە دڵنیاین لەگەڵ خوێندنەوەیدا وەک ئەمەت لێدێت !

– سعودیە حوشتر لە ئوسترالیاوە هاوردە دەکات، ڕاستە ئەوان خاوەنی حوشتری عەرەبین، بەڵام تەنها بۆ مەبەستی خۆشی بۆ گەشتیاران و گواستنەوە بەکاری دەهێنن، بە مەبەستی خواردنیش ئەوە خەڵکی سعودیە حوشتری ئوسترالی بە باشتر دەزانن !

– تا ساڵی 1800، نزیکەی(٪43 )ی دانیشتوانی جیهان لە 5 ساڵ زیاتر نە دەژیان.

– زاناکان دەریان خستووە نەهەنگ و کەرکەدەنی ئاویی خاوەن باوانێکی هاوبەش بوون نزیکەی 50 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر، هەر بۆیە دەکرێت بوترێت نەهەنگ و کەرکەدەن ناسیاوی دووری یەکترن

– بڕاندی بە ناوبانگی شۆکۆلاتەی (Ritter Sport) لە شێوەی چوارگۆشە بەرهەم دەهات، دوای ئەوەی لە ساڵی 1930 مۆدێلی جاکەتی گیرفان چوارگۆشە زۆر بەناوبانگ بوو بوو.

– ئەگەر کەسێک سی ورچی جەمسەری بخوات ، ئەگەرێکی زۆرە کە بمرێت، سی ورچی جەمسەری بڕێکی یەکجار زۆر لە ڤیتامین تێدایە ، ئەم بڕە زۆرەش دەبێتە هۆی ژەهراویبوونێکی زۆر.

– چەندین لێکۆڵینەوە دەری خستووە منداڵ بە ئاگاو و یستی خۆی پێدەکەنێ کاتێک دەبینێت دایک و باوکی ئامادەییان هەیە بە دەمییەوە پێبکەنن، منداڵان پێیان خۆشە پێکەنینی دایک و باوکیان ببینین و لە ڕاستیشدا ئەو پێکەنینەی دایک و باوکیان بەهۆی پێکەنینەکەی خۆیانەوە بە دەست دەهێنن.

– سروودی نیشتیمانی یۆنان لە شیعرێکی 158 چوارینە پێکدێت،  بەڵام تەنها دوو چوارینەی یەکەمی  لەگەڵ سروودەکەدا دەوترێت.

– سەرەڕای لێکچوونە زۆرەکەیان، کەروێشک و کەروێشکی کێوی ناتوانن وەچەیەکی لێکدراویان هەبێت، لەبەر ئەوەی کەروێشک خاوەنی 22 کرۆمۆسۆمە و کەروێشکی کێویش خاوەنی 24 دانەیە .

– فڕۆکەکان بە ڕەنگی سپی بۆیاخ دەکرێن، چونکە بەو شێوەیە لێچوونی ڕۆن و درزەکان باشتر و ڕوونتر دەردەکەون،  هۆکارێکی دیکە ش ئەوەیە ڕەنگی سپی فڕۆکەکە لە گەرمبوون دەپارێزێت ، هەموو ڕەنگەکانی دیکە ڕووناکی تیشکی خۆر هەڵدەمژن و وادەکەن فڕۆکەکە گەرم ببێت.

– لول پێچ (حەلەزۆن) ی ئاسایی خێراتر دەجوڵێت لە ئەلیکترۆن لەناو وایەری مسدا.

– لە دەرگای چوونە ژوورەوەی زۆربەی هۆتێل و باڵاخانە گەورەکاندا دەرگای خولاوە دادەندرێت ، ئەمەش بە هۆی ئەوەی جۆرەکانی دیکەی دەرگا ڕێگا بە چوونە ژوورەوەی بڕێکی زۆر لە هەوای دەرەوە دەدەن کە دەبێتە هۆی گۆڕانی پلەی گەرمی ناوباڵاخانەکە ،  بەڵێ‌م دەرگای خوولاوە ڕێگا لە هەموو گۆڕانێکی کتوپڕی پلەی گەرمی دەگرێت.

– هەڵبژاردەی بەڕازیل تاکە هەڵبژاردەیە بەشداری هەموو مۆندیالەکانی کردووە ، و تا ئێستا سەرکەوتوترین هەڵبژاردەش بووە بە بردنەوەی مۆندیال بۆ پێنج جار.

– لە ساڵی 1830 کەچەپ وەکو دەرمان بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی سکچوون و هەوکردنی پێست و ڕۆماتیزم دەفرۆشرا، لایسۆپین کە لە ناو تەماتەدا بوونی هەیە سوودێکی زۆری بۆ جەستە هەیە، بەڵام  ئەم ماددەیە دەرمانی هەموو دەردێکیش نییە ! لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا  دەتوانی بە شێوەی حەب لە گشت دەرمانخانەکاندا دەستت بکەوێت.

لە ئیتاڵیا خانویەك بە یەک یۆرۆ بكڕە!!

هانا عبدالقادر

لە شارۆچکەیەکی ئیتاڵیا، ئێستا بە یەک یۆرۆ دەتوانیت ببیت بە خاوەنی خانوویەک.

شارەوانی شارۆچکەی ئۆلۆلای لە دورگەی ساردینیای سەر دەریای ناوەراست، بانگەوازی كردوە بۆ فرۆشتنی خانووە چۆڵبووەکانی تەنها بە یەک یۆرۆ ، کە دەکاتە ١.٢ دۆلار، ئەم شارۆچکەیە لە ناوچەیەکی شاخاوی و دارستانییە و مێژوویەکی کۆنی هەیە.

بەڵام، ئەم هەڕاجە دیوێکی دیکەی هەیە، ئەویش ئەوەیە لەدوای کڕینی یەکێک لەو ٢٠٠ خانووە لە بەرد دروستکراوانە، دەبێت لە ماوەی سێ ساڵدا نۆژەنکردنەوەی تێدا ئەنجام بدەیت، کە نزیکەی ٢٥ هەزار دۆلاری تێدەچێت.

 

بیرۆکەی ئەم دەست پێشخەرییە بەهۆی ئەوەوەیە کە شارۆچکەکە خەریکە چۆل دەبێت لە خەڵک ودانیشتوانەکەی، لە ماوەی پەنجا ساڵی ڕابردوو، ولە ٢٢٥٠ کەسەوە بۆ ١٣٠٠ کەس دابەزیوە و ژمارەی لەدایکبوونی منداڵان زۆر کەمە، ئەمە جگە لەوەی زۆرینەی گەنجەکانیان کۆچ دەکەن بەرەو شارە گەورەکانی ئیتاڵیا.

 

ڕۆژگارێک ئەم شارۆچکەیە جمەی دەهات و ژیانێکی چالاکی تێدا بوو، بەڵام ئێستا زۆرینەی خانووەکان چەندین ساڵە بە چۆڵی ماونەتەوە، وئەو خەڵکەی تێیدا ماونەتەوە زۆربەیان لەسەر دابونەریتی کۆن دەژین، وەکو کشتوکاڵ و مەڕوماڵات و چنین و باسکە دروستکردن، ئەم شارۆچکەیە دیمەنی سەدەکانی پێشووی ماوەتەوە و هێمنی و بێدەنگی باڵی بەسەردا کێشاوە.

(ئێفیسیۆ ئارباو) سەرۆکی ئەم شارەوانيیە توانی ڕەزامەندی خاوەنی خانووە چۆڵبووەکان وەربگرێت و لە بازاڕدا بەو نرخە هەرزانە بیفرۆشێت، تاوەکو ئێستا سێ خانوو فرۆشراون و بە گوتەی ئارباو زیاتر لە سەد داواکاری جیهانی کڕینی خانووەکانی پێگەیشتووە، سەرۆکی شارەوانیەکە هیوادەخوازێت ئەم هەنگاوەی ببێتە هۆی بوژاندنەوەی ئابووری شارۆچکەکە و کار بڕەخسێنێت و شارۆچکەکە لە مردن رزگار بکات.

سەرچاوە: CNN

خەوت لێ ‌ناكەوێت؟ بزانە بۆ!

هانا عبدالقادر

لە ناو جێی  و خەوت لێ ناکەوێت؟ ڕەنگە هی ئەوە بێت پێش چوونە ناو جێگا شتێکت خواردبێت، هەندێک خواردن و خواردنەوە رێگر دەبن لەوەی خەوێکی نەرم و خۆشت هەبێت لەوانە:

کهول

ڕەنگە کهول گێژت بکات و زووتر بتخەوێنێت،  بەڵام خەوتنەکەت ئاسایی نابێت و چەندین جار خەبەرت دەبێتەوە،  ئەمە جگە لەوەی بەیانی کاتێک لەخەو هەڵدەستی  هەست بە هیلاکی دەکەیت.

پەنیر

سەرباری لایەنە باشەکانی، بەڵام پەنیر ماددەی تایرەمینی تێدایە، کە لەگەڵ پیربوون زیاتر کەڵەکە دەبێت، تایرەمین مێشکت لەسەر بە ئاگابوون ڕادەهێنێت ، بۆیە ناهێڵێت بە ئاسانی خەوێکی قوڵ بكەیت.

شوکولاتە

ئەگەرچی ڕەنگە پارچە شوکوڵاتەیەک پێش خەوتن خۆش بێت،  بەڵام لەبەر ئەوەی بڕێکی زۆری کافایین و سێبرۆماینی تێدایە،  لێدانی دڵت خێرا دەکات و ڕەنگە زیاتر بە ئاگا و بە هۆش بیت.

میوەی وشککراوە

لەوانەیە میوەی وشککراوە بە خواردنێکی سووک دابنێیت بۆ شەو،  بەڵام لەبەر ئەوەی فایبەرێکی زۆر و ڕێژەی شەکرەی چڕکراوەی زۆرە،  یارمەتیت نادات لەوەی خەوێکی ئارامت هەبێت.

فینگەر چیپس

بەرزی ڕێژەی چەوری لە فینگەر چیپس و خواردنی دیکەی بەستراو وا دەکات هەزمکردنی لە لایەن گەدەوە ئاسان نەبێت و بەوەش خەوەکەت ئاسایی نابێت.

ئایس کرێم

پێش خەوتن خۆت بە دوور بگرە لە خواردنی دوو شت: شەکر و چەوری،  شەکر لەبەر ئەوەی ڕێژەی وزە بەرز دەکاتەوە و چەوریش لەبەر ئەوەی هەزمکردنی ئاسان نییە، ئایس کرێمیش ئەو دوو شتەی تێدایە ،بۆیە مەیخۆ پێش خەوتن.

گۆشتی سوور

گۆشتی سووریش بە ئاسانی هەزم ناکرێت لە لایەن گەدەوە، بەڵکو کاتێکی زۆری پێدەچێت لە ناو گەدە ،وزەیەكی زۆری دەوێت، هەر شتێک کە پرۆتینی زۆر بێت، بە ئاسانی هەزم ناکرێت.

تەماتە

هاوشێوەی پەنیر، تەماتەش رێژەیەكی زۆری تایرەمینی تێدایە.

شوتی

 

شوتی پڕیەتی لە ئاو، هەر کاتێکیش رێژەیەکی زۆرلە ئاوت خواردەوە، ئەوە پێویستت بە چوونە سەر ئاو زۆر دەبێت، کە ڕەنگە ئەوەش خەوەکەت لێ تێک بدات و بەیانی هەست بە تێر خەوی نەکەیت.

خواردنی تیژ

بە هەموو شێوەیەک خۆت لە شتی تیژ پێش خەوتن بەدوور بگرە ، یەکەم، لەبەر ئەوەی رێژەی لێدانی دڵت بەرز دەکاتەوە، کە ناتەوێت ڕووبدات ئەگەر بتەوێت لەشت ئارام بکەیتەوە،  دووەم، گەدەت ناچار دەکات کە ڕێژەیەکی زیاتری ترشى دەربدات کە یارمەتی خەوێکی ئارامت نادات.

تەڵاق چارەسەرە یان کێشە؟

کنێر عه‌بدوڵڵا

ته‌ڵاق ئه‌گه‌رچی له زۆر کاتدا چاره‌سه‌ره، به‌تایبه‌ت  کاتێک هیچ ده‌رفه‌تێکی پێکه‌وه‌ژیان بۆ دوو هاوسه‌ره‌که‌ نامینێته‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا کێشه‌و زیانی زۆری هه‌یه له‌ڕووی ده‌روونی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌، به‌تایبه‌تی گه‌ر له‌ ووڵاتیکدا ژیان بگوزه‌رێنیت که‌ سسته‌م لاواز بێت و که‌لتوری پیاوسالاری هه‌بێت و لانه‌یه‌ک نه‌بێت بۆ پاراستن و ژیانکردنی مرۆڤه‌کان به‌ئاسوده‌یی بۆ نموونه‌، له‌رووی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆی لێکترازان و  په‌رته‌وازه‌بوون و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خێزان، تێکچوونی باری ده‌روونی منداڵ وخوڵقاندنی کێشه‌ی جۆربه‌جۆر بۆیان، تێروانینی خراپ له‌ لایه‌ن کۆمه‌ڵگه‌وه‌ به‌وه‌ی به‌شێوه‌ی تاوانبار سه‌یری ته‌ڵاقدراو ده‌که‌ن، وه‌کو لاده‌ر ته‌ماشای ده‌که‌ن، بۆیه‌ هه‌میشه‌ له‌ژێر چاودێری و لێپرسینه‌وه‌دا ده‌بێت چ له‌ لایه‌ن که‌سوکاری و چ له‌ لایه‌ن کۆمه‌ڵگه‌وه‌، هه‌ڵگرتنی به‌رپرسیارێتی زیاتر به‌ تایبه‌ت، له‌کاتێکدا گه‌ر منداڵ له‌ئارادا بوو، که‌میی ده‌رفه‌ت له‌به‌رده‌م ژناندا بۆ سه‌رله‌نوێ پێکهێنانی ژیانی هاوسه‌رگیری، رێگریکردن و سنوردارکردنی هه‌ڵسوکه‌وت و مه‌وادی کارکردنی له‌ لایه‌ن که‌سوکاره‌وه‌و عه‌یبه‌ و به‌که‌م سه‌یرکردنی ژنان له‌ لایه‌ن زۆرێک له‌ تاكەكانی کۆمه‌ڵگە.

وه‌ له‌ ڕووی ده‌رونییه‌وه‌، ده‌بێته‌ هۆی زیادکردنی فشاره‌ ده‌روونییه‌کان له‌سه‌ر که‌سی ته‌ڵاقدراو که‌ وای لێ ده‌کات هه‌ست به‌ په‌شیمانی و شکست بکات، بۆیه‌  هه‌ست به‌ بێ ڕێزی ده‌کات ، به‌وه‌ش متمانه‌ی به‌خۆی لاواز ده‌بێت و تووشی  نه‌خۆشیی و گرێ‌ ده‌رونییه‌کان ده‌بێت، جگه‌ له‌ نه‌خۆشیی له‌ ڕووی جه‌سته‌وه‌.

بۆ ئه‌وه‌ی ته‌ڵاق وه‌ک چاره‌سه‌ر بێت، به‌مه‌به‌ستی قوڵنه‌بونه‌وه‌ی زیاتری کێشه‌کان تا ئه‌ندازه‌ی کوشتن و توندوتیژی پێویسته‌ کار له‌سه‌ر هۆشیاری تاک بکرێت به‌ ئامانجی قبوڵکردن و ئاسایی وه‌رگرتنی پرۆسه‌که‌؛ به‌شێوه‌یه‌ک گه‌ر منداڵیش له‌ئارادا بوو ئه‌و دوو که‌سه‌ وه‌ک دوژمن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ یه‌کدا نه‌که‌ن،  له‌پێناو منداڵه‌کانیاندا، هه‌روه‌ها  ئه‌رکی ده‌سه‌ڵاتی حوکمڕانییه‌ کار له‌سه‌ر جێگیربوونی سسته‌مێک بکات که‌ مافی مرۆڤه‌کان پارێزراو بێت به‌تایبه‌ت بۆ ژنان لانه‌یه‌ک هه‌بێت و ژیانیان مسۆگه‌ر.